دە‌ستە‌بە‌ربوونی مافی ئافرە‌ت بە‌ كاركردنی رێكخراو بۆ نموونە‌ یە‌كێتی ئافرە‌تانی كوردستان دە‌بێت،نە‌ك بە‌ كۆپی كردنی رێكخراوە‌كانھ دە‌رە‌وە‌

بەهێزبوون و بەردەوامبوون و رێزگرتن لە کەسایەتی مرۆڤ وا دەکا پێگەی ئافرەت بەرزتر بێت، رێگری و کەمکردنی تاوان و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان پێویستی بە پێداچوونەوە بە یاساکان هەیە و لە پاڵ یاساکان جێبەجێکردنی یاساش گرانترین رێگه چارەیە بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بەرقەراربوونی ئارامی خێزان. گومان لەوەدا نیە کە پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگه ی کوردی
تا رادەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچووە، ئافرەت توانیوویەتی بوون و توانای خۆی بسەلمێنێ و بەشدار و ئەندامبوونیشی لە رێکخراوە مەدەنی و حزبیەکان وایکردوە کە باشتر و رێکخراوتر کار بۆ مافە رەواکانی خۆی بکات، لە بیر نەکەین کە رۆڵ و پێگەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە کۆمەڵگه و پێگەیاندن و هۆشیار کردنی ئافرەت لە مافەرەواکانی رۆلێکی گرنگ و پێویستە. کاری رێکخراو و پابەندبوون بە کلتورە جوانەکان و دوورکەوتن لە پاڵپشتی پیاوسالاری و جەختکردن لە سەر هاوبەشی و یەکسانی و رێزگرتن لە یەکتر چارە و قەڵغانێکە بۆ دۆزی ئافرەت و دەستەبەربوونی مافە رەواکانی ئافرەت، ئەوەی شایەنی شانازیە مێژووە پر سەروەریەکەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە، کاتێک کە بەراورد دەکرێ لەگەڵ رێکخراوەکانی ئافرەتان لە دەرەوەی نیشتمان دەبینین یەکێتی ئافرەتانی کوردستان یەک لە رێکخراوە دەستپێشخەرەکانە کە بە راسپاردەی دامەزرێنەر و سەرۆکی حزب بارزانی نەمر لە سالی 1952 دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە، زۆربەی رێکخراوەکانی ئافرەتان لە دەرەوەی حزب خەمخۆریان نەبووە، بەڵام خۆشبەختانە باوەری بارزانی نەمر بە هێزو تواناو رۆڵی ئافرەت،و باوەری بارزانی نەمر و دۆخی کورد و ئافرەتان گرنگبووە و گرنگە کە رێکخراوێكی وەک یەکێتی ئافرەتانی هەبێت کە ئێستا بەرهەمی ئەم رێکخراوە پیرۆزە رۆژ لە دوای رۆژ دەبینین لە گەیاندنی ئافرەت و هۆشیاری کۆمەڵایەتی بۆ کەمکردنی توندوتیژی و بنبڕکردنی کوشتنی ئافرەت و رۆڵی لە هەموارکردنی یاسا بۆ بەرژەوەندی ئافرەت. گرنگە ئافرەتی کورد بزانی دەستەبەربوونی مافی ئافرەت بە کارکردنی رێکخراو بۆ نموونە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەبێت، نەک بە کۆپیکردنی هەندێک لە رێکخراوەکانی دەرەوە، چونکە هەندێکیان زۆر دوورن لە کەلتوور و کۆمەڵگهی کوردی، پێشکەوتن بە کۆپیکردن نابێت. کۆپی کاڵبوون بە خۆ دەبینی بەڵام رێکخراوێک کە لە ناخی نەتەوە و کۆمەڵگهی خۆمان هەڵقوڵاوبێت وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان نوێبوونەوەی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر