خۆسە‌ریی سە‌مە‌رە‌ و دانپێدانانە‌كە‌ی پە‌كە‌كە‌..

كاوە میران

كە دەڵێین بەرژەوەندیی كورد لە كوێ بێت، پەكەكە لەوێ ئاژاوە دەنێتەوە و هەوڵی لەناوبردنی دەدات، بەبێ بەڵگە وا ناڵێین.
ئەو دانپێدانەی، گوتەبێژی پەکەکە، هێلین ئومێد، شەرحی دڵی خۆی و سەرانی حزبەكەی دەكات و بێشەرمانە ددان بەوەدا دەنێت، كە ئەوان بوونەتە ڕێگر لە بەردەم دانەمەزراندنی ئیدارەیەكی كوردستانیانەی وەكو هەرێمی كوردستان لە ڕۆژئاوا، هەروەك سپڵەیی و بێوەفایی خۆشیان بەرامبەر هاوكاریی و پشتیوانیی ئەمریكا و ئەوروپا بەیان دەكات و سۆزو ئەمەكی خۆیشیان بۆ گوێلەمستیی داگیركەران دووپات دەكەنەوە.
ئەوەتا پاش ئەوەی هێزی بەعسی سووری ڕۆژئاوای كوردستانی بەجێ هێشت و پەكەكە بە وەكالەت وەریگرت، زلهێزەكانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریكا و فەڕەنسا، سەرەتا دڵخۆش بوون بەوەی هێزێكی كوردی لەو بەشەی كوردستان بتوانێ دەسەڵاتێكی سەربەخۆ بەڕێوە ببات، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، پەكەكە پشتبەستوو بە هێزی چەکداریی خۆی، ڕێگەی لە هەموو پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی گرت و جگە لەوەی ڕێگەی بەهیچ لایەنێكی سیاسیی كوردیی ڕۆژئاوا نەدا لەو بەشەدا خزمەتی بەرژەوەندییەكانی كورد بکەن، بە دامەزراندنی شتێكی گاڵتەجاڕ بەناوی خۆسەریی دیموكراتیك بە هێماكانی پەكەكە و وێنەی ئۆجەلان، بیانوویەکی گونجاو و هەلێکی زێڕینی دا بە تورکیا تاکو بە بیانووی دژایەتیی پەکەکە و پاراستنی سنوورەکانی لە هێڕشی تیرۆرستی، پەلاماری ڕۆژاوا بدات.
ڕەنگە تورکیا وەک ستراتیژ، خەونی داگیرکردنی ئەو بەشەی کوردستانی هەبووبێ، بەڵام سیاسەت و کردەوەكانی پەکەکە ڕێگەخۆشکەری بەدیهێنەری ئەو خەونەی تورکیایە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، با ئاوڕێك لە شاری ڕەقە بدەینەوە:
بەگوێرەی بانگەشەكانی پەکەکە، لە شەڕی گرتنەوەی ڕەقەدا یازدە هەزار شەڕڤانی كردووەتە قوربانی. بەڵام کاتی هێڕشەكەی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین، جگە لەو جەوانە خوێنگەرمانەی ڕۆژئاوا كە ماوەیەك بەرگرییان لە خاكەكەیان كرد، پەكەكە نەك دەستی نەكردەوە، بگرە بیانووی هێرشەكەی بۆ سوپای توركیا ڕەخساند و لەبەری هەڵات و پەلكێشی نێو ڕۆژئاوای كرد. ئەگینا ئەوەی پەكەكە لە ڕەقە كردی، ئەگەر نیو هێندەی بۆ عەفرین كردبایە، بەدڵنیاییەوە هەتا ئێستاش عەفرین نەدەگیرا.
پەكەكەی چوارپارچەخواز، بە دروشمی بریقەداری كوردستانی گەورە، هەزاران گەنجی نیشتمانپەروەری پارچەكانی كوردستانی ڕاكێشی نێو بازنە داخراوە سامناكەكەی كرد. ساڵانێكە لە بانگەشەی ئاشكرای خۆیدا بەبێ سڵكردنەوە پڕۆژە و هزری نەتەوەیی بە شتێكی دواكەوتووانە دەزانێ و بیری برایەتیی گەلان دروشمێكی پێشكەوتووانەیە و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە خیانەت لەقەڵەم دەدا.
پەکەکە لەلایەك دژی بەرژەوەندییەكانی كورد، لە هەموو شوێنێك شەڕی بە وەكالەت بۆ هێز و دەوڵەتە ئیقلیمییەكان دەكا و لەلایەكیش بووەتە نیعمەتێك بۆ سوپای توركیا و هەر شوێنێك ئەو سوپایە حەزی لە داگیركردنی بێت، پەكەكە بیانووەكەی بۆ دەڕەخسێنێ.

ھەواڵی زیاتر