سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

سیلڤیا پلات
ســـیلڤیا پلات لە 27ی ئۆکتۆبەری 19٣2دا، لە شـــاری بۆســـتن لە ئەمریکا پێ دەنێتە دنیاوە، بەرگەی خەمۆکی ناگرێت و لە 11ی فێبریوەریی 196٣دا، لە تەمەنی ســـی ســـاڵیدا خۆی دەکوژێت. کە بەرلەوەی تەمەنی ببێت بە هەشـــت ساڵ، باوکی دەمرێت، دەڵێت: خوایە ئیدی قســـەت لەگەڵ ناکەم! ســـیلڤیا پلات کە هەم شـــیعری دەنووسی و هەم ڕۆمان، وەک شاعیری ددانپێدانان دەناســـرێت و بەهۆی ڕۆمانی (زەنگی شووشە)یشـــەوە، کە مانگێک پاش مەرگی بڵاو دەکرێتەوە، ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، ئاخر یەکێک دەبێت لە ڕۆمانە هەرە جوانەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیست و فیلمێکیشی لێ چێ دەکرێت. سیلڤیا پلاتیش وەک فەرووغ فەرووخزاد (19٣5 – 1967) کەم ژیا، بەڵام ناوێکی گەشی دوای خۆی بەجێ هێشت. فەرووخزاد دەیگوت: “ئافرەت ناتوانێت هاوزەمان ژنێکی باش و دایکێکی باش و شاعیرێکی باشیش بێت، ناچارە یەکێکیان هەڵببژێرێت.”
ئازایەتی هەر ئەوە نییە، لە شـــەڕدا خۆ نەچەمینین، ئەگەر بە نووسینیشـــەوە خەریک بین، ئیدی شـــیعر بنووسین، یان لە دەرگەی فەلســـەفە بدەین، پێویســـتمان بە خۆنەچەماندن هەیە، دیکارت ئازا نەبووایە، ئەو فەیلســـەفووفە نەمرەی لێ پەیدا نەدەبوو، ســـیلڤیا پلاتیش نووســـەرێکی بوێر نەبووایە، بە نەمریی نەدەمایەوە و دە ساڵ لە پاش مەرگی، خەڵاتی پۆڵتیزەری پێ نەدەبەخشـــرا. کە ســـلیڤیا پلات بۆ خوێندن دەچێت بۆ زانکۆی کامبریج، لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ (تێد هیوز)ی شاعیردا
(19٣0 – 1998) پەیدا دەکات، ئاشنایەتییەکەیان بە هاوسەرگیری دوایی دێت.
سلیڤیا پلات 11پی فێبرەوەریی 196٣ سەعات چوار و نیوی بەرەبەیان لە خەو ڕا دەبێت، خۆراک بۆ دوو منداڵەکەی ئامادە دەکات کە گەورەکەیان ســـێ ساڵ و بچووکەکەیان یەک ســـاڵ تەمەنی دەبێت، دوا سەرنجیان دەدات، جوان دایاندەپۆشێت، کەمێـــک پەنجەرەی ژوورەکەیان دەکاتەوە و دەچێت بۆ ئاشـــپەزخانە و دەرگە و پەنجەرەکـــەی وەها قەپات دەکات، بواری هاتوچۆی هەوا نەمێنێت، گازی فڕنەکە دەکاتەوە، ڕادەکشـــێت و چاوانی لێک دەنێت. کە ســـیلڤیا پلات خۆی کوشت، لە زۆر لاوە، تیری ڕەخنەی زبر، ئاڕاســـتەی تید هیوز کرا، ئاخر هەم ناپاکی لێ کردبوو، دەســـتی لەگەڵ (ئاســـیا ویڤڵ)ی شاعیردا تێکەڵ کردبوو کە هاوڕێی هەردووکیان بوو، هەم وەک لە نامەکانیدا کە بۆ پزیشکەکەی ناردبوون، ددانی پێدا نابوو، تێد هیوز زەبروزەنگی بەرانبەری بەکار هێنابوو. تێد هیوز بەر لە مەرگی بە چەند مانگێک، دوا کتێبی: (نامەکانی جەژنی لەدایکبوون)
بڵاو دەکاتەوە، کە تژی دەبێت لە خۆشەویستی و خەم، خۆشەویستی بۆ سیلڤیا پلات و خەم بۆ کۆچی ناوەختی.
ژیانی سیلڤیا پلات کورت بوو، بروسکەیەک بوو لە شەوەزەنگێکدا، یان گۆران گوتەنی: “لەپڕ هات و لەناکاو چوو،” دەیویست بەهۆی نووسینەوە، لە خەم قوتاری ببێت، سنوورێک لەنێوان شیعر و ژیانیدا نەبوو، شیعری و ژیانی دووان نەبوون، یەکێک بوون. ســـیلڤیا پلات لە ڕۆمانەکەیدا بەگژ ڕەوتاری دزێوی چینی مامناوەنددا دەچێتەوە کە خۆی یەکێک دەبێت لەوان و پێی وا دەبێت: مردن تاقە چارەســـەرە بۆ ڕزگاربوون لە خود. ئارێڵ هەر ناونیشـــانی دیوانەکەی نییە، گرنگترین شیعریشی ناوی ئارێڵە کە ڕەخنەگران بایەخێکی زۆریان پێ داوە و تژییە لە دەربڕینی نوێ و وێنەی جوان و مانای قووڵ. کە ســـیلڤیا پلات لە کامبریج دەخوێنێت، هەفتانە ئەسپســـواری دەکات و ئەســـپەکەی ناوی ئارێڵ دەبێت. ئارێڵ وشـــەیەکی عیبرییە بە مانای
مێچکەی شێر دێت، شێری خودا، ئەمە بێجگە لەوەی گوایە داوود پەیامهێن لە شاری ئارێڵ ژیاوە.
ســـیلڤیا پلات گەلێک جار هەوڵی خۆکوشتن دەدات و ســـەرکەوتوو نابێت، بەڵام لێ ناگەڕێت، نائومێدی زەفەری پێ ببات و هەر درێژە بە مەشـــقکردن دەدات، لەسەر ئەو گەمە ترســـناکە. هەتا شەش ڕۆژ پێش خۆکۆژییەکەی هەر شیعر دەنووسێت، شـــیعرگەلێک تێیاندا پێشـــبینیی ئەوەی کردبوو، ژیانی بە خۆکوشتن دوایی دێت. کە (ئاوەز)مان ناساغ دەبوو، کارەبایان لە سەرمان دەدا، ڕەنگە لە ترسی ئەو شێوازە لە (چارەسەر،) کە زۆر سامناک بوو، وا زوو لە لوتکەی لاوی و بەخشیندا خۆی
کوشتبێت.
ئەستێرەکان خەمگیناننە تێم دەڕوانن دەڵێی دەزانن نائومێدیان دەکەم مردنیش هونەرە وەکوو هەموو هونەرێکی تر ئەستەمە کەس هێندەی من
شارەزای نهێنییەکانی هونەری مردن بێ