خوێندنە‌وە‌یە‌ك بۆ دوێنێ و ئە‌مڕۆ

ئەسعەد عەدۆ

لەوەتەی ئەو پەڵە هەورە رەشە لە(۲۰١٤)وە ، لە ئاسمانی بەغداوە بەرەو ساماڵە ئاسمانی كوردستان بەڕێوەیە تا دێت تارمایی و دڵتەنگی دەخاتە ناخ و دەروونی خەڵكی خۆمان ، پیاو بۆ خوا بڵێ ئەوان تووندودڕ .ئێمەیش نەرمونۆڵ ! هەرچەندە بە كودەتای زڕبرایان مەندهۆش بووین كەچی تا ئێستا لە سنووری گل و گازاندان دەرنەچووین ، بەڵام ئەوان بەتایبەتی ئەوانەی تا دوێنێ لەسەر خوانی ئێمە سمێڵیان چەور دەكرد یان ئەوانەی تا دوێنێ لە حیسابكردندا بەهیچ شێوەیەك رەقەم نەبوون لە كوردان بوونەتە پەنگرە ئاگر! سەرەڕای ئەو هەموو نائەمواریەی بەسەر كوردی كۆسكەوتوو داهاتوە .تازە بە تازە خەڵكانێك گوایە ئەوانیش سیاسەتمەدارن بۆیە لە روانگەی ئازادی بیرورادا ئاگری دووبەرەكی لەنێوماندا خۆش دەكەن ! بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بۆرە پیاوانە دەمێكە كورد گوتوویەتی : “ ئاغە ژنی بەرچەپەرێ ، باوەشینت كلكی كەرێ “. دوورنیە ئەو مەترسیەی لەلای ئێمەماناندا هەیە ، لەلای نەوەی نوێ بەمشێوەیە بەدی نەكرێ .چونكە ئەو پەندە كوردیە لەسەر ئێمە پراكنیك دەكرێ “ ماران گەز لە گوریسی رەش دەترسێ “ ئەوەی كارەساتی ساڵی ( ١٩۷٥)و مالوێرانی ساڵی ١٩۸۸بینیبێت ناهەق نین ئەگەر لە بارودۆخی ئێستای كوردان بترسێن ! بۆ خودی خۆم لەو نیگەرانیەمدا دوێنێی كوردانم خستەوە بەرخوێندن ، بەتایبەتی مێژووی چوارساڵەی رێكەوتنامەی ئاداری ١٩۷۰، كاتێ لاپەڕەكانی كتێبە بە نرخەكەی كاك مەسعود بارزانی (البارزانی والحركە التحڕیە الكوردیە – الجزء الثالث) ئاوەژوو دەكردەوە بە تایبەتی نامە ئاڵوگۆڕەكانی نێوان بارزانی مستەفاو سەدام حسێن بە یەقینەوە گەیشتمە ئەو قەناعەتە كە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ! نامەكانی بارزانی بریتین لە دەست نیشانكردنی كەموكووری حكومەتی بەغدا بەرامبەر بە كوردان هەروەها گل و گازاندەی هێمنانەو برایانە ، كەچی وەڵامە نامەكانی سەدام بە تایبەتی نامەی رۆژی ١ / ئاب / ١٩۷۰ و ١۳ / تەممووز / ١٩۷١ لەنێوان رستەكاندا لە پەرەگرافەكاندا لە هەموو پەیڤەكاندا لمووز بڵندی جەبەڕووتی تێدا بەدی دەكرێ ! ئەگەرهاتوو قسەكانی سەدام لە تای تەرازووی سیاسەتی سەردەمی ساردوگەرمدا داینێین ، هێندە گلەیی لەو ملهوڕە ناكرێ ! بەڵام ئەوەی جێگەی واقوڕمانە ئەو ملهوڕیە بێ تامەی زڕبرایانی ئێستاكێمانن ، عەرەب گوتەنی ” احنا ولد الگریە ، كل من یعرف خیە “ ئەوانە بە كوڵاوی ، بەبرژاوی ، بەسپیكراوی رۆژێ چەند جارێك باس لە بەغدایەكی بەهێز دەكەن ، دڵنیام ئەگەر بۆیان بچێتە سەر سبەی باس لە “ نەوتی عەرەب بۆ عەرەب “ و “ عێراق بەشێكی زیندووی نەتەوەی عەرەبە “ دەكەن چاویشمان دەرچێ وشەی كوردی لەسەر دراوو دیكۆمێنتاتی
فەرمی نابینین ! بۆ ئەوەی ئەمجۆرە خەونانەی زڕبرایان لەگۆڕحەشارنانی ئومێدوئاواتی كوردان نەیەتەدی پێویستە هەموو
نەتەوەی كورد وەك دیوارێكی ئەستوور لە پشت ئەو سەركردایەتیە رابوەستێ كە بۆ بوون و نەبوون دەسەڵات بە دەستن ، هەر ئێمە نەبووین ئەمجۆرە شیعرە بەرزەی (بێدار) مان ، دەگوتەوە :
لە رێگای عیشقی جێی خۆم بمكوژن لاموایە قوربانە
بەقوربانی ئەم كەسەم لەم جەژنە قوربانە بە قوربانە
