ئە‌و دوو كوردە‌ كێ بوو؟!

ئه سعه د عه دۆ

مامۆستا(كریم شارهزا)بۆمی گێڕایهوه : گوایە مامۆستای پایە بڵند مەلای گەورەی كۆیە لە سەرەمەرگیدا گریاوە ! باوكی شارهزا گلەیی لێكردوە كە جەنابتان گەورەی زانایانی بەرامبەر بە مردن كە شتێكی
هەقە چۆن دەترسی ؟ مامۆستاش بەزەردەخەنەوە دەفەرمووێ : بەهەڵەدا مەچۆ من لە مردن ناترسم بەڵكو فرمێسكی ژانوحەژمەتە بۆ میڵەتی كورد .. تۆ نازانی بڵێسەی ئاگری بابەگوڕگوڕ وا لە دەروونمدا هەڵدەستێ و هیچیشمان پێ ناكرێ سەرەڕای چەندان ناگوزووری دیكەی میڵەتەكەمان . بابەگوڕگوڕ هێندە بەرزە ، هێندە پیرۆزە لەلای خەڵكی كوردەواری خۆمان بۆیە ئافرەتانی حەیامەندی كورد هەر لە دێرزەمانەوە بە خۆزگەی منداڵبوون هانایان بۆ بردوە كە دەڵێ : بابەگوڕگوڕ بابەگوڕگوڕ هاتم بۆ كوڕ هاتم بۆ لات بۆ جووتێ كوڕ …هتد . رۆژنامەی (الشمس) ژمارە (٣) لە ١۹۹٣/٢/٢٢ نووسینێكی مامۆستا عامربدر حسون لە ژێر ناونیشانی (٨٠٠ پیاو ٤٠٠ میل نەوتی كەركوك هەڵدەقوڵێ) باوكردۆتەوە كە تێیدا باسی چۆنیەتی دۆزینەوەی بیرە نەوتەكانی و ئەو كرێكارە كوردانە دهكات كە بەشداریان تێدا كردبوو، یەكەم كەس كێ بوو بە چاوی خۆی تەقینەوەی نەوتەكەی كەركوكی بینی ؟ خاك ، میڵەت ، نەوت ، هەمووی كورد .. لە هەناوی كوردستان هەڵقوڵاوە كەچی دوای ئەوەندە هەزار ساڵە لێمان بوەتە دیدارحەزرەت ، حاجی محمەد خەلەف و فەتحوڵا عەلی هەردوكیان كوردن و یەكەم كرێكار بوون لە گەڵ ئەندازیارانی ئینگلیز سەرەتا لە مانگی حوزەیرانی ١۹٢٧ بە پێمەڕەو خاكەناس بابەگوڕگوڕی دڵی كوردستانیان هەڵدڕی ! ئینجا شان بە شانی ئامێری چاكوچ لە شەوی ١۹٢٧/١٠/١٥ ناوچەی كەركوك لە حەژمەتی تەقینەوەی دڵی كوردستان هەژایەوە خێرو بەرەكەتی بۆ دوژمنان هەڵڕێشت و ئەوانیش نامەردانە لە دژی ئێمەی خاوەن ماڵ بەكارهێنا .. سوبحانەلا … ئەو دوو كوردە كێن؟ • مام فەتحوڵا عەلی سەرەتا كرێكاری بیرلێدانی نەوتی بابەگوڕگوڕ بوە ، خۆی خەڵكی خانەقینە ، دوای دەرچوونی نەوتەكە بوە بە برینپێچی كۆمپانیای(خ٢) ئێستا خانەنشینەو لە (بغداد الجدیدة) نیشتەجێیە . • شارۆچكەی (الحدیثە) دوو بەشە، بەشێكی دانیشتوەكانی (بەیاتی)ن ، بەشەكەی تر ناوی (حویجە) یە، نەك حەویجەی كەركوك دانیشتوانەكانی (ال جەعفەر) ن ، یەك خانەوادەی كورد بە ناوی (حاجی محمەد خەلیفە) لەم بەشە نیشتەجێن لە دواییدا ناوەكەی بوو بە (حاجی محمەد خەلەف) ئەو پیاوە لە ساڵی ١۹٠٦ لە گوندی (رەبات) نزیك (سەنگاو) لە دایك بوە، نەخوێندەوار بوە .. لە حەدیسە بە بەیتار ناسرابوو واتە (دكتۆری میڵی) لەبەر ئەوەی لە گەڵ دكتۆرە ئینگلیزەكان كاری دەكرد زمانی ئینگلیزی ، هیندی ، عەرەبی ، فارسی سەرەڕای كوردی باش دەزانی ، زەمان هات .. زەمان چوو ئەو كرێكارە دەست بە نەوتە دوای چەندین ساڵی خزمەتگوزاری كۆمپانیای ک٣ لە رۆژی ١۹٨۹/٥/٢٠ لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كردوە لە گۆڕستانی (سەید مەعرووف) نێژراوە .. كوڕێكی بە ناوی (ابراهیم خەلەف) مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە ناوەندی هەولێری شەوان و پێنج كچی لە پاش جێماوە . دەربارەی ئەو نووسینە كە لە رۆژنامەی (الشمس) باوبۆتەوە پرسیارم لە مامۆستا ابراهیم محمد خلف كرد : دەبێ ئەو زانیارانەیان لەسەر باوكت چۆن زانیوە؟ لە وەڵامدا گووتی : دوورنیە لە كتێبان باسكرابێت ، بەڵام شتێك هەیە بۆ مێژوو دەیگێڕمەوە .. لە ساڵی ١۹٦٢حسن العلوی لە حەدیسە مامۆستا بوە ، رۆژێكیان (ئەڵمازەی) خوشكم لە قوتابخانە دەردەكاو پێی دەڵێ : چونكە براكەت واتە ابراهیم شیوعیەو لە ئەلمانیا دەژی .. تۆ فەسڵی ! شایانی باسە یەكەم خێزانی حاجی محمد خەلەف لە ساڵی ١۹٧٥ دەمرێ و لە دوای ئەوەندە ساڵە ژنی دووەم بە ناوی قدریە محمد جعفر كە خەڵكی خانەقینە دەگوازێتەوە تا ئێستا لە هەولێر دەژی . دوای ئەم هێنان و بردنە دەبێ خۆزگەی خوێنەری كورد لەم سەربردە چیی بێت ؟ خاكی كوردان ، شاری كوردان ، نەوتی كوردان تا ئێستاشی لە گەڵدابێت خوێنی دڵی كوردان لە دڵی كوردستان دەچۆڕێتەوە … سوبحانەڵا …

ھەواڵی زیاتر