دە‌سە‌ڵاتی دوگمە‌

پ.د. نەزاکەت حسێن

سەردەم، سەردەمی سیستەمی زانیارییە، لەسیستەمی زانیاریشدا وەک ‘مارک سۆڵمس” زانایەکی دەرونناس و شیکاری دەرونیی باشووری ئەفەریقاییە، دەڵێت: ” لەسیستەمی زانیاریدا زۆر شت تێک شکاوە، دیموکراسییەت تێک شکاوە، ئێتیک تێک شکاوە، گفتوگۆ تێک شکاوە، گفتوگۆ لەژیانی واقعی چووەتە ناو ژیانێکی گریمانەیی سنورداری وەک سۆشیاڵ میدیا وتەکنەلۆجیا، ئەمانەش، هەموو لەسەر سەرنج ئیش دەکەن. چۆن سەرنجی خەڵک ڕاکێشن لەجیهانێکی قەرەباڵغ بەزانیاری و مرۆڤ بەرکەوتە دەبێت بە
شەپۆل و لێشاوێکی زانیارێ’.
مرۆڤ خاوەنی هەستە، هەستەکانی خۆشەویستی و ڕق، هەستەکانی ویستن ونەویستن. ئەوەی ئەمڕۆ لە سۆشیاڵ میدیا وئەپلیکەیشنەکان پێ دەوترێت لایک و دیسلایک، مرۆڤی لەکۆنترۆڵ و دیسپلینی خۆی دەرکردووە بۆ دانانی پەنجەی لەسەر دوگمەکانی ڕق وخۆشەویستی و لایک و دیسلایک. بەپێی زانستی سۆسۆلۆژیا مرۆڤ لەژیانی واقعیدا کە ڕووداوێک ڕوودەدات چاودێریی بارودۆخەکە دەکات و بیری لێدەکاتەوە تا لێی بگات، ئەمە کاتێکی دەوێت تا هەستەکەی بە ویست یان نەویست، ڕق یان خۆشەویستی دەربڕێت. بەڵام لەجیهانی سۆشیاڵ میدیادا ئەم بیرکردنەوە نییە؛ خێرا بڕیاری خۆی لەسەر یەکێک لەم دوگمانە دەدات بۆئەوەی سەرنج ڕاکێشێت. دوگمەکانی ڕق و توندڕەوی و ئیرهابی زۆرترین سەرنج و لایک و کاردانەوەیان هەیە لە سۆسیاڵ میدیادا، بە گوێرەی توێژینەوەیەک کەساڵی ٢٠٢١ لەبەر فەیسبوک و بەکارهێنانەکانی لەزانکۆی وێستمینیستەر کراوە، ڕێژەی سەرنجڕاکێشان بۆ بابەتە ئیرهابیەکان و ڕقاوییەکان سێ هێندەی بابەت بەزمەسات و
نەرم و ئارام وخۆشەویسیتەکان بووە .یۆڤاڵ هەراری، فەیلەسوفی سەردەم و مامۆستا لەزانکۆی ئۆرشەلیم دەڵێت:” دوگمەکانی ڕق و خۆشەویستی و ویست و نەویستن لە مێشکی مرۆڤدا هەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لەسۆشیاڵ میدیا ومامەڵەی مرۆڤ لەناو تەکنەلۆجیای زانیاری و زیرەکیی دەستکرد، ئەودوگمانە خێرا لەمێشکەوە دەردەچن؛ بەهۆی تەکنەلۆجیاوە وا دەکات مرۆڤ کاردانەوەی خێرای هەبێت و زوو ئەم هەستانە دەربڕێت بەلایکێک یان دیسلایک، یان دەست خستنە سەر دوگمەی خۆشەویستی یان ڕق. “لەلایەکی ترەوە توێژینەوەکان لەسەر سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنەرەکانی زۆربەیان ئەوەیان سەلماندوە کە مرۆڤ ئیدمان دەبێت ئالودە دەبێت بە بەکارهێنانی ئەم تۆڕانە، ئیدمانبوونیشی بە دەستخستنە سەردوگمەکانی ویستن و نەویستن و ڕق و خۆشەویستی