وەڵامدانەوەیەك بە تامی(28) ساڵە ..!كاتێ زاراوەی ”دایكسالاری “م كەوتە بەرچاوان

ئەسعەد عەدۆ

بۆ یەكەمجار چاوم بە گۆڤاری (رابوون) ژمارە (حەوت + هەشت) كەوت رۆژی 30/5/1994 بوو ، نوسینەكەی كاك فازیل كەریم ئەحمەد (دایكسالاری لە داستان و بەیتی كوردیدا) سەرنجی راكێشام ، پیاو بۆ خوا بڵێ هەوەڵجار بوو زاراوەی (دایكسالاری) م ، كەوتە بەرچاوان بۆیە بە ئەشقەوە دەستم كردە خوێندنەوەی بابەتەكە ، نەجارێك نەدوو ، ئەنجام ئەم نوسینەی لێكەوتەوە .
هەر چەندە پسپۆری مەیدانی زمانەوانی نیم ، بەڵام بە مەزندە دایكسالاری كووتومت (مادرسالاری) فارسییە وەرگێڕانەكە سەركەوتوە ، وا بزانم (الامومە)یش (دایكایەتی) دەگرێتەوە نەك (دایكسالاری) ئەو باسەی كاك فازیل یان باشتر وایە بڵێم بۆچوونەكانی ئەم باسە هیچ نەبێ بۆ خودی خۆم سەرسوڕێنەر بوو ! لەسەر قسەی مەلایان بە (بدعە) م ، دەهاتە بەرچاوان بەدووریشی نازانم نابەڵەدی من لە ئاست رۆشنبیریی زانست لەسەرتاسەری جیهاندا ئەو سەرسوڕێنەرەی لەلام دروست كردبێ ! بەڵام دەربارەی داستان و بەیتەكانی كوردەواری نەك شارەزام بەڵكو سەگڵاوی لێ تاودەدەم.
• كاك فازیل لە لاپەڕە (49) دەڵێ : “ لە ناوچەی خۆشماندا لەسەردەمێكی زۆر كۆندا ئەم دیاردەیە هەبوەو لەسەر لاپەڕەی كتێباندا ئاماژەی بۆ كراوە – واتە دایكسالاری “
بەشبەحاڵی خۆم ئەو كتێبانەم نەكەوتۆتە بەرچاو ، لە هیچ كۆڕو مەجلیسێكی كوردەواریشدا ئەو باسوخواسەی دایكسالاریم نەكەوتۆتە بەرگوێ بەڵام باسوخواسی لێهاتوویی ئافرەتی كوردو دەستڕۆییان (حوكمڕانی) لە هەندێ شوێنی جیاجیای كوردستان و داوێن پاكی و دڵداری بێگەردیان لە گەڵ غەیرە دینیش و دەست رەنگینی ئافرەتی كوردەواری هەردەم بەرئاگردانی جۆشداوەو سەرنجی خەڵكانی بێگانەیشیان راكێشاوە نموونەیشمان گەلێ زۆرە وەك (خانزادی سۆران ، مەیان خاتوون ، لەعلیخانێ گۆڤەیی ، عەدلە خان ، بووك شازەمان ، مەستوورە …….) .
• نوسەر لە لاپەڕە (50) دەڵێ :
دەبێ لە كوردستانیشدا پێش دەركەوتن و سەپانی سێستێمی باوكسالاری بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ سیستێمی دایكسالاری لە كۆمەڵدا باڵا دەست بوبێت …..
