د. ڤیان سلێمان
لە سەردەمێکدا کۆمەڵگەی کوردستانی لە لایەکەوە بەهۆی جیاکاری نەتەوەیی و لە لایەکی دیکەش بەهۆی باری کۆمەڵایەتی خودی کۆمەڵگاکە و باڵادەستی هزری پیاوسالاری بە دۆخێکی خراپی گوزەران و ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا تێ دەپەڕی، تاکەکانی کۆمەڵگە وێڕای ستەمی نەتەوەیی بە مەبەست و پلانڕێژراو، لە هۆشیاربوون و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی زانیاری و ڕۆشنبیری گشتی دوور دەخرانەوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا لە قۆناخێکی سەختی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا بوو، پشتیوانی داخوازی ئافرەتانی یەکسانیخوازی کرد و بە ڕاسپاردەی (بارزانی نەمر) باوکی ڕۆحی نەتەوەیی گەلی کوردستان بڕیاری دامەزرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی دەرکرد.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ڕێکخراوی دایکی سەرجەم ڕێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستانە، لە سەرجەم قۆناخە جیاجیاکان کە کۆمەڵگەی کوردستانی پێیدا تێپەڕیوە وەکوو نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و لە هەر قۆناخێکدا ئافرەتانی تێکۆشەری پێگەیاندووە و هەناردەی بوارەکانی ژیانی سیاسی و کارگێڕی و پەرلەمانی کردووە و ڕۆڵی کاریگەری لە سەرجەم مافە بەدەستهاتووەکانی بزاڤی یەکسانیخوازی ئافرەتانی کوردستان هەیە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئەمساڵ پێ دەنێتە حەفتا ساڵەی دامەزراندنی و دەچێتە نێو ساڵێکی نوێی تەمەنی کاری ڕێکخراوەیی و خەباتی یەکسانی بۆ دەستەبەری ماف و دەرفەت و بەرپرسیاریەتی یەکسان بۆ ئافرەت، بەو پێیەش بە پاشخان و میراسی تێکۆشانی دەستەبژێری ئافرەتانی بیر ڕووناک و تێکۆشەری قۆناخە سەختەکان لە نموونەی ناهیدەی شێخ سەلام و دەیانی دیکەی سەردەمی شۆڕشەکان و سەدان و زیاتری دوای ڕاپەڕینی ئازادی درێژە بە کاروانی خەباتی ئەم ڕێکخراوە دراوە.
لە سۆنگەی ئەوەی کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەشێکە لە پرۆژە گەورەکەی پارتی بۆ گەلی کوردستان، کە بە دڵنیایییەوە پارتی بە سەرۆکایەتی ڕابەری کوردایەتی و پێشەنگی نیشتمانیمان جەنابی (سەرۆک بارزانی) خاوەن پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و تاکە گەرەنتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەو پێیەش ئەرکی پارتی تەنیا ئەوە نییە وەکوو هەر حیزبێکی سیاسی هەوڵی فراوانکردنی ڕێکخستنەکانی و گەیشتنە دەسەڵات بدات، بەڵکوو پارتی خاوەن سیاسەتێکی ستراتیژییە بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و ڕوانگەیەکی مەدەنی پێشکەوتووخوازە بۆ جڤاک، دیدگایەکی زانستی دامەزراوەییە بۆ پرۆسەی حوکمڕانی و لە ئاست هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و گشت پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت، هەر بۆیە ئەرکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەکوو ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی سەر بە پارتی زۆر قورسە و پێویستە لە ئاست متمانەی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و گەورەیی ئامانجەکانی پارتیدا بێت.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەکوو ڕێکخراوێکی جەماوەری فرە ئەندام لە ڕێگای ئۆرگانەکانی و لە چەندین تەوەرەوە کار بۆ پرسی ئافرەت دەکات و دەتوانم بڵێم هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بە ئافرەتی فەرامۆش نەکردووە، لە کارکردنی تیۆری و پراکتیکی لەبارەی دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و هۆکارەکانی و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی و هاوکاری و پشتیوانی قوربانیانی توندوتیژی و لەخۆگرتنی کەیسەکانیان و هەڵوێست وەرگرتن لە ئاست توندوتیژییەکان، گرتنەبەری پرۆسەی تواناسازی وەکوو چەمکێکی هەمەلایەن و هەوڵدان بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان لەڕووی هزری و پیشەیی و بەهێزکردنیان لەڕووی دەروونی و کەسایەتی،
بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سیاسی لەنێو ئافرەتان و کارکردن بۆ پێگەیاندنی کادیری سیاسی ئافرەت و جەختکردنەوە لە گرنگی هاوبەشی ئافرەت لە کایەی سیاسی، دامەزراندنی تۆڕێکی ڕاگەیاندن بە مەبەستی خستنە بەر باسی زیاتری پرسی ئافرەت، هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی چەمکە سەردەمییەکان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری فێمینیزمی لەسەر گرنگی ڕۆڵی ئافرەت لە کایەکان و جێگرتنی پەروەردە و زمانی سەردەمی و هەڵدان بۆ نەهێشتنی توخم و ڕەگەزەکانی بیری پیاوسالاری. هەروەها لەخۆگرتنی چەندین دۆسیە و بابەتی دیکەی تایبەت بە ئافرەت.
لایەنێکی دیکەی هەرە گرنگی بەرنامە و ڕوانگەی یەکێتی ئافرەتان بەشداری و هاوهەڵوێستی ڕێکخراوەکەیە لە پرسە سیاسی و چارەنووسسازەکانی گەلەکەمان، لە ڕوانگەی یەکێتی ئافرەتانەوە، ئافرەت ئەرکدارە بەرامبەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی کوردستان و هاوبەشە لە ئەرکە نەتەوەیییەکان هەر وەک پێویستە هاوبەشیش بێت لە کایەی سیاسی و دەسەڵاتە جیاجیاکان، هەر بۆیە پێویستە ئافرەت ڕابهێنرێت و ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بە دیدی ئافرەتانەوە هاوبەشی ڕەگەزەکەی دیکە بێت لە پرۆسەی سیاسی. ئێمەی ئافرەتان لە سایەی قەوارەی هەرێمی کوردستان
بە گەلێک لە مافەکانمان گەیشتووین و دەتکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە، خواستی ئێمە لەمە زیاترە، بەڵام بیرمان نەچێت بارودۆخی ئێمە لەئافرەتانی وڵاتانی دەوروبەرمان و خودی دەوڵەتی عێراق زۆر لە پێشترە، تەنانەت هەر لەم ماوەیەدا هەوڵ درا لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە یەکێک لە مافە بەدەستهاتووەکانمان لەبار ببرێت؛ بۆیە یەکێتی ئافرەتان بە هەموو توانای مرۆیییەوە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
یەکێتی ئافرەتان دژی هەموو باوەڕێکی پیاوسالارانە بۆ دوورخستنەوەی ئافرەت لە ژیانی گشتی کۆمەڵگە و هەر دابەشکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز دەوەستێتەوە و تێکۆشانی بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆنراو لە سەر بنەماکانی مرۆڤسالاری ئاراستە دەکات و بە هیچ شێوەیەک پشتگیری هیچ ڕوانگەیەکی پەڕگیر و تاک ڕەهەند و گوتاری دژە پیاو ناکات، بەڵکوو بڕوای بە پەیوەندی یەکسانیخواز و تەواوکار و هاوبەشی و هاوسەنگی هەر دوو ڕەگەز هەیە. یەکێتی ئافرەتان شانازی بە کولتووری مرۆڤدۆستی کورد دەکات کە لە ڕەسەنایەتی ئەم کولتوورەدا ئافرەت خاوەن ڕێز و پێگە بووە، زۆربەی ئەو ڕەگەزە کولتوورییانەش کە لە ئێستادا دژی ماف و ئازادی ئافرەتن هۆکاری سەرەکییان بۆ ئەو زنجیرە شەڕ و داگیرکەرییانەیە دەگەڕێتەوە کە بەسەر ئەم گەلەدا هێنراوە، هەر وەک کێشەی چەوسانەوەی ئافرەت و نایەکسانی هەر دوو ڕەگەز پرسێکی مێژوویی جیهانییە و لە ئەنجامی بارگۆڕانی ژیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی ئافرەت دووچاری چەوسانەوە بووە و تایبەت نییە تەنیا بە کۆمەڵگەی ئێمەوە، ئافرەتی کورد لە کاتێکدا قوربانی چەوسانەوەکانە، لە هەمان کات خاوەن چیرۆکی سەرکەوتن و شانازی بەخشە و لە قۆناخی خۆ پێگەیاندن و خۆئامادەکردندایە بۆ ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتی یەکسان.
لە ئێستاشدا مەبەستمانە کە ئافرەتی کورد پێکهاتەیەک بێت لە ڕەسەنایەتی ئافرەتی کورد و بەهاکانی ئافرەتی سەردەمی، ئازا و ئازاد، بەتوانا و خاوەن پرەنسیپ، زانستخواز و نوێگەر بێت، هەموو ئەو تایبەتمەندییانە لە خزمەت پێشکەوتنی خۆی و کۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتمان بەگەڕ بخات، ئەرکی خۆی لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنی نەوەکان بە باشترین شێوە و لەسەر بنەمای پەروەردەی سەردەمی نیشتمانی جێبەجێ بکات، نموونەی خوازراوی ئافرەتی کورد لای یەکێتی ئافرەتان ئەو جۆرە ئافرەتەیە کە ئەو تایبەتمەندییانە لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، هاوبەشی نەتەوەکەی بێت لە خەباتی نەتەوەیی و پرۆسەی سیاسی و هاوبەشی ئافرەتانی جیهان بێت لە بزووتنەوەی فێمینیستی بۆ گەیشتن بە ماف و دەستکەوت و بەرپرسیاریەتی یەکسان، بۆ هاوسەنگکردنەوەی کۆمەڵگە و یەکسانی لە هەموو کایەکانی ژیانی جڤاکی و ئیداری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە هەموو پرسەکان و ناوەندە فەرمی و نافەرمییەکان. ئەم یادە لە خۆمان و هەموو ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت.