پە‌روە‌ردە‌ی ھە‌ڵە‌ ھۆكارێكی سە‌رە‌كی توندووتیژی دژ بە‌ ئافرە‌تانە‌

فەزیله شۆرش – هۆڵەندا

توندوتیژی دیاردەیەکی جیهانیە، رۆژانە لە میدیاکان چ لە کوردستان و لە ئەوروپا هەواڵی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە شێوەیەكی بەرچاو دەبیسترێت و دەبیندرێت.
باوترین توندوتیژی دژ بە مرۆڤ، بە تایبەتی کە بەرامبەر ئافرەت دەکرێت توندوتیژی خێزانیە،بیانوی جیا جیا وەک هۆکار بۆ توندوتیژی دژ بە ئافرەت بەکاردێت، کە هەندێک جار کوشتنی لێدەکەوێ، بەڵام هیچ هۆکارێک پاساو نیە بۆ ئازاردانی جەستە و هەست و دەروون و لەناوبردن، لە زۆربەی زۆری حاڵەتەکانی
به کارهێنانی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لە لایەن پیاوەوە‌یه.
لە‌ وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش هەروەک کوردستان پیاو دەستپێشخه ره بە توندوتیژی دژ بە ئافرەت، زۆربەی هۆکارەکانیان وەک هۆکارەکانی کوردستانن بۆ نموونە هۆکاری ئابووری و پیاوسالاری و هەستی لە دەستدانی هەیمەنەی پیاوسالاری، غەیرکردن، بەڵام پەروەردەی هەڵە هۆکارێکی سەرەکی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانە.
رێژەی توندوتیژی لە جیهان زۆرە، لەهەر سێ ئافرەت، ئافرەتێک
لە ژیانی رووبەرووی توندوتیژی یا جەستەیی یان سێکسی بووە، واتە نزیکەی ۷۳٦ ملیۆن ئافرەت لە جیهان.
نەتەوە یەگرتوەکان لە ۲۰ دیسەمبەری ۱۹۹۳ رێکەوتنێکی بۆ لە ناوبردنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەرخست، زۆربەی ئەو وڵاتانەی جیهان کە کار بە Plan Internationa دەکەن دانیان بەم رێکەوتنە ناوە و پێویستیشە کار لە سەری بکەن بۆ بنبرکردنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بە ڵام بە داخەوە هەندێک لە م وڵاتانە بە شێوەی پێویست پابەندی ئەم رێکەوتنە نین .لە پاڵ ئەم رێکەوتنە زۆر رێکخراوی جیا جیا لەم وڵاتانە هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئافرەت و بەرەنگاربوونەوەو بنبرکردنی توندوتیژی، کەواتە بوونی ئەم بزووتنەوە زۆرە لە وڵاتانی ئەوروپا ئاماژەیە بە بوونی توندوتیژی و نەبوونی یەکسانی.
ئێمەش لە کوردستان بە هەموو هێزو توانایەک بەرەنگاری دیاردەی توندوتیژین دژ بە ئافرەت، گرنگە بەردەوام بین تا کۆمەڵگه یەکمان دەبێت دوور لە توندوتیژی، بێگومان پێویستە بایەخ بە پەروەردەی یەکسانی و رێزگرتنی یەکتر بدرێت کە لە ناوبەری
توندوتیژین، ئەمەش ئەرکی خێزان و قوتابخانەیە.

ھەواڵی زیاتر