بۆ ئەمەیش نموونە دێنێتەوە كە تا ئێستل كەسانێك هەن بە نێوی دایكیان بانك دەكرێن ، بەڵێ راستە نەك بە دایكانیان بەڵكو هەن بە نێوی ژنەكانیان بانگ دەكرێن ، لە ناو ئێمەیشدا بەزۆری ئەو كەسانە بە نێوی دایكیان ناودەبرێن كە لە زووەوە باوكیان مردووەو دایكیان بە بێوەژنكۆشی و سەربڵندی لەسەر منداڵەكانیان داوەراینەوەو بەخێویانیان كردوە ، بۆیە لە ئەنجامدا ئەو دایكانە ئەو شەرەفەیان وەرگرتوە ، جاری وایش هەیە كوڕەكان شانازی بەوە ناكەن چونكە لە كوردەواریدا بە (كوڕی دایكێ) یان بە (كوڕە بێوەژنیان) لە قەڵەم دەدەن بۆ سووكایەتی !
ئەگەر دایكسالاری لە كوردەواریدا هەبوایە ئەوە بێگومان سەرەداوێكی بۆ ئەمڕۆ دەمایەوە دوو نموونەی بچووكیش بۆ ئەم مەبەستە (سەرەداو) دێنمەوە : تاكو ئێستا لە كوردەواریدا سوێند بە ئاگر دەخورێ و تفكردن لە ئاگردان بە كارێكی ناشیرین و گوناهبار دەژمێردرێ ، كەچی لە بنەڕەتەوە لە زەردەشتیەوە بۆمان ماوەتەوە تا ئێستا لە (مصر) ژنەكان لەكاتی قسەكردندا بە مێردەكانیان دەڵێن (برام !)هەرچەندە لە ئیسلامەتیدا ناگونجێ چونكە لەكاتی خۆیدا (فەرعۆنیەكان) خوشكی خۆیان دەهێنا بۆیە تا ئێستا ئەو رەنگدانەوە لە كۆمەڵگای مصریدا هەر ماوە
• لە كۆتایی لاپەڕە (50)وە، كاك فازیل پەنا وەبەر دوو بەیتی كوردیدا لاس و خەزاڵ و شێخ فەرخ و ستی دەبات بۆ روونكردنەوەی شێوەو سیستێمی كۆمەڵی دایكسالاری …
نوسەری بەڕێز پەنای بردۆتە بەر دەقی ئۆسكارمام ، هەر چەندە من لە كتێبەكەمدا (لیرەیەك لە گەنجینەی نەتەوەی كورد) ئەو هەلە مێژوویەم دەست نیشان كردوە بەڵام وا دەردەكەوێ كاك فازیل ئەم كتێبەی نەدیوە یان ئۆسكارمانی پێڕاسترە .
راستكردنەوەی هەلەی كتێبی زانایەكی بیانی كە بۆ ماوەیەك لە نێو ئێمەدا ژیاوەو لە زاری خەڵكی ئێمەوە شتیان تۆماركردوە ئەوە ناگەینێ خوانەخواستە كەمكردنەوەی شانوشەوكەتیان بێت ! نەخێر بەڵكو خزمەتكردنێكە بۆ ئەو هەول وتەقەلاییەی ئەوان .
ئەگەر سەیری كتێبە مێژوویەكان بكەین هەر لە سەرەتای بەیتی لاس و خەزاڵدا بۆمان دەردەكەوێ كە هەلەی زەقودیاری پێوە دیارە بۆیە لێكۆلەوەر لەو جۆرە كارانەدا دەكەوێتە هەلەو بۆچوونەكانی ناپێكێ .
• خەزاڵ و خانزاد سەردارو مەزنی دوو خێلن .. خەزاڵی مامۆدیان كچی مەلا نەبیە ، دەسەڵات بەدەست باوكیەوە نیە بەدەست كیژەوەیە ، لاس مێردوئامۆزای خانزادە …
بەڵێ راستە خانزاد مەزن بوە ، بەڵام مەزنی هۆز نەبوە بەڵكو لە دوای سلێمان بەگی شاقوڵی بەگی برای بۆ ماوەیەك حوكمڕانی ئیمارەتی كردوەو بە دوای تۆڵەی براكەی وێڵ بوەو بەڵگەی فۆڵكلۆریمان بڵاوكردۆتەوە كە تۆڵەی كردۆتەوە (بەیتی ئایشەگوڵ ، ئەسعەد عەدۆ 1983) .
