تە‌بعی شە‌ككە‌رباری من،ھزری خێل و قیچی ئە‌و!

كوردی، ئاخر بڵێ چییە عەیبی؟!

ئامانج شاكەلى

ئەوە سەیر نییە ئەگەر کەسێکی عەرەب، تورک یان فارس، لە هەرێمی کوردستان بژی و لەبەر هەر هۆیەک بێت، حەز نەکات منداڵەکەی بە کوردی بخوێنێت. ئاخر لای ئەوان، زمانی کوردی زمانێکی لاوەکی و هەژار و بێسوودە. لەوەش بترازێ، بۆ جێبەجێ کردنی کاروباری ڕۆژانەیان، پەکیان نەکەوتووە؛ چونکە زۆرینەی کوردەکە بە ئەندازەی پێویست، عەرەبی و تەنانەت فارسی و تورکیش دەزانن. ئەی ئەوە نییە فرۆشیارەکانی قەیسەریی هەولێر و شیخەڵلا و لەنگە، لە بەیانییەوە تا نیوە شەو، بە عەرەبی بانگەشە بۆ تەماتە و تەڕەپیاز دەکەن! بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە، دایک و باوکێکی کورد بە مامۆستای زمانی کوردی لە قوتابخانەیەکی تایبەتدا،
بڵێن:

  • خۆ منداڵەکەمان لە وانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و وانە زانستییەکاندا زیرەکە، ئیتر کوردی ئەوەندە گرنگ نییە!
    کاتێکیش مامۆستاکە بە سەرسووڕمانەوە تەماشایانی کرد، ئەوان گوتیان: –
    جا کوردی کەی زمانە؟ بە کەڵکی چی دێ؟ بەیانی مناڵەکەمان دەبێتە ئەندازیار و دوکتۆر، ئیتر ئەوەندە کوردییە کە قسەی پێ دەکا، بەسە! ئەمە چۆن بیرکردنەوە و لێکدانەوەیەکە؟ سەرچاوەی ئەم هەڵوێستە ترسناک و نالەبارە چییە؟!
    ئایا هێشتا ئێمەی کورد نەگەیشتووینە ئەو قەناعەتەی کە زمان بەردی بناغەی دروستبوونی کاراکتەری مرۆڤ و پێکهێنانی نەتەوەیە؟
    ئایا ئەو دایک و باوکە و سەدان و هەزارانی دی، هەرگیز دێڕە شیعرێکی خانی، نالی، مەولەوی و گۆرانیان خوێندۆتەوە؟
    ئایا گوێیان لە بەیتێک، حەیرانێک، لاوکێک گرتووە؟
    تۆ بڵێی بە منداڵ چیرۆکی گوێ ئاگردان و بالۆرە و قسەی نەستەق و فڕ و لاتاو و گەپی کوردەوارییان نەبیستبێت؟
    ئایا بەڕاستی زمانی کوردی زمانێکی هەژار و بێسوودە؟ بێگومان نەخێر و هەزار جار نەخێر. زمانی کوردی لە پاراوی و دەوڵەمەندی و جوانیدا، لە هیچی کەم نییە. تۆ بڕۆ داستانێکی توحفەی موزەفەرییە یان گەنجی سەر بە مۆر بخوێنەوە. گوێ لە بەیتبێژێکی موکریان بگرە. لە شینگێڕیی ژنە گەرمیانییەک ڕابمێنە. سەرنجی ئاخاوتنی دوو پیرەمێردی دنیادیدەی گوندێکی بادینان بدە، تا بزانیت ئەم زمانی کوردییە چ زەریایەکی بە شەپۆلان و چتۆ مێرگێکی بە گولیلکی هەزار تەرحە ڕازاوەیە! تەنها کەمایەسیی زمانی کوردی، خزمەت نەکردن و پشتگویخستن و سووکایەتی پێ کردنییەتی. ئاخر کام کۆمەڵگە، کام میڵەت یان نەتەوە، هێندەی کوردی ئەمڕۆ گاڵتە بە زمانی خۆی دەکات؟
    تۆیەکی کورد، ئاوها بێپەروا لاقرتێ بە زمانی دایکیی خۆتبکەیت، بۆ
    دەبێ منی قەلەندەر ڕەخنە لەو پیاوە عەرەبە بگرم کە بەدەم بزەیەکی گاڵتەجاڕانەوە بە هەمان مامۆستای گوت: من نامەوێ منداڵەکەم فێری کوردی ببێت!
    کابرای عەرەب، تورک، فارس، منداڵەکەی فێرکردووە کە زمانەکەی جوانترین، شیرینترین، دەوڵەمەندترین و مەزنترین زمانە. بە شیعری موتەنەبی و فزوولی و حافز فرچکی پێ دەگرێت. باسی مێژووی پڕ لە سەروەریی نەتەوەکەی بۆ دەکات و فڕ داوێتە دوژمنان و ناحەزانی. ئەوە پێی دەگوترێ دروس تکردن پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، کە بەداخەوە
    ئێمەی کورد هێشتا نازانین بەری چ دارێکە! ئاخر زۆرینەی دایک و باوکی کورد، لەبەر تەماشا کردنی (موسەلسەلی)
    بێتام و مانای تورکی، فریای خوێندنەوەی داستانی مەم و زین ناکەون. تا برایم تاتلیس و موعینی ئەسفەهانی وەستابن، تاقەتی گوێدانە بەیتی سەیدەوان و لاس و خەزاڵیان نییە..
    ئیدی وایە، مرۆڤ کە دەرگەی ماڵی خۆی شکاند، نابێ گلەیی لە دز
    بکات!
ھەواڵی زیاتر