خاوە‌نداریرتی بە‌رھە‌م و بریار مافی منیشە‌،یە‌كسانین لە‌ كۆمە‌ڵگە‌یە‌كی ھاوبە‌شدا

ڕێژین قاسم محمود

بەر لە هەموو شتێک یەکسانی نێوان ئافرەت و پیاو چییە؟ هەرچەندە ڕوونکردنەوە و پێناسەی زۆر هەیە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام بەڕای یەکسانیخوازان )یەکسانی: ( بریتیە لە دروستکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کە تاکەکان بتوانن هەموو بەهرە و تواناکانیان بە تەواوی و ئازادانە پەرەپێبدەن و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئافرەتان و پیاوان بە یەکسانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداری بکەن و بڕیار بدەن، بە لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کلتووری وسیاسیانەی دروست دەبن لەبەردەمیان. بە کورتی بە مانای بەشداری یەکسانی ئافرەتان و پیاوان دێت لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە هاوبەشی و بە بێ جیاکاری ڕەگەزی کە ئەمە (مێیە یاخود نێر) دەرفەت و دەستەکەوتەکان هاوسەنگ و هاوبەش بن لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا. ئەمەش بە دابینکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کە تاکەکان بتوانن گەشە بە خۆیان بدەن و لە هەموو بوارێکدا بە هاوبەشی بژین. ڕاستە جەستە و پێکهاتەی ئافرەت و پیاو جیاوازن پیاوان خاوەن هێزێکی جیاوزی جەستەیین بە بەراورد بە ئافرەتان، بەڵام لە ئافرەتانیشدا بەشی پێشەوەی مێشکی ئافرەت بەهێزترە لە هی پیاوان کە بەرپرسە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش وا دەکات ئافرەتان سەرکەوتووتر بن لە چارەسەرکردنی کێشەکان. ڕوژنامە‌ی(تایمز)ی بە‌ریتانی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتە‌وه، لە‌سە‌رجیاوازی مێشكی پیاو و ئافرە‌تان، راپۆرتە‌كه پشتی بە‌ستووه به توێژینە‌وە‌یە‌كی زانكۆی پزیشكی (سانت لویس) له ویلایە‌تی میزوری ئە‌مریكا، له توێژینە‌وە‌كە‌دا هاتووه كه ئە‌گە‌ر بە‌رواردێك بكرێت له نێوان مێشكی پیاوان و ئافرە‌تان ئە‌وا مێشكی ئافرە‌تان به جیاوازی چوار ساڵ گە‌نجتره له مێشكی پیاوان. بەڵام کاریگەریی جیاوازییە سروشتییە جەستەییەکانی نێوان ئافرەت و پیاو چییە لەسەر ئەو یەکسانییەی کە لە سەرەوە باسمان کرد؟ بێگومان بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە جیاوازیی جەستەیی ڕێگری لە یەکسانی ئافرەتان و پیاوان بکات، چونکە زۆر هەڵەیە و تەنانەت ناعەقڵانیشە .هیچ کاتێک سروشتی جەستە نابێت ببێتە ڕێگر و بەشێوەیەکی لاسەنگ و نایەکسان سەریر بکرێت. کەواتە‌ جیاوازی جەستەیی ئێمە بۆ یەکسانیمان هیچ گرنگییەکی نییە. ئەو نایەکسانیشی کە هەیە بەگوێرەی کولتووری کۆمەڵایەتی و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ئافرەتان و پیاوان بەدرێژایی ساڵان کۆمەڵگاکە جیاوازی دروستکردووە، ئەم ناوەڕۆکەی بەپێی کات و کۆمەڵگه و کلتوور دەگۆڕێت لە کۆمەڵگهیەکەوە بۆ کۆمەڵگهیەکی تر. سەیر لەوەدایە ئەم حاڵەتە نایەکسانییە کە هەزاران ساڵە بەردەوامە، لە چاوی کۆمەڵگهدا بە شتێکی ئاسایی وەرگیراوە و لەلایەن نەوەکانەوە بەردەوامی هەیە . بۆ نموونە هەر کە کوڕان لەدایکبوون، زۆر زیاتر لە کچان بە شانازییەوە پێشوازییان لێکراوە و دایک و باوکان دەیانویست منداڵەکانیان زیاتر کوڕ بن. کوڕان لە تێبینییە ڕاستەوخۆکانیانەوە دەرکەوتووە کە ڕۆڵی پیاوان لە کۆمەڵگهدا (زۆربەی باوک، کە نمونەن) گرنگترە لە ڕۆڵی دایکان. ئەو ڕاستییەی کە ئافرەتان لە ماڵەوە کار دەکەن لەو کارانەی کە بە گرنگ نازانرێت و پیاوان پارە و نان دەهێنن، پێگەی پیاوی لە چاوی منداڵدا گەشاوەتر کردووە، بەو پێیەی کوڕەکە بەو باوەڕە گەورە بووە کە کاتێک بوو بە باوک، پیاو دەبێ ڕۆڵێکەی گەورەترە لەئافرەتەکە، هەر لە منداڵیدا کوڕان پێگەی تایبەت و جیاوزیان پێدراوە لە کۆمەڵگای دواکەووتوو پیاوسالاریدا. بڕیاردان مافی ئافرەتیشە …

زۆر گرینگە لەم سەردەمەدا هەمووکاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی بەشداریی تەواو و کاریگەرانەی ئافرەتان لە پرۆسەکانی بڕیاردان لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان بۆ ئەوەی پێشەنگ بن لە بڕیاردان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، چونکە بڕیاردان بەشێکی گرنگی ژیانە،لە کۆمەڵگهی پیاوسالاریدا هەمیشە پیاوان خاوەن بڕیاربوون بەداخەوە، هەمیشە کەسایەتتی ئافرەتیان لاواز پیشانداوە هیچ بڕیارێکیان نەداوەتە دەستی ئافرەتان تەنانەت بریاری
هەڵبژاردنی هاوسەریش کە مافێکی یاسایی و شەرعی ئافرەت بووە. مافی خاوەنداری و مافی بڕیار هۆکاری سەرەکین بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لێرەدا بەو شێوەیە کاتێک مافی خاوەنداری و مافی بڕیار لە دەست خودی ئافرەتەکە نەبێت و لە دەستی پیاوەکەدا بێت، ئەو کاتە ئافرەتەکە دەبێتە قوربانی و پێگەو کەسایەتی لاواز دەکرێت و کەسی لاوازیش هەمیشە مافی پێشێل دەکرێت و غەدرو ناحەقی بەرامبەر دەکرێت و توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، ئەو کاتە پیاو بڕیاردەر دەبێت،هەمووشتەکان دەبێت بەخواستی پیاوەکە بێت کە ئافرەتەکە ناچار دەکات کە چی بیروڕایەکی هەبێت و چی کارێک دەکات و چی پیشەیەک هەڵدەبژێرێت و تەنانەت کەی دەبێت بمرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت، وەکوو لە تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت بە پاساوی پاراستن و گەڕانەوەی شەرەف لەلایەن پیاوان. پێویستە لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کەسایەتی و کارەکتەری ئافرەتان بەهێز بکرێت،پەروەردەکردنی کچان و کوڕانمان بە یەکسانی و فێرکردنیان لەبارەی بوێری و ئازایەتی و ئازادییەوە وەک یەک بێت لە وە گرینگە لەڕووی یاساییشەوە کاربکرێت بۆ پێشخستنی یەکسانی جێندەری و بەهێزکردنی ئافرەتان و کچان لە هەموو ئاستەکاندا بۆ ئەوەی چیتر ڕووبەڕووی کردە توندوتیژیەکان
نەبنەوە لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە.

ھەواڵی زیاتر