لەمێژووی نزیكی نەتەوەكەیشمان نموونەمان هەیە كە سەعید بەگی باعەدرێ كۆچی دوایی دەكات .. تەحسینی كوڕی منداڵ دەبێ بۆیە (مەیان خاتوون) بۆ ماوەیەك میرایەتی ئێزدیان دەكات تا (تەحسین بەگ) دەگاتە (18) ساڵی ، بەڵام خەزاڵ سەرەك هۆز نەبوە بەڵكو باوكی مەزنی هۆزەكەیان بوە لە دواییدا (حەمەد)ی ، برای خەزاڵ ، كەچی لە بەیتی كوردیدا هەندێك ناوی سەرەكی پشتگوێ دەخرێ چونكە دەورێكی سەرەكی لەنێو خودی بەیتەكە یان داستانەكە نابینێ ، لە بەیتی لاس و خەزاڵ یەكجار ناوی (حەمەد) دێت ! كە (لاس) دەگەڕێتەوە لای خەزاڵ دەبینی جلی رەشی دەبەردایە بۆیە پێی دەڵێ : ئەوە حەمەدی برا مردووە ؟ .
هەروەها لاس نەئامۆزای خانزادەو نەمێردیەتی بەڵكو خەڵكی ناوچەی شارەزوورەو كوڕی ئەحمەد خانە ، ئەگەر بێتو سەرنج بدەینە سەرجەلەی بنەماڵەی سۆران پاشوپێش ، روونوئاشكرایە كە خانزاد كێیەو چ كەسە؟! دەبوایە كاك فازیل سەیری نوسینەكەی ئێمەی بكردایە (ئایا خانزاد شووی كردوە ؟)
گۆڤاری كاروان خولی یەكەم یان ئەو سەربردە كوردەواریانە كە لەسەر شووكردن و نەكردنی خانزادی سۆران باوە لە ئەنجامدا خانزاد هەریری شووی نەكردوە ، بەڵگەی مێژوویشمان لەسەر مێردنەكردنیدا نیە .
راستە لە بەیتی لاس و خەزاڵدا ناوی خانزاد هاتوە بەڵام چۆن ؟ خەزاڵ لەبری (نۆ) خوێن مارەبڕی (وسوكاسكیان)بوە ، بەر لەوەی بەبووك بچێ رادەكاتە ماڵی خانزادی سۆران كە ئەوكات حوكمڕانی لە هەریرو هەریر بەگیان دەگێڕا ، هەر لە وێوە باسوخواسی خۆی بۆ لاس دەنێرێ بەڵام لەوكاتەی لاس دەگاتە هەریر ، خەزاڵ لەوێ نەماوە! خانزاد بە شەرتوپەیمان تەسلیمی باوكی دەكاتەوە كە پێویستە بە رەزامەندی خۆی شوو بكات بۆیە شایەر حیواری لاس و خانزاد لە بەیتەكەدا تێكهەڵدەكێشێ (بڕوانە لیرەیەك….. ) .
وا دەردەكەوێ رەحمان بەكری بەیتبێژ ئوستادی بەیتی كوردی بوەو هەموو بەیتەكانی لەنێو مێشكدا پەنگی خواردۆتەوە بۆیە زۆرجار كۆپلەی بەیتێكی تر یان داستانێكی دیكەی خستۆتە نێو بەیتێكی تر بۆ نموونە : نموونەی باسەكەی كاك فازیل “ چڵ پلە عومانی لاپەڕە (51)” لە بەهرام و گوڵندام وەرگیراوە چونكە سەربردەی لاس و خەزاڵ روویداوە دوورە لە ئەفسانە چونكە شوێن و هۆزی دیاریكراوی هەیەو تا ئێستایش ئەو هۆزو بنەماڵەی (وسوی كاسكیان)لە بناری (بەنی هەریر) دەژین و سەردانیم كردوون .
• ژنێك پێش زاوابوون بەمێردەكەی بڵێ : بۆچی ئیلاقەی من ناكەی – لاپەڕە (52) .
تا ئێستا لەنێو كوردەواریدا ئەوجۆرە ملعندیانە هەیە بەڵام وەك بەڵگە ئەمە پەیوەندی بە لاس و خەزاڵدا نیە بەڵكو بە (ئەحمەد خانی شارەزوور) ە ، بەرلەوەی خوازبێنی (خەجە)ی ، عارەب بكات لە دڵی خۆیدا پەیمان دەدات تاكو ژنەكەی دەست بۆ دۆخینی درێژ نەكات نزیكی نەبێتەوە، لە ئەنجامدا خەجە لەلایەك سەری سوڕدەمێنێ لە ئازایەتی ئەحمەدخان .. كەچی ماوەیەكیشە سەرجێی ناكات بۆیە لەنێو دارستانەكەدا لەوكاتەی شێرەكە دەكوژێ و كەوڵی دەكات و لەسەر كەوڵەكە نوستوە ، وەك تاقیكردنەوە خەجە دەست بۆ دۆخینی خان درێژ دەكات .. ئەویش واتە ئەحمەدخان گرەوەكەی دێتەجێ و لەسەر پسستە شێرەكەو لەژێر دار لاس توخینی دەبێ .. لە دوای نۆ مانگ كوڕێكیان دەبێ نێوی دەنێن (لاس) .
• دەربارەی ئەو گۆرانیە كە لە حەفتاكاندا باوە “ یەكەم هەنگاو هی كوڕ بوە نازی كچی هەڵگرتوە لە هەمان لاپەڕەی پێشو “
ئەگەر بێتو بە وردی گوێ لە سەربردە كۆنەكانی نێو كۆمەڵگای كوردەواریدا رابگرین ئەم (هەنگاوە) فەرمانی خواییە ، كاتێ حەوا لە پەراسووی ئادەم جیا دەبێتەوە هەر یەكەیان دەكەونە لایەك و ئاوێكی بچووك بە نێوانیان دادەچێ لەوكاتەی حەوا چاوی بە ئادەم دەكەوێ دڵی دەچتێ و دەیەوێ بچێتە لای ، دەنگیك پێی دەڵێ : نەكەی ! پێویستە ئەو خوازبێنیت بكات و مارەكەیشت ماندوبوونی پەڕینەوەكەیەتی لە ئاوەكە ، بۆیە لەو رۆژەوە تا ئێستا لە كۆمەڵی ئێمەدا پیاو خوازبێنی كچ دەكات نەك بە پێچەوانە ، جاری وایش هەیە ئێمەمانان لە فلیمی مصری دەبینین كە ئافرەتێك بە مەرجێ شوو بە پیاوێك دەكات كە جڵەو (عصمە)واتە تەلاقدان بە دەست ئەوبێت ، پیاوەكان و ئافرەتەكانیشمان لەو ساتەدا گاڵتەیان بەو دیمەنە دێت و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی “.
شتێكی بچووكیش هەیە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بكەم هەر چەندە لەنێو كۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بە دەگمەن روویداوە ، ئەگەر هاتوو كچێك لە پیاوێك مارەكرا لە ئەنجامدا زانرا كە ئەم پیاوە (نێرەمووكە) مارەیەكە بەتاڵە ! بەڵام ئەمە (عصمە) ناگرێتەوە بەڵكو لایەنێكی ئجتهادی شەرعیە ، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكەم كە لە ئیسلامەتیدا – تەلقین – ( لە مردنی مەسیحیش تەلقینم بینیوە) بۆ هەموو كەسێكی مردوو بە نێوی دایكە نەك لەبەر ئەوەی نیزامی دایكسالاریە بەڵكو تەنیا دایك دەزانێ كە سەت لە سەت ئەو منداڵەی لە چ پیاوێكە بۆیە ئەمەیان دەخرێتە ئەستۆی دایك .
