سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت ئەمڕۆ یەکشەممە 04ـی 12ـی 2022 پێشوازی لە جیسیکا سفار دستروم باڵیۆزی سوید و ماتس کارلسون سکرتێری دووەم بۆ کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کرد.
لە دیدارەکە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە مەترسیەکانی داعش دا و ڕایگەیاند: ڕاستە داعش هێز و دەسەڵاتی جارانی نەماوە و خەلافەتەکەی لەناوچووە بەڵام هێشتا داعش توانای هەیە ببێتە مەترسی جددی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە، بۆیە پێویستە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ بەرگرتن لە هەڕەشە و کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەو ڕێکخراوە بە تایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: ڕەوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکان و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت پرسی بۆمبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ خرایە بەرباس.
باڵیۆزی سوید لە عێراق هەر لەو دیدارە گوتی: جێگەی شانازییە کە بەردەوامین لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی داعش.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆتایی ئەو دیدارەدا هەردوولا بە گرنگیەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سویدیان ڕوانی و خوازیاری فراوانکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان بوون لە هەموو بوارەکاندا.