نە‌فرین و جوێنفرۆشی و دمشڕی كاری بڕوادار نییە‌!

عومەر چنگیانی

پشتیوان بەخوا لە یەکەم خەلەکی دەسپێکی ساڵی نوێی ٢0٢3ی گوڵخەرمانەکەتاندا، قامکێک وەر دەدەم لە دەریای پڕشەپۆلی ئەو دەقە پیرۆزانەی دەربارەی حوکمی نەفرینکردن و جوێنفرۆشی و دەمشڕی هاتوونە لە ئیسلامدا، کە بەداخەوە جوێنفرۆشی وەک دیاردەیەکی سەردەمی لێ هاتووە و خەریکە بسڵمانان و تەنانەت بانگخواز و مەلا و پیاوچاکانیشمان تێوەی دەگلێن؛ کەچی ئەوەی کەمێک لە ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلام و سەرجەم پەیامی پەیامگەیێنان شارەزا بێ، دەزانێت گشتیان بۆ بڵندکردنەوەی ئاستی ڕەوشتی تاک کۆشاون؛ لە پەنجاوسێیەمین ئایەتی سوورەتی (ئیسرا)دا خوا گیان ڕووی گوتاری دەکاتە دوایین پەیامگەیێن محەمەد دروود و ساوی خوای لەسەر بێت و دەفەرمێت: (بە بەندەکانم بڵێ: کە ئاخاوتن و دواندنیان باش بێ و قسەیەک بکەن کە لە هەمووان جوانترە، بەڕاستی شەیتان ئاژاوە لەنێوانیاندا دەنێتەوە، بەڕاستی شەیتان دژمنێکی سەرسەخت و دیارە)، جگە لەوەی کە سەدان دەقی پیرۆزمان هەیە پڕن لە هۆشداری و ڕێنمایی بۆ تاکی بڕوادار کە خۆیان بەدوور بگرن لە بەدزمانی، ئیتر دووزمانی و ئاشۆیی و ئاژاوەگێڕی بێت، یان جوێن و تووک و نەعلەتکردن، تەنانەت گەر حکوومەتێکی ئیسلامی هەبوو و حوکمی ئیسلام جێبەجێ دەکرا و کەسێک لەسەری ساغ بووەوە کە تاوان و بێشەرعییەکی وەک زینا یان ئارەقخواردنەوە یان دزی کردووە یان کەسێکی پاکیزەی لەکەدار کردبێ، دروست نییە لە کاتی حەدلێسەندنەکەدا سووکایەتیی پێ بکرێت و بگرە تەوبەی ئەو جۆرە کەسانە بەهایەکی گەورەی هەیە لای خوا، بۆ وێنە، سەرجەم سەرچاوەکانی فەرموودە لە پێشدا بوخاری بۆمانی دەگێڕنەوە کە: (ڕۆژێکیان پیاوێکیان هێنایە بەردەم پێغەمبەر دروود و ساوی خوای لەسەر بێت کە ئارەقی خواردبووەوە، پێغەمبەریش دروود و ساوی خوای لێ بێ فەرمانی تۆڵەلێسەندنی بۆ دەرکرد و هەندێکیان نەفرینیان لێ دەکرد، پێغەمبەر فەرمووی: مەبنە یارمەتیدەری شەیتان لە دژی براکەتان (١)؛ ئەمە تەنها مانای ئەوە ناگەیێنێت کە گەر جمان و جوێندان بە بڕوادار دروست نەبێت بۆ بێبڕوا بەبێ هۆکار و بێسنوور و بە هەوانتە و لە هەموو کەسەوە ڕێگەپێدراو و دروستە، بگرە تەنانەت لە ئایەتی سەدوهەشتی سوورەتی (ئەنعام)دا، ئەڵا گیان دەفەرمێت: (جمێن مەدەن و سووکایەتی مەکەن بەو کەسانەی پەنا و هانا و هاوار بۆ بەدەر لە ئەڵا دەبەن، ئاخر لە دەرەنجامی جمێندان و سووکایەتیکردنەکەی ئێوەدا، ئەوانیش جوێن دەدەن بە ئەڵا، ئەوەیش لەبەر نەفامی و نەزانییانەوەیە.)

پەراوێز:
(١) (قال: أتى النبي – صلى الله عليه وسلم – برجل
قد شرب، قال: ((اضربوه))، قال أبو هريرة – رضي الله عنه: فمنا الضارب بيده، والضارب بنعله، والضارب بثوبه، فلما انصرف، قال بعض القوم: أخزاك الله، قال: ((لا تقولوا هكذا، لا تعينوا عليه الشيطان))، وفي لفظ آخر من حديث أبي هريرة: قال رجل: ما له أخزاه الله؟! فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: ((لا تكونوا عون الشيطان على أخيكم.)

ھەواڵی زیاتر