ڕێگری لە‌ كارە‌سات

ڕووداو و کارەساتەکان زۆرن، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە هۆکارەکانن. ئەمەش بۆ نەبوون، یان کێماسیی لە پان و سیستەمی کار دەگەڕێتەوە. بە تایبەتی کە تەکنۆلۆژیای نوێ پرسێکی هەستیارە
و دەبێ کارزانانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چەند کارەساتێکی خەمهێن و جەرگبڕ لە سلێمانی و دهۆک بەهۆی تەقینی غازەوە ڕوویاندا و دەیان قوربانی و برینداربوونی لێکەوتەوە.
ئەمەش بوو بە مایەی مەینەتی و پرسەی کوردستانیان و خەمخۆرانی ژیاندۆستی و مرۆڤایەتی، تەنانەت ئازارەکە ئەوەندە گەورە بوو، لەلایەن ڕێزداران سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەیی بۆ کۆڤان و پرسەی مەیدانیی بۆ کرا. ئەوەی جێگەی باسە و دەبێ بە گرنگییەوە باس بکرێ ئەوەیە کە تا چەند ئێمە بە هۆشیارییەوە لەگەڵ ئەو تەکنۆلۆژیایەدا هەڵسوکەوت بکەین؟ ڕەنگە بەشێکی گەورەی هۆکاری ئەو کارەساتە نەزانین بێت. جا چ لەلایەن هاووڵاتییەوە بێت کە بە نەشارەزایی لە کارپێکردنی ئەو
سیستەمەی گەرمکردنەوە هەڵە ڕوودەدات و کارەسات دەقەومێنێ، چ
لە بونیادەوە دامەزراندنی دەستگای غازەکە بە هەڕەمەکی و نەبوونی پسپۆڕی و تایبەتمەندیی زانسییانە جێبەجێدەکرێت. دیارە جگە لەم دوو حاڵەتەش هۆکارێکی سەرەکی و بابەتی هەیە کە دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوە فەرمی و پسپۆڕییەکانی حکوومەتی هەرێم.
ڕێگاچارەی ئەمەش ئەوەیە:
۱ چاودێرییەکی ڕژد و توندوتۆڵی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان و
کارناسانی ئەو بوارە ناکرێ و نابێ ڕێگا بدرێ بەبێ پسپۆڕایەتی و مۆڵەتی فەرمی کار لەوسیستەمە هەستیارەدا بکرێت. پێویستە ئەمەش بە یاسا و ڕێنمایی ڕێکبخرێت.
۲ ڕێگا لەو کەس و کۆمپانیایانە بگیرێت کە بە قاچاغ و نایاسایی پێداویستی و کەلوپەلی ئەو دەستگای غازە هاوردە دەکەن. بێئەوەی ڕەچاوی مەرجی کوالێتیی بەرز و تۆکمەیان تێدابێت.
بەمشێوەیە دەکرێت ئەگەر ئەو کارەسات و قوربانییانە بنبڕیش نەکرێن، زۆر کەمبکرێنەوە. چونکە دیارە ڕووحی خەڵک زۆر لەوە بەبایەخترە کە تا چەند کەسانێکی هەلپەرست و چاوچنۆک
قازانجویستی دەکەن و خۆیان پڕ دەکەن.

ھەواڵی زیاتر