ڕۆژی ئاڵای كوردستان

تریفە خەلیل

١٧ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کراوە و ناسێنراوە . ساڵانە یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە و لەمڕۆژەدا یادەکە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت. خەڵک و قوتابیان و مامۆستایان و بەشێک لە فەرمانبەران لە داو و دەستگە فەرمییەکاندا جلی کوردی دەپۆشن و شادیی خۆیان لەڕێگەی هەڵکردنی ئاڵا و پۆشینی جلی نەتەوەیی دەردەبڕن . لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥ بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن پێشەوا قازی محمد لە مەیدانی چوارچرا لە شاری مەهاباد، یەکەم پاتەختی کوردان، بۆیەکەم جار ئاڵای کوردستان هەڵکرا و پاش ٥٤ ساڵ و لە بەشە ئازاد کراو و ڕووناکەکەی کوردستان و لە پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە ٢٦یڕۆژی ١٩٩٩/١١/١١ بە فەرمیڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی بەڕۆژی ئاڵا داندرا و ناسێنرا .
ئاڵا لە سادەترین پێناسەیدا بە سیما و ناسنامە و دروشمی هەر نەتەوە و دەسەڵاتێکی سیاسی لە مێژوودا دادەنرێ . بۆیە کوردیش وەک نەتەوەیەکی دێرینی خاوەن ماف و خاوەن ئاڵا و شووناس و شکۆ ئاڵای خۆی هەیە . ئاڵا شکۆدارەکەمان لە چوار ڕەنگ پێک دێ، چوار ڕەنگی گەرمی کوردی!
ڕەنگەکانی : سوور، سپی، زەرد، سەوز، کە هەریەکێکیان خاوەن دەلالەت و هەڵگری پەیامێکی نەتەوەیەکی ماف خوراون !
ڕەنگی سوور : کە بە مانای خوێن و شەهید و قوربانی دێڕەنگێکی ئاشنایە بە کورد !
ڕەنگی سپی: کە دەلالەتە لە ئاشتی و لێبووردەیی و پاکژیی و ڕەنگدانەوەی ئەو سیفاتانەنن کە کوردیان پێ ناسراوە .
ڕەنگە زەردەکەی و ڕۆژەکەی ناوی بیست و یەک تیشک مانای شۆڕشی خاکەلێوە و جەژنی پیرۆزی کوردان دەدەن، کە نەورۆزە؛ ئەوە جیا لەوەڕەنگی زەرد هێمایە بۆ ئومێد و ڕەنگێکی هێمنکەرەوەیە .
ڕەنگی سەوز: نوێنەرایەتیی سرووشتە سەوز و جوان و پاکەکەی کوردستان دەکا.
ئاڵا شکۆدار و ڕەنگاوڕەنگەکەمان سیمبوولی ئێمەیە لە تەک سروودی هەمیشە زیندووی ئەیڕەقیبی دڵدار و چیاکان ئەو چیایانەی تا ئێستاکەش پشت و پەنای کوردن . کەچی بە داخەوە ڕۆژانە و ساڵانە دەبینین کە لە بۆنەکاندا چۆن ئاڵا بە بەهەڵە و نادروستی هەڵدەکرێ ! هێشتا هۆشیاریی تەواومان لەسەر چۆنییەتی هەڵکردنی ئەو ئاڵایەی کە لە ژێر سێبەریدا بە ئاشتی و سەلامەتی دەژین، نییە. چەندین جار بینیومانە، کە چۆن لە بەشێک لە داو و دەستگە فەرمی و حکوومییەکاندا، ئاڵا بە جوانی هەڵناکرێت و ڕێزی لێناگیرێت یا ئاڵاکە دڕاو و پارە پارچە بووە وەک جیاوازیەکانمان ! . دڕاو و لێکهەڵوەشاوە وەک مێژوومان . ئەوە جیا لەوەی چەندان جار پاتە بۆتەوە کە ئاڵا بە سەرەوژێری هەڵدەکرێ و بێ ئاگایانە ڕەنگی سەوز دەچێتە سەرێ و ڕەنگی سوور شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارێ ! ئەم کێشەیە تەنیا لە هەڵکردن و بەرزکردنەوەدا کورت نابێتەوە بەڵکو هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگەیش وەک پێویست نییە و بە هەڵە سێمبوولی ئاڵا لەیەخە دەدرێ و هەمدیس سوور و خوێنی شەهیدان بێ
مەبەست دادەگرینە خوارەوە.

ھەواڵی زیاتر