دارودەستەی چاكەخواز
هەرجارێك سەركردایەتی كورد بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكان بەرەو بەغدا دەچێ خەمۆكی دامدەگرێ ، لە حەژمەتان هەناسەی قووڵ هەڵدەكێشم و ناولەپان لێك گیردەكەم ! ئەو بەشە خەوتوەی نێو مێشكی ماندووم لێواگا دێت و بە فلاشباگ دەگەڕێمەوە رۆژانی سەرفرازی مەلا مستەفای بارزانی، بە هەموو مانایەك رۆژانی
عینفەوانی كورد بوو، تۆ بڵێی رۆژێك دابێت دامودەزگای پەروەردەی هەرێم ئەمجۆرە وانانە نەخاتە نێو پرۆگرامی قۆناغەكانی
خوێندن كە تێیدا باس لە هێبەو ویقاڕو حیكمەتی سەركردەی هەمیشەیی نەتەوەی كورد دەكات ، پێویستە نەوەی دوای ئەیلوول ئەوە بزانێ كە بارزانی مستەفا لە ژیانیدا (گەلی عەلی بەگی) بەرەو بەغدا نەبەزاندوە ! بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گرفتەكان هەردەم دەسەڵاتدارانی بەغدا سەردانی (حاجی ئۆمەران ، ناوپردان) یان ،
كردوەو لە ژێر خێوەتی بارزانیدا باس لە هەموو شتێكی ئەو عێراقە كراوە . دەبێ هەوێنی ئەو سیحرە ئەفسوناویەی لە چیەوە هاتبێ ؟! مامۆستا (حبیب محمد كریم) بۆی گێڕاینەوە :
من و كاك مسعودو ئیدریسی جوانەمەرگ بۆ راپەڕاندنی ئیشوكارەكانمان لە بەردەم ژووری بارزانیدا ئامادەبووین ، كەچی پاسەوانێك بە ئێمەی گووت : میوانی هەیە ! هەرسێكمان بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەكترمان كرد .بارزانی میوانی هەیەو ئێمەیش نایزانین ؟! ماوەیەك خۆمان مژووڵ كرد ، لە پڕ ئیشیماندا كاك مسعود بە منی گووت : لەسەرەخۆ دەرگاكە بكەرەوە بزانە كێ لەوێیە ، منیش بە ئاسپایی دەرگام كردەوە ، بارزانی فەرمووی لێكردم و منیش فەرمووی بەڕێزانم كرد بە چاوی خۆمان بینیمان بارزانی لەو دانیشتنەیدا لە دنیایەكی دیكەدا بوو بە هەموو هەستێكەوە گوێدێری میوانەكەی بوو منیش قسەم بە مامۆستا بڕی و گووتم : میوانەكە كێ بوو؟
گووتی : شوانێكی بناری قەندیل ! هەروەكو لە نزیكەكانم ژنەفتوە : لە كاتوساتێكی زێدە دژواری شۆڕشدا لەوكاتەی شۆڕش زۆر نەداربوو
پێشمەرگەی بە شەرەفی كوردستانیش (بمرەوبژی) دەژیان ! ئا لەو تەنگانەیەدا كاتێ تاریكی باڵی بەسەر ناوچەكە دەكێشاو زیندەوار هەستوخوستی نەدەما ، بارزانی باوك دوور لە پاسەوانەكان بە نێوان تارمایی خێوەت و خانوە قوڕەكاندا خۆی دەگەیاندە هەڤاڵانی رێگای هاتونەهات و (چەند روبعێكی) دەمست دەنان و لە گەورەو بچووكی دەپرسین ، بە دوو قسان ئومێدو گڕی دەخستەوە ناخ و دەروونیان ، گوایە بە بارزانیان گوتوە چۆن بە تەنیا دەچیە ئەو شوێنانە؟ ئێمە لە خزمەتكردنیاندا درێغیمان نەكردوە ! هەروەكو دەڵێن بارزانی فەرموویەتی : كاتێك من و ئەوانە بەوجۆرە شوێنانە گوزەرمان دەكرد ئێوە لە هیچ شوێنێك دیارنەبوون ! ئێوە ئەوانە ناسناكەن ! ئەوانیش ئامادەنین لە دەرگای ئێوە بدەن ! رۆحی منو دوارۆژی ئەو میڵەتە لە دەست خواو ئەو جوامێرانەدا بوو ئەوانە پێیان دەگوترێ (البطانە الصالحە) واتە دارودەستەی چاكەخوازو خێرخواز . خوێنەری ئازیز بۆ ئەوەی سوكنای دڵت بێت هەر لەلای خۆت دروودێك بۆ گیانی باوكی رۆحی نەتەوەكەت بنێرەو دوعاخوازبە كە برا گەورەكانمان بیتانەیەكی وەك ئەوەی بارزانی نەمریان هەبێت .

ھەواڵی زیاتر