یەکسانیی جەندەری پرسێکی یاسایی و مافە، نەک بایۆلۆجی

پ.د. نەزاکەت حسێن

بگەڕێینەوە بۆ مێژووی خۆمان، هەر بابەت و بیرۆکەو ئایدیاو ئایدۆلۆژیایەکی هاوردە هێنرابێتە ئەم کۆمەڵەگەیە، نەشناڵی نەکرابێت لەگەڵ خواست و نۆرم و پێداویستی و سروشتی دا پێناسە نەکرابێتەوە و ڕێک نەخرابێت، کێشە و دووبەرەکی و دابەشبوونی بۆ دروست کردووین. نموونەمان زۆرە لەوە لە ئایدۆلۆژیای ئاینیەوە بیگرە تا پرسی فیمینیستی و دووبەرەکی ئیسلامی عیلمانی و جەندەر….هتد نەک تەنها هاوردەکەی بەڵکو چەواشەکردنیش لە باسکردن و کار بۆ کردنی و تێکەڵ کردنی بە بابەتی تر و زۆر جاریش وەک ڕق و وەڵامدانەوەیەکی بۆ ناڕەزایەتی هەندێک شت یان دژە بەرامبەر بەکارمان هێناوە. ئەمڕۆ یەکێک لەو باسانەی کە بووەتە بابەتی گفتوگۆ و ناوەندە ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەکان پرسی جەندەر و یەکسانی جەندەری. کە سەراپای ئەوەی لێرە بانگەشەی بۆ دەکرێت، پێچەوانەی ئەسڵی بیرۆکە و ڕێکەوتنەکان و ستراتیژیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە پلانی بۆ داناوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٥ لەژێر دروشمی ‘ بونیات نانی جیهانێکی یەکسانیی جەندەری ‘Building a Gender-Equal World کە بناغەی پلانەکە لەسەر ئەوە دانراوە جیهانێکی یەکسان بۆ هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ بونیات بنرێت لە ماف و ژیان و ئارامی و هەل و دەرفەت ویاسا وکرێی ئیش کردن و خوێندن و دابین کردنی خزمەتگوزاری وتەندروستی و ئاسایش. کە بتوانێت ئافرەت وەک پیاو سەرکردە بێت، خاوەن دارایی خۆی و دەسەڵات بێت، یەکسانی هەبێت لەمافی خوێندن، دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی وسەلامەتی و پارێزگاری کردنی لە توندوتیژی وماف بۆ ناسنامە جیاوازەکانیش. وەک مرۆڤێک، هەریەکە لەمانە مافی هەبێت. پلانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دروست کردنی ئەم یەکسانیە لەسەر چەند سیستمێک دارێژراوە واتە تەوەرەکان و بوارەکان ئیشی لەسەر بکرێت بۆ فەراهەم کردنی یەکسانی جەندەری بریتی بوون لەمانە:
یەکەم: دانانی پێوەرێکی جیهانی کە دامەزراوەکان و یاساکان ڕەچاوی جۆری کۆمەڵایەتی بکەن.
دووەم: هاوکاری دارایی بکرێت بۆ دروست کردنی ئەم یەکسانیە.
سێیەم: نۆرمێکی کۆمەڵایەتی ئەرێنی بۆ هەریەکە لە ڕەگەزی مێ و نێر کە تیایدا بە ئارامی بژین.
چوارەم: بۆ ئافرەتان دەرفەتی یەکسان هەبێت بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزاری وکاڵا و سەرچاوەکان.
پێنجەم: ئافرەت مافی دەنگدان و سەرکردایەتی ونوێنەرایەتی هەبێت..
لەهەمان کاتدا چوار ناوچەی ئیشکردنیان دانا بۆ بەدەست هێنانی یەکسانیی جەندەری کە بریتی بوون لە:
یەکەم : مافی حوکمڕانیی وبەشداریکردن لە ژیانی گشتیداGovernance and participation in public life:.
دووەم: تەمکین کردنی دەسەڵاتی ئابووری بۆ ئافرەتWomen’s economic empowerment سێیەم: کۆتایی هێنان بە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت Ending violence against women and girls
چوارەم: کە بریتی بوو لە ئافرەت و ئاسایش و ئاشتی و مرۆڤبوون و کار و سنووردانان بۆ مەترسیەکانی بەردەمی.
ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگاکان وبەرزبونەوەی ڕێژەی کارکردنی ئافرەت لە کارگە و شوێنەکانی ئیش کردن و زۆربوونی توندوتیژیەکان بەرامبەری و نایەکسانی مامەڵە لەگەڵ کردنی و قەیرانی ئابوری و جەنگ و توندوتیژیەکان لە ژیانی کۆمەڵگاکان بواری ڕەخساند باس لەهەندێک پرسی وەک یەکسانی بکرێت، لە یەکسانی کرێ و هەلی یەکسان و تەندورستی و خوێندن و خزمەتگوزاری و بەشداری ژیانی گشتی و حوکمڕانی. بەردەوامیش بابەتی یەکسانیی جەندەری بەپێی گەشەسەندن بواری جۆراوجۆر و کاری جۆراوجۆر و بەشداری ئافرەت لەو بوارانە زیاتر دەبێت، بۆنموونە پرسی یەکسانیی جەندەری لەمیدیا’ بابەتیکی لەم یەک دوو ساڵە زیاتر سەری هەڵدا، دوای ئەوەی ئافرەت وەک ڕاگەیاندکار ژمارەی زیادی کرد لە دەزگاکانی ڕاگەیاند و نایەکسان و ناتەندروست مامەڵەی لەگەڵ کرا. ئێستا زیندووترین بابەتی ڕێکخراو فیدراسیۆنە جیهانیەکان لەبورای ڕۆژنامەگەری بابەتی یەکسانیی جەندەرییە لە میدیا Gender equality in media..ڕاستە کێشەکان و نا یەکسانیەکانی بەردەم ئافرەت لەزۆر بابەتدا هاوشێوەن لەجیهاندا، بەڵام کۆمەڵگە بۆ کۆمەڵگەش جیاوازی هەیە، ڕەنگە یەکسانی کرێی ئیش کردن بابەتێک بێت ئێستا سەرهەڵدەدات لای ئێمە، بەڵام لە وڵاتانی پیشەسازی نزیکەی سەدەیەکە هەیە. ڕەنگە کەلتوور بەربەستێک بێ لەبەردەم یەکسانیی بەشداریی ئافرەت و پیاو لە ژیانی گشتیی لای ئێمە بەڵام لە هەندیک وڵات وانەبێت. بۆیە دەبێت یەکسانیی جەندەری لە وڵاتی ئێمە، وەک ئەوەی پێویستە پێناسە وەرگرێت، لەو بوارەی پێویستە داوای جێ بەجێ کردنی بکرێت بخرێتە سیاقە کەلتوری و پێویستیەکەی کۆمەڵگە. بابەتی گۆڕینی ڕەگەز وەک مافێک لە پرسی یەکسانیی جەندەری ئاماژەیەکی پێکراوە لە ستراتیژ و ئەجندای نەتەوەیەکگرتوەکان کە وەک مرۆڤ کەسێک وابوو مافەکانی وەک مرۆڤ پارێزراوبێت. بۆیە هیچ کاتێک باسی یەکسانیی جەندەری باسی گۆڕینی ڕەگەزوهاورەگەز خوازی و بۆ بوارە کۆمەڵایەتییەکان و نێوان ژیانی هاوسەری نییە، هێندە باسێکی یاسایی وئیداری و مافەکانە کە بە پێی یاسا دەبێت دابین بکرێت.

ھەواڵی زیاتر