زمانی ژیرانە‌

هاودەنگ فاروق

خاوكردنەوەی گرژیی نێوانی لایەنە سیاسییەكان، ئەركی هەمووانە، بە تایبەت مێدیا، لە سەروی هەمووشیانەوە لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارن لە باش و خراپی ڕەوشی ئەم وڵاتە، كەواتە پێویستە بە سیاسەتێكی ژیرانە و سەربەخۆییانەی كوردستانیانە، ڕووبەڕووی تەنگژە ناوخۆیی و هەڕەشە دەرەكییەكان ببنەوە.
كۆنگرەی چواردەی پارتی، بە ڕوونی كۆدەكانی خســـتە سەر مێزو، گووتی: دەرگاكان كراوەن و، پێویستە لەگـــەڵ لایەنەكان پەڕەی نـــوێ هەڵبدەینەوە؛ ئەمەش ئۆفەرێكی نایابە بۆ ئـــەوەی هەمووان پێداچوونەوە بە سیاســـەت و زمانی ئاخافتنی خۆیانـــدا بكەن و، هەنگاوەکانی پارتی و دواین پەیامی بەرپرســـیارانەی ســـەرۆکی هەرێمی کوردســـتان، بە گرنگ وەرگرن، کە جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە پرۆسەی لێكتێگەیشـــتنێكی نوێ بێتە كایەوە، هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانیش پشتیوانی لە هەموو پرۆسەیەكی لێكتێگەیشتن و ڕەواندنەوەی گومان و دوودڵییەكان دەكەن.
بەدەستهێنانی دڵی خەڵك، پشتیوانیی گەلی كوردستان هەم لە حزبەكان و هەم لە حكوومەتی كوردستانیش، تەنها بە یەكترقبووڵكردن و ئاشـــتی و خۆشـــگوزەرانی هاووڵاتییانەوە دێتە دەســـت؛ پێویســـتە هەمووان هاوكاربن بۆ ئەوەی لە كوردستاندا كەشێكی وا هەبێت هەمووان هەست بە ئارامی بكەن.
سەرەتا كە مرۆڤ بیری لە حوكمڕانی كردۆتەوە، هەر بۆ ئەم دوو خاڵە بوو، یەكەم، بەرقەراركردنی ئاسایش لە كۆمەڵگەكاندا، دووەمیش، بۆ خۆشگوزەرانی و پاراستنی ژیانی خەڵك.
كەواتە پێویســـتە حزبەكانی كوردســـتان، لەســـەر بنەمای ئەم فەلســـەفەیەی حوكمڕانی، بجووڵێنەوە و، كەشـــێكی دەروونی ئارام بخوڵقێنن، بۆ ئەوەی، حكوومەتی كوردســـتان بتوانێت لە سەرتاســـەری خاكی هەرێمی كوردســـتاندا دەســـتەڵاتی خۆی مومارەسە بكات و، گەشەی ئابووری و متمانە و ئۆقرەی كۆمەڵگە بێنێتە كایەوە.
ئێســـتا پارتی دەســـتی بەپرۆســـەكە كردووەو، بڕیارەكەی كۆنگرە دەكاتە ئەكتێكی سیاسی بەرجەستە، دەمێنێتەوە ســـەر ئەوانی دی كـــە ئایا تاچەندە لە ڕووی دەروونی و سیاســـییەوە بڕیاری تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشـــە نالەبارە و دەستپێكردنی دۆخێكی تازەیان داوە، زەمینەیەكی وا كە لە خزمەت گەلی كوردستان و
پرۆسەی حوكمدارێتی كوردستاندا بێت.