چاكسازیی سیستە‌م،یان كوتانە‌وە‌ی ڕێگە‌ی پێشینان؟

فازڵ میرانی

لەبەر مێژووی درێژ و ئەزموونی قوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕژێمانەی حوکمی عێراق یان ”بە گوێرەی واقیعی سەپاو” وڵاتانی دیکەیان کردوە، ئێمە توانای دەستنیشانکردنی هەڵەکان و دارشتنی باشترین چارە و گەیاندنی چێترین بیرۆکەمان پەیدا کردووە بۆ ئەوەی دەستەڵاتی حوکمڕانی لە هەڵە و ترازان لە ڕاستەڕێ، بپارێزین.
گشت ئاماژە و بەرەنجامەکان لە ساڵی ۱۹٦۱ تا ئەمڕۆ، ئاشکراکردنی پەلە و هەڵەشەیی ناوخۆیی ڕژێمن کە لە گۆشەیەکی خزاندوون لەوێدا چاکسازیی بووەتە مەحاڵ و ئیدی لە ناوخۆ یان لەدەرەوە ڕژێمە گوڕاوە. هەڵبەتە زۆربەی جاران، لە عێراق، گۆڕانی ڕژێم بە دەستی دەرەکی جێبەجێ کراوە.
لە ڕووی بابەتی مێژووییەوە ناکرێ ڕژێمەکانی پێشوو لەو دەستکەوتانەی لە زۆر بواردا کردوویانە، بێبەریی بکەین، بەڵام هەڵسوکەوتە ئەمنی و سەربازییەکانیان دژ بە بەرهەڵستکاران و توندو تیژییان لە سەپاندنی ئەرکەکانیاندا، باشییەکانیانی داپۆشیوە. ئەم خەوشە، خەوشێکی مێژووییە و بووەتە کەلەپووری هزر و بووەتە کریارێکی هەزار گاسنە، ئیدی سیستەمی حوکمڕانی ”ڕژێم” وا دەزانێ میڵەت موڵکێکی بە تاپۆی ڕەش تۆمار کراوە و تەواو.
بۆ لێگەیشتنی ئەم خەوشە، باشترە شوێنپێی ڕەوتی حوکمڕانیی لە ناوچەکەماندا هەڵبگرین یاخود سەبارەت ئەو حاڵەتە دەگمەنانەی مێژوو بکۆڵینەوە کە تێیاند فەرمانڕەوایەک لە مانای مرۆڤایەتی وسیاسیی بەرپرسیارەتی گەیشتبێت.
چاکسازیی کارێکی ئاسان نییە، ئاخر خراپەکاران بەهێزن و دارودەستەی زۆریشیان هەن، کەسێکیش ئەگەر خۆی مرۆڤێکی چاک نەبێت، ئەوا بانگەشەی چاکسازییەکەی وەک ئاوهێنان بە بێژنگ وایە و وا باشترە بێدەنگ بێت.
کاتێک هەردوو لایەنی هاوکێشەکە ” فەرمانڕەوا و میڵەت” ڕۆڵی خۆیان لە هاوکێشەکە دەزانن، ئەمەیان نیوەی وەڵامی چاکسازییە، بەڵام کە فەرمانڕەوا خۆی بە نوێنەری خوا بزانێت و میڵەتیش قەناعەت بە کویلەبوونی خۆی بکات، ئیدی لێرەوە وێرانی دەست پێدەکات، ئەم وێرانییەی ئەمڕۆ و ئەوەی کەڵەکەبوو کە بانگەشەی ڕاگەیاندن دایپۆشیووە و بێشەرمانە پەنجەی کردووە بە چاوی میڵەتاندا.
لە دوای ۲۰۰۳ وە هەر کە قەیرانێکی عێراقی سەرهەڵدەدات، پرسیارێک قوت دەبێتەوە: بۆ ڕژێمی پێشووتان لابرد کاتێک ڕژێمی هاتوو هەمان خراپەی ڕژێمی پێشوو بە زیادەوە دووبارە دەکاتەوە؟ ئەوەتا قسەی زۆر و کاری کەم، هەڕەشە و ساختەکاری و دزی و گەندەڵی، بوختانی بێبنەما و نەبوونی ئاراستەی ڕاست بووەتە کارنامەی حوکمڕانیی ئەمڕۆی عێراق.
وەڵامی ئەو پرسیارە ئەمەیە: هێشتا کەلێنی هزریی لە عەقڵی فەرمانڕوادا چارە نەکراوە، ئەو کەلێنە وەک پەتا لە گشت سەردەمەکاندا ئامادەیە.
ئێمە کێشەمان لەگەڵ حکوومەتدا نییە، ئاخر حکوومەت دەستگەیەکی جێبەجێکارە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، ڕەوتاری لە ڕەوتاری فەرهەنگی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت و پشت بەو قانوونانە دەبەستێ کە زۆربەی جاران، بە باڵای پێوەرەکانی سەردەم بڕاون.
بۆیە سەقامگیریی قانوون لە وڵات هەمیشەیی نییە و پەکخستنی دادپەروەریی لەگەڵ بەرزبوونەوەی قووچکەی دەستەڵاتدا دادەگەڕێت. عێراق پێویستییەکی زۆری بە ئەنجوومەنی حەکیمانە، بە مەرجێک پەلی بۆ ناو خەڵک و دەرەوەی چوارچێوەی دیاریکراو هاویشتبێت، ئەنجوومەنێک بۆ دارشتنی نەخشەی چاکسازی خۆی تەرخان کردبێت و نەخشەیەکی گەورەتریش بۆ دەستنیشانکردنی باری ڕاستەقینەی وڵات لەخۆ بگرێت، نەک نەخشەیەکی خەیاڵی کە لەلایەن مشەخۆرانی سەر حسابی خوێن و ماڵ و بیرکردنەوەی عیراقییەکان داڕێژرابێت. ئەنجوومەنێک لە ڕێڕەوی ئەو زیانانە بکۆڵێتەوە کە دەستەڵات لە میڵەتی داوە، ئاخر ڕژێمەکان جێی یەکتر دەگرنەوە و سەیر لەودایە ڕژێم و دەوڵەت سیفەتی زیانلێدانی میڵەت بە میرات وەربگرن!
ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە چەند؟ ئەی داهاتیان چەندە و کێ دەوڵەت دژایەتیی و زۆری لێکردووە؟ قانوون تا چ ڕادەیەک سەروەرە؟ کارە یەکەمینەکانی دەوڵەت چین و تێچووی جێبەجێکردنیان چەندە؟ وەڵامی هەر پرسیارێک لەم
پرسیارانە دەبێتە تەقەڵێک بۆ دوورینەوەی کراسی شڕی نیشتمان، کە زۆر خزانە‌ هەمان ئەو کونجەی ڕژێمەکانی پێشووی تێخزان، باشترە.

ھەواڵی زیاتر