وشە‌ وای گوت

سالار عوسمان

پەیامە کورتە پڕ ماناکەی بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە بەوە ناسراوە، کە کورت قسە دەکات و زۆر مانا دەبەخشێت، ئەمەش خەسڵەتێکی پۆزەتیڤی ئەو ســـەرۆک و ڕابەرانەیە، کە بەرهەمداریی لە پەیڤ دەکەن، پێخەمەت ئامانج، ڕوون و زەڵاڵ دەپەیڤن و وەرگرەکانیان ماندوو ناکەن، تایبەت لە زەمەنێکدا، کە قەرەباڵغی ژیان، دەق و ئاڵۆزییەکان وەرگرەکانیان بە ڕادەیەک ماندوو کردووە، کە ئیتر کاتی ئەوەیە بیر لە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ دەق و پەیامی میدیایی بکەینەوە، تێگەیشتنێک،
کە ڕوون و سادە ئامانج کۆبکاتەوە و ئاراستەسازیی بەرجەستە بکات. سەرۆک مەسعود بارزانی دوێنێ لە ڕۆژی پڕ شکۆی ئاڵای کوردستاندا پەیامێکی کورت، لێ پڕ مانای بڵاوکردەوە، کە لێرە و لەم دەلیڤەیەدا، ئەگەر بە کورتییش بێت، تیشک دەخەینە سەر پڕ ماناییەکەی. ســـەرۆک بارزانی لە وەســـفی ئاڵای کوردستاندا، لە میانی (18) هەژدە وشەدا، بەڵێ تەنیا هەژدە وشە، بابەتگەلێکی باسکردووە، کە دەکرێ ئاوا پۆلینی بکەین: -بەهای هاوبەشی خەڵکی کوردستان. -قوربانیدان. -ئاشتیخوازی. -پێکەوەژیانی کوردستانییانە.
یەکەم: بەهای هاوبەشی خەڵکی کوردستان کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش هەر بەو بەها هاوبەشانە دەژی، ئەم بەها هاوبەشانە هەستی هاوبەشی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسیی بەرپرسانەی چێ کردووە و دەبێ هەمووان قووڵتری بکەنەوە.
دووەم: قوربانیدان ئەرێ چ گەلێک بەقەد گەلی کوردستان قوربانیداوە و نەگەیشتبێتە ئارمانجەکانی؟.. ئەرێ چ نەتەوەیەک بە قەد کورد خوێنی ڕژێنراوە و تا ئێستایشـــی لەگەڵ دابێت نەیار و ناحەزانی لەوە حاڵی نەبووبن، کە کورد بە شەڕ لەناو ناچێت، لەوە حاڵی نەبووبن، کە کورد ئامادەیە سەربەرزانە بمرێت نەک زەلیلانە بژی!… کەواتە کورد نەتەوەیەکی گیانبەخشە بۆ ژیان، بۆ ئەو مافانەی هەموو نەتەوەکانی تر هەیانە!..بۆیە دەبێ قوربانیدان وا پێناسە بکەینەوە، کە کورد بەدوای ژیاندا دەگەڕێت، نەک بە دوای مەرگدا !..
سێیەم: ئاشتیخوازی ئـــەوە گەڕانـــە بەدوای ژیاندا وای لە کورد کردووە ئاشـــتخواز بێت، وای لە کورد کردووە بەردەوام دەســـتێکی لە نێو دانووستانەکاندا بێت، ئێستایش هەر وایە، ئاشتی لە کوێ بێت کورد و گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوێیە، بەڵام بەو مەرجەی ئاشتیی ڕاستەقینە بێت و هەمووان تیایدا هەست بە شانازیی بکەن!..
چوارەم: پێکەوەژیانی کوردستانیانە ئەمەیش هێزێکی هەرە ڕۆشـــن و ســـەردەمییانەی کوردستانە، کە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی و، بەردەوام دەبێ بیکەینە چرای ڕێگا و کۆڵەکەی وەستان و شیانی پەڕینەوە بەرەو باشتر. پێکەوەژیانی کوردســـتانییانە قەناعەتی نەگـــۆڕی ئێمەیە بۆ ژیان، ئەم فرەڕەنگییەی لە کوردســـتان هەیە هێزی پێ بەخشیوین، تابلۆی ژیانی ڕەنگدارتر کردووە، لەبەرامبەردا دونیای دەرەوەش بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و هەمیشەش بۆتە بنەمایەک لە بنەماکانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە دەبێ بەرهەمدارتر بکرێت. دوماهی: ئەو چوار چەمکە ڕۆشنەی لە وەسفی ئاڵای کوردستاندا لە پەیامە کورتە پڕ ماناکەی (سەرۆک بارزانی) دایە، پێمان دەڵێت: کوردستان بەهای هاوبەشی باڵای هەیە، گەلەکەی لە پێناویدا قوربانی بەخشیوە، دەیەوێت ئاشتیخوازانە
گرفتەکانی چارەسەر بکات و پێکەوە لەگەڵ هەمووان بژیت