ئازادی براوە‌ دە‌بێت

زكری موسا

ئێرە هەرێمی كوردستانی عێراقە، بەرهەمی خەباتێكی دوورودرێژی گەلی كوردستان و ئیرادەیەكی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی گەلێكی تەنیا كە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر بوو. لەپاڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان بە هۆی هەڵبژاردنەكان و دامەزراوەكانی هەروەها دەستووری هەمیشەیی عێراق ڕەگوڕیشەی شەرعییەتی خۆی پتر داكوتا و ڕێگەی پێگەییشتن و بەهێزبوونی گرتەبەر. لەم هەرێمەدا پارتە سیاسییەكان ئازادیی تەواویان هەیە، هێندەی بڵێی دامودەزگە و مایكی ڕاگەیاندن لەم هەرێمە بچووكەدا بوونی هەیە. لە هەرێمی كوردستاندا پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی هەیە، نەژادپەرستی و دەمارگیریی ئایینی لە نزمترین ئاستی خۆیدایە و لە جیهاندا كەموێنەیە. سەرباری بوونی كەموكوڕی بەڵام كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان و ناوەندەكانی فێربوون چالاكن و شارەكانی هەرێم جمەیان دێت لە خەڵكی كاسب و بازرگان و بیانی و توریست و توێژەر و هتد. لە هەرێمی كوردستاندا زۆر سیگناڵ هەن كە ئاماژەن بە كۆمەڵگەیەكی زیندوو و گەرموگوڕ. ئەمانە هەر هەمووی خاڵی گرنگ و جێگەی دڵخۆشین.
هەرێمی كوردستان سەددەیەك قوربانیدان و ماندووبوون و ئاوارەیی لەپێناو دراوە. قۆناغی ڕەشی خۆكوژیی تێپەڕاندووە، هەڕەشە و ئابڵوقە و گوشار و برسیبوونەكانی تەحەمول كردووە. ئازایانە داعشی شكاند و ڕێگەی نەدا تیرۆر و توندڕەوی لە كوردستاندا جێگە بكاتەوە. حەز بكەین یان حەز نەكەین، ئازادی و هۆشیاری لە هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی زۆری بڕیوە و لەوەدا هەموومان قەرزاری خوێنی شەهیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگەین. بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان لەڕووی مەفاهیم و ئازادی و ئاساییش و بنەماكانی تری ژیانەوە چەند هەنگاوێك لە پێشەوەی عێراقە و تەنانەت لە پێشەوەی ئەو دراوسێیانەیە كە سەدان ساڵە دەوڵەتن و دامەزراوەیان هەیە.
هەرێمی كوردستان دۆزەخ نیە هەروەك هەندێ كەس و لایەن بە دەنگەدەنگ و هاتوهاوار و بڵاوكردنەوەی ئایدیای تەنك و سەتحی هەوڵ دەدەن وا وێنای بكەن. كوردستان چیڕۆكی كرانەوە و فرەیی و گەشەپێدانە و ڕێگەیەكی دوورودرێژیشمان لەبەردەمە بۆ كامڵتربوون و گەیشتن بە قۆناغی پێشكەوتووتر. ئەو نیقاش و ڕووداوانەیش كە لە كوردستاندا هەن بابەتێكی سرووشتیی قۆناغی گوزەر و گەشە و جووڵەی كۆمەڵگەی كوردستانیە. بۆیە هیچ ڕەوا نیە بە چاوی كەم سەیری ئەو دەستكەتانە بكرێت یان ناوی بزڕێندرێت یان دامەزراوەكانی لاواز بكرێن یانیش هەوڵ بدرێت پاشەكشە بەو ئەزموونە بكرێت. چونكە هەرێمی كوردستانی عێراق تاكە ئومێدی گەلی كوردە لە هەموو جیهان و دەبێ وەك گلێنەی چاومان بیپارێزین و خۆشمان بوێت.
پەرۆشی و ترس لە لاوازبوون و نەمانی هەرێم زۆر لەجێی خۆدان، بەڵام یەك حەقیقەتی ڕەها هەیە كە دەبێ لەبەرچاوی بگرین. ئازادی و هۆشیاری كە لە دایك بوون و گەشەیان كرد، ئەگەرچی گوشار و نەیار و دوژمن و نەزانییش هەبن بەڵام هەرگیز پاشەكشە ناكەن و بچووك نابنەوە، بەڵكو بەردەوام بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن. بڕۆن سەیری مێژووی میڵەتان بكەن، لە دوا وێستگەی ململانێكاندا هەمیشە ڕووناكی و ئیرادەی ئازادیخوازی براوە بوونە.