• بۆ چەسپاندنی قۆناغی دایكسالاری لەنێو كۆمەڵی كوردەواریدا كاك فازیل بە دڵخۆشیەوە پراكتیك لەسەر دەقی بەیتی شێخ فەرخ دەكات ، لە لاپەڕە (52) دەڵێ : هەركارێك باوك و چوار كوڕەكان بیكەن پرسوڕا بە دایكەكە دەكرێ وەك بڵێی كاك فازیل لەنێو كوردەواریدا نەژیاوە ! ئافرەتێك بێت خێزانی ئاغاو میرێكی كورد بووبێت و دایكی هێندە منداڵە بێت پرسوڕای پێ نەكرێ بەڵكو ئەوجۆرە ئافرەتانە جگە لە كاروباری دیوەخان كارەكانی تر هەمووی دەگرێتە ئەستۆ ، لەكاتی پێویستدا سەری مەجلیش دەگرێ (ئافرەتمان هەیە دەوری دیوەخان و حوكمڕانیشی بوە بەڵام ژمارەیان كێمە) ئەگەر ئەمانە لەلای نووسەر قۆناغی دایكسالاری بێت ئەوە دڵنیابێت ئەو قۆناغە ئێستا لەنێو شاردا باڵا دەست و بڵاوە .
• لە هەمان لاپەڕەدا نووسەری بەڕێز دەڵێ : مام خەلیفە ئەستێ دەكاتە جێگرو میراتگری خۆی …
ئەگەر بە وردی سەیری بەیتەكە بكەین ئەو جێگریەی ئەستێ لەراستی بەدەرە بەڵكو شێخ فەرخ كۆرپەیەو مامەیشی روو لە كچەكانی دەكات لە گەورەوە تا بچووك .. ئەگەر هاتوو بۆمی ژیر بكەنەوەو بەخێوی بكەن ئەمەو ئەوەتان دەقەبەر دەكەم ، هەر چەندە خوای گەورە دوعاونیزای فەرخی قەبووڵ كردوە كە بە هیچ كەسێك ژیر نەبێتەوە تەنیا لە باوەشی ئەستێ نەبێ ! لە كوردەواریدا كچ زۆری پێ ناخۆشە بە كچینی لە ماڵەباوان دایانی بكات یان منداڵ پەروەردە بكات بەڵام عیشقی حەقیقی نەك مەجازی هەر وەك باوە لەنێوان فەرخ و ئەستێی دۆتمام و دوعاگیربوونی فەرخ دەبێتە هۆی ژیربوونەوەی فەرخی كۆرپە هەتیو لە باوەشی ئەستێ ، بۆیە ئەستێ بەشە موڵكی باوكی لە (داودیە) بەبەر دەكەوێ ئەستێ لێرەدا قوڕبەسەرو ماڵوێرانەو بە كچینی دەبێتە دایەن ، رەمزی دایكسالاری چیی و فەرمانڕەوایی ئەستێ چیی؟! ئەوە نیە بە زۆری زۆردار دەدرێتە شوانەو هەموو رۆژێك دایك و براكانی دەكەونە سەری و ریسوای دەكەن ، ئەگەر ترسوكەراماتی فەرخ نەبوایە دەمێك بوو مێردی بە شوانە دەكرد بەڵام پشوێكی بە فەرخ خۆش بوە سەرەڕای لایەنی خواییەكە .
• لە لاپەڕەی (53) لەسەر زاری خاتوون ئەستێ دەڵێ : ئەی پەكم بەوەی كەوتوە وسوئاغا ئەمن دەبینی یا نابینی !
نازانم كاك فازیل بە چ شێوەیەك بۆ لێكدانەوەی ئەو مەسەلانە چوە ، ئەو قسانە دەلیل نین بۆ دایكسالاری بەڵكو قسەیەكی رۆژانەی ئافرەتی كوردە كە غەیرە پیاوی بێگانەی پێ هیچ نەبێت و دڵەڕاوكێی داوێن پیسی نەبێ ، فەرخ چاوو مێشك و ناخی ئەستێی تەژی كردبوو بۆیە هەموو پیاوێك لەبەر چاوی ئەستێ هیچ بوون یان بە پیاوی دانانان ! ئەوە سەربەرزی ئافرەتی كوردە .
ئەگەر راستە سمبوڵی بەیتی فەرخ روون و ئاشكراترن بە چ پێوانەیەك یەك دەق لەسەر شت لەیەك كاتوزەماندا دوو قۆناغی لێوەدی دەكرێ ، هەر وەك لە لاپەڕخ (53)دا ، هاتوە ؟ گەیشتوومەتە ئەو هەقیقەتە كە كاك فازیل بەزۆری زۆردار دەیەوێ تیورێك لەسەر كۆمەڵگای ئێمە بچەسپێنێ كە ئێمە لێی نابەڵەدین و بۆنیشمان نەكردوە یان دەیەوێ قۆناغێك لەو قۆناغەدا كە كۆمەڵ پێیدا تێپەڕبوە لەسەر خۆمان پراكتیك بكات ، بەداخەوە لێی سەرنەكەوتوە بەڵكو كەوتۆتە هەلەی زەق چونكە ئەو بۆچوونانە بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگای كوردەواری مێشك پەسندی ناكات ، من بەشبەحاڵی خۆم بۆ خەڵك دەنووسم نەك تەنیا بۆ توێژێك.
• لە لاپەڕەی (54)كاك فازیل لەسەر سێكسایەتی فەرخ پەنا بۆ (فرۆید) دەبا !
من ناڵێم ئەوانە زانا نین (ببورە) هەر چەندە لە نوسینێكمدا (لێكۆلینەوەی لاوك و حەیران ) گوتوومە : ئەوەی لە خەجەكەلەی قورشاغلو فێری بوویم لە كتێبی (الاسطوره و المعنی) ی ، لیڤی شتراوس فێر نەبووم ! واتە ئێمەی دێهاتی فترەی رۆشنبیری مللیمان لەگەڵدا لە دایك دەبێ .
دەبێ پێش هەموو شتێك ئێمە بڕوامان بەوە هەبێت كە خۆشەویستی نێوان فەرخ و ئەستێ خواییەو بۆ مەبەستە لەززەتەكە نیە ، چونكە هەرجارەی فەرخ و ئەستێ وێكڕا نووستن لە ناوكەوە بەرەوخوار بڵاوەبوونە ، زۆرجار لە كتێباندا خوێندوومەتەوە خۆشەویستی مەجازی پێ دەڵێن ، منیش دەڵێم : ئەوەی فەرخ هەقیقیەو ئەوەی ئەمڕۆ مەجازیە بۆیە ئەمجۆرە ئاشق و مەعشوقانە بە یەك ناگەن كورد گوتەنی لە ئاخیرەت بۆ یەكتر دەبن
لە كۆتاییدا بە مەزندەو بۆچوونی خۆم هیچ بەڵگەیەكی فۆڵكلۆری لەژێر دەستماندا نیە بۆمان بسەلمێنێ كە كۆمەڵی كوردەواری بەو قۆناغەدا واتە قۆناغی دایكسالاری تێپەڕ بووبێ ئیدی راوو بۆچوونە ، داواكاریشم لەبەڕێز كاك فازیل لە باسو لێكۆلینەوەكانی دادێی پشت بە دەقی خۆماڵی رەسەن ببەستێ و لەگەڵ دەقەكانی دیكە كە لەلایەن بیانیان نوسراوەتەوە ئەگەر بكرێ دەق لە شوێنی رووداو كۆبكرێتەوە لەوە باشترە كە پشت بەو دەقە ببەسترێ كە شایەرەكە لە شوێنی رووداو نابەڵەدە .