هەست بەدەسەڵات دەکات، ئیدمانی دەسەڵاتێک دەبیت کە لە ژیانی واقعدا نەیبووە. بۆ نموونە هەریەکە لەئێمە پێش ئەم تەکنەلۆجیا و سیستەمی زانیاری و تۆڕی کۆمەڵایەتی و جیهانی گریمانەیی، سنووری پەیوەندی و کاریگەریمان لەناو خزم وکەسوکار و گەڕەک و کۆمەڵگە بچووکەکەی خۆت و هاوڕێکانت و هاوپیشەکانت بووە، ئێستا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەناو جیهانێکدای دەتەوێت لەناو ئەم جیهانە بێسنوورەدا دەسەڵاتت و بوونت هەبێت. سەرنج ڕاکێشیت بۆیە هەموو پێوەری مرۆیی، ئێتیکی، بەها، دیموکراسی تێک دەشکێنیت تەنها بۆئەوەی هەبێت و لەناو ئەو لێشاوە زنیاریانە زانیاریەکانی تۆ سەرنج ڕاکێشبێت. هەروەک مارک سۆڵمس ئەم د ەسەڵاتە بۆ زیرەکیی دەستکردیش باس دەکات کە ئەمڕۆ هەمووی دوگمەیە، بەدەست خستنە سەر دوگمەیەک دەتوانیت گەورەترین کاولکاری بەئامێرە سەربازییەکان بکەیت. یۆڤاڵ هەراری دەڵێت مرۆڤ پڕە لە ڕق، مەترسیش ئەوەیە لەگەڵ ئەم پڕ بوونەوە لە ڕق دەستی لەسەر دوگمەی چەکی ئەتۆمیە، دەتوانێت بە دەربڕینی هەستیکی و دەستدانان لەسەر دوگمەی پۆست ‘بینێرە’ ترس و دڵەڕاوکێ و وێرانی سایکۆلۆژیای دەروونی هەزاران فۆڵۆوەری خۆی بکات لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی، بگرە ئاسایشی کۆمەڵگە و جیهانێکیش بخاتە مەترسیەوە. بۆیە دەسەڵاتی دوگمە کە لە سیستەمی زانیاری و تەکنەلۆجیای زنیاری و زیرەکی دەستکرد پاوەر و دەسەڵاتێکی داوە بە مرۆڤ کە هەموو بەها و پرینسیپە ئێتیکی و مرۆییەکانی خستووەتە مەترسییەوە . مارک سۆڵمس دەڵێت “هەرچی پرسیارم لێ دەکرێت تێڕوانینم بۆ ئایندە چۆنە وەک زانایەکی دەرون ناسی و بەوەش ناسراوم دۆزەرەوەی دەماغی میهرەبانیم لە مرۆڤدا بەڵام دەڵێت ڕەشبینم بە ئایندەی مرۆڤایەتیی لەم جیهان و دەسەڵاتی دوگمەیەی کە کەوتوەتە بەردەست مرۆڤایەتی. تەنانەت یۆڤاڵ هەراری ئەم نەزعەیە بەنەزعەی ئاژەڵی باس دەکات و دەڵێ: ئاژەڵ، کاردانەوەی خێرای بێ بیرکردنەوەی بۆ هەستە خۆشی و ناخۆشیەکانی ویستن و نەویستەکانی هەبووە، مرۆڤ وا نەبووە کەسەیری ناخی خۆت بکە ئەم هەستانە سادەن دەتوانیت ئاسان کۆنترۆڵیان کەیت، بەڵام لەسیستمی زانیاری و بە بوونی ئەم تەکنەلۆجیایە کە چەکی دوگمەی خستوەتە بەر دەستی مرۆڤ، مرۆڤ وەک ئاژەڵ ڕ ەفتاردەکات، خێرا بێ بیرکردنەوە بێ هەست بۆ شتەکان بەلایک و دیسلایک کاردانەوەی خێرا دەکات .چونکە خێرا هەستەکە دەگوازێتەوە بۆ پەنجەکانت بۆ سەر دوگمەکان بێ بیرکردنەوە.

ھەواڵی زیاتر