ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

شاعیرانی چایخانەی قەڵادزێیان
گـــۆران مەریوانـــی دیوانەکەی جوان چاپ کردووە و ناوی لێ ناوە: شـــتێک تەنیا. شـــتێک تەنیـــا لە پێشـــەکییەکی نەوەد و پێنج لاپەڕەیـــی و هەندێک بەڵگە(نامـــە) پێک هاتووە. پێشەکییەکەی هەرچەندە درێژە بەڵام ئەوەندە پڕ زانیاری و چیژبەخشە، خوێنەر هان دەدات بەتامەزرۆیییەوە درێژە بە خوێندنەوەی بدات. لایەنی لاوازی ئەو پێشەکییە درێژخایەنە، تەنیا ئەوەیە، لە هەندێک لە لاپەڕەکانیدا، دێتە ســـەر باسی پەروەردە و میتۆدی دەرسگوتنەوە، کە دەیتوانی ئەو چەند لاپەڕەیە لە جێیەکی دیکەدا، وەک بابەتێکی سەربەخۆ بڵاو بکاتەوە.
گۆران مەریوانی لە پێشـــەکییەکەیدا باسی گرنگی ورووژاندووە، باسگەلێک کە بزاڤی شیعری نوێی کوردی، لە ساڵانی حەفتادا بەسەر دەکاتەوە، لە هەمووی سەرنجراکێشتر ئەوەیە، دێت ڕاشـــکاوانە، باسی شـــاعیرانی گرووپی (چایخانەی قەڵادزێییان) دەکات کە خۆی یەکێکیان بووە. ئەو شـــاعیرانە کە هاوتەمەن بوون و لە نیوەی یەکەمی ساڵانی حەفتادا، تەمەنیان لە هەژدە ســـاڵ کەمتر بووە، بڕیاریان داوە، (لاســـایی ڕوانگە نەکەنەوە و لەوانی تێبپەڕێنن،) ئاخـــر پێیان وابووە، (هەندێک لە ڕوانگەیییەکان تا شـــیعرەکانیان نەکەیتەوە بە عەرەبی،
لێیان حاڵی نابیت، چونکە بە عەقڵی عەرەبی و وشەی کوردی نووسراون.)
لە کاتێکدا ڕوانگە، بە جێناوی ئێمە، دەیاننووسی، گرووپی چایخانەی قەڵادزییان، داکۆکییان لە تاکایەتیی خۆیان دەکرد، ئەمەیش لایەنێکی گەشـــی شیعری وان بوو، ئاخر وەک نموونە شێرکۆ بێکەس پێی وابوو، قەڵەباڵغی لەکوێ بێت، دەبێت شیعریش لەوێ بێت. سێکوچکەی شآعیرانی چایخانەی قەڵادزێیان: گۆران مەریوانی و حەمەعومەر عوسمان و فاتیح عیززەدین بوون، زۆر شـــاعیری تریش لەو چایخانەیە دەبینـــران، وەک: حەمە ڕەنجاو، خەبات عارف، عوسمان شەیدا، هەڤاڵ کوێستانی و حسێن سابیر. زێڕ جەنگەڵی داپۆشیوە، ئەوە دەربڕینی پوشـــکینە، گۆران مەریوانی دەڵێت: “شیعرێکی بەعەرەبیکراوی پوشکینمان بینی، کە وەک جوانترین وەرز باســـی پاییزی کردبوو، لەوە بەدواوە، پاییز بـــوو بە قیبلەنومای داهاتووی
حەمە عومەر عوسمان.”
گۆران مەریوانی لە 1974دا کە تەمەنی شـــازدە ســـاڵ بـــووە، گوتوویەتی: (هەتا بەردیش بە شـــێی خەمی تۆ نەرمە،) کە ڕســـتەیەکی شیعرییە و تێیدا دوو دەربڕینی نوێی داهێناوە: بـــەردی نەرم و شـــێی خەم. یان دەڵێت: (ها ســـووتووەکەم چاوەکانتـــی پێ ڕەش بکە!) ئەو ڕســـتە شـــیعرییە ڕۆمانسییەیش، هی دەستپێکی نووســـینیەتی. لە 1975دا بە حەڤدە ساڵی گوتوویەتی: (کچێک ئێستا/ لەســـەر ڕۆخی/ ئۆقیانووسی ئەم شەوەدا، چاوەڕێمە.) ئۆقیانووسی شەو، لێکچواندنی شەو بە ئۆقیانووس، هەر لە میتافۆڕی شاعیرێکی بەئەزموون
دەچێت.
گۆران مەریوانی دەنووســـێت: “لە بەغداوە، لەڕێی کتێبخانەی سلێمانییەوە، نامەم بۆ فاتیح عیززەدین دەنارد. جارێکیان ئومێد ئاشنا ڕێی دەکەوێتە ئەوێ، دەبینێت حەمەی حەمەباقی نامەکـــەم دەکاتەوە و دەیخوێنێتەوە، لـــەوە بەدواوە لەڕێی کتێبخانـــەی گەلاوێژەوە نامەم
دەنارد.” (گۆران مەریوانی، شتێک تەنیا، دیوانی شیعری 2022 چاپی یەکەم، ل44

ھەواڵی زیاتر