عادل قادری
شۆڕش، ڕه‌نگه سه‌ره‌کیترین وشه و ده‌سته‌واژی نێو ژیانی کۆمه‌ڵگەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و ئێمه‌ی کورد به تایبه‌تی بێت، به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌م وشه‌یه کۆمه‌ڵێک زاراوه و ده‌سته‌واژه‌ی په‌یوه‌ست به‌خۆی، به‌رهه‌م هێناوه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به منداڵی ئه‌و ئه‌ژمار ده‌کرێن؛ ڕزگاری، ئازادی، سه‌ربه‌ستی، سه‌ربه‌خۆیی و…بۆ ئێمه‌ی کورد که له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا بووین به سووته‌مه‌نیی پلانی زلهێزه جیهانییه‌کان و هێزه سه‌رده‌سته ناوچه‌ییه‌کان، ئه‌م چه‌مکه زیاتر ڕه‌هه‌ندێکی سیاسیی و سه‌ربازیی هه‌بووه و که‌متر له مانا که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یدا ده‌رکه‌وتووه. ئه‌گه‌رچی هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستاندا بیرۆکه و تێڕوانینی شۆڕشگێڕانه بۆ ئه‌ده‌ب و که‌لتوور و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ئارادا بووه، به‌ڵام فڕینی فڕۆکه و گرمه‌ی تۆپ و خومپاره و…مه‌جال و ده‌رفه‌تی زۆر که‌می بۆ تاک و کۆمه‌ڵی کورد ڕه‌خساندووه تاکوو له ڕه‌هه‌نده سایکۆلۆژییه‌که‌یه‌وه شۆڕش ئه‌زموون بکات و ته‌نها لایه‌نی به‌رهه‌ست و کرده‌کییانه‌ی لا زه‌ق نه‌بێته‌وه. به‌م مانایه شۆڕش هه‌میشه شۆڕشێک بووه دژی “ئه‌ویدی”، شۆڕشێک بووه که ئاره‌زووی ئه‌ویدی وه‌کوو داگیرکه‌ر و کۆلۆنیالیست و هێرشبه‌ر و.. جماندوویه‌تی و هه‌ڵیخڕاندووه و که‌متر ئه‌کتێکی بکه‌رانه بووه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش ئاماده‌یی به‌رده‌وامی ئه‌م زاراوه‌یه له جