ئە‌دە‌ب مە‌لۆتكە‌ی خە‌یاڵە‌!

حەیدەر عەبدوڵڵا

هێشتا زۆر منداڵبووین، شەوانە لە دەوری نەنكم جەم دەبووین، حیكایەتی خەیاڵی پاڵەوانی نێو ئەفسانەكانی بۆ دەگێڕاینەوە. وەها گوێمان قوڵاغ دەكرد، وەك ئەوەی بزوێنەر و پێكهێنەری ڕووداوەكان بین. نەنكم بە زمانێكی شیرین و گفتێكی ڕەوان بە زنجیرە قەوماوەكانی دەخستنە ڕوو. لەنێو گێڕانەوەكانیدا، وەسفی بەكار دەهێنا و پشووی بە هۆش و گوێچكەمان دەدا. ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە، پاش خوێندنەوەی دەیان ڕۆمانی خۆماڵی، وەختێك شێوازی گێڕانەوەی حیكایەتەكانی نەنكم و دەقی هه ندێك لە ڕۆماننووسەكانی سەردەم پێك دەگرم، هەست بە كەموكووڕییەكی زۆر دەكەم. لێرەدا، دەمەوێ بەكورتی لە چوار خاڵدا بیانخەمە ڕوو:
یەكەم: شێوازی گێڕانەوەی بڕێك لە ڕۆماننووسە نوێیەكان ڕوون نییە،
نەك لەبەر بەكارهێنانی تەكنیكی نوێ، بەڵكە لەبەر لاساییكردنەوەی ئەم و ئەو بە نەزانی. خوێنەری وریا دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەك، هەست دەكات لەژێر كاریگەری گێڕانەوە و داڕشتنی چەند نووسەرێك نووسراوە. ئەگەر ڕۆماننووس لە جیاتی ئەم هەموو لاسایی و كاریگەرییە بەم و بەو، لە ڕێگەی خوێندنەوە ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆی بدۆزێتەوە، گێڕانەوەكانی زۆر لەبارتر و تۆكمه تر دەبن.
دووەم: زمانی نووسینی هه ندێك لە ڕۆماننووس و ئەدیبانی سەردەم
وێرانە، ئەمە وای كردووە وێنە و وێناكردنیان بەخەسار بچێت و خوێنەران وەك پێویست سوودیان لێ وەرنه گرن. دەكرێ سیاسەت و ئابووری و كۆمەڵایەتی بە زمانی خێچ بنووسرێن، بەڵام هەرگیز نابێ و ناكرێ ئەدەب بە زمانی خراو بنووسرێتەوە. ئه ده ب و زمان وەك لازم و مەلزووم وان، زمانی باش وا لە دەقی مردوو دەكات بە زیندوویی بمێنێتەوە، پێچەوانەكەشی ڕاستە. ئەوە زمانە سەدان ساڵ دەق دەهێڵێتەوە و لە هەر چەرخێكیشدا خوێنەران بە پیلیەوە دەچن. ئەوەی شیعری جاهیلی هێشتەوە مانا نەبوو، بەڵكوو زمان بوو، بۆیە دەبێ ڕۆماننووس زۆر ئاگایانە بنووسێت.
سێیەم: ئەدەب مەلۆتكەی خەیاڵە. مرۆڤی سەرەتایی بۆ مانەوەی خۆی، خەیاڵی وەك قەڵغانی خۆپاراستن بەكارهێناوە. دواتر خەیاڵی مرۆڤ گەشە دەكات و دەخرێتە چوارچێوەی بیركردنەوەی ئەستووری و زانستی. ئێستا خەیاڵ بووە بەهێز و وزەی گێڕانەوە. ڕۆماننووس دەتوانێ بە خەیاڵ دیوی دووەمی واقیعی كۆمەڵگەكەی نیشان بدات و نەنگی و لەنگییەكانی دیوی یەكەمیش لێك بداتەوە. هێندێك لە رۆماننووسانی سەردەم خەیاڵ بەشێوەیەكی ڕووت بەكاردەهێنن، بەبێ ئەوەی تەوزیفی بكەن و ئەركێكی دیاریكراوی پێ بسپێرن. ئەگەرچی ڕۆمانی مێژوویی و واقیعی و چی و چی بە جۆرەكانی ڕۆمان هەژمار دەكرێن، بەڵام ڕاستییەكەی مادەم خەیاڵ ڕێڕەوی ڕووداوەكان دەگۆڕێت و قەوماوەكان سەرەوبن دەكات، شتێك نامینێتەوە بە ناوی ڕۆمانی مێژوویی و واقیعی. كورت و پوخت، ئه گه ر خه یاڵ له ده قی ئه ده بی وەربگیرێتەوە، ڕاستەوخۆ ناوی ئه ده بیشی لێ دەسەندرێتەوە.
چوارەم: فۆڵكلۆری هەر میڵەتێك یەك لە باشترین كەرستەكانی
ڕۆماننووسانە، هەم بۆ جوانتركردنی زمانی داڕشتنیان، هەمیش بۆ باشكردنی زمانی گێڕانەوەیان، كەچی زۆر لە ڕۆماننووسانی كورد لەم بوارە بێئاگان، ڕۆژێك لە ڕۆژان بە دوای كتێبێكی فۆڵكلۆردا نەگەڕاون، داخۆ خەڵكی ئێمە لە ڕابردوودا چۆن دواون و چۆن بەسەرهاتەكانی خۆیان گێڕاوەتەوە. بە دیدی من، خوێندنەوەی فۆڵكلۆر و كولتووری كوردی، بۆ گێڕانه وه ی نوێ، بایه خێكی زۆری دەبێت. بێگومان گێڕانه وه ی نوێ(ڕۆمان)، جیاوازه له گێڕانه وه ی فۆڵكلۆر، من له گه ڵ تێكه ڵكردنیان نیم، به تایبه ت زمان و دیالۆگ، ناكرێ حیكایهتێكی فۆڵكلۆری به ناوی ڕۆمان بڵاو بكرێتهوه، بەڵام
وەك ئاماژەم پێدا، دەبێ سوودی لێ وەربگیرێت. هەر لەبەر ئەوە، دەمەوێ بڵێم هەر چەند نەنكم نەخوێندەوار بوو، بەڵام
گێڕانەوەی حیكایەتەكانی، كە من پێم وابوو بەشێكیان خۆی دەیخولقاندن، لە گێڕانەوەی دەقی هه ندێك لە ڕۆماننووس و چیرۆكنووسانی ئێستای كورد باشتر و به چێژتر بوون، ئاخر نەنكم زۆر لە زمانی گێڕانەوەی فۆڵكلۆر و بەیت و بالۆری كۆن شارەزابوو، هەروەها دەیزانی چۆن بە خەیاڵ پاڵەوان دروست بكات و واقیع بخاتە نێو باوەشی ئافسانە. بەدەر لەمانەیش، زمانێكی پاك و پاراوی كوردی هەبوو. لە كۆتاییدا دەمەوێ جەخت لەوە بكەمەوە، كە ئەوەی ئەلفوبێیەك لە ئەدەب بزانێ، دەزانێ حیكایەتی بەرئاگردان و گێڕانەوەی نوێی ئەدەبی جیاوازییان هەس، بەڵام ڕۆماننووس نابێ بە دابڕاوی دەست بۆ نووسین بەرێت، ناكرێ هەوڵی زانینی ئەدەبی میڵی و كولتوور و فۆڵكلۆری گەلان بدات، كەچی لە بواری ئەدەبی خۆیدا كۆڵ و كڵۆڵ بێت و لەژێر سێبەری ئەدەبی بیانیدا، ڕۆمانەكەی بنووسێت.

ھەواڵی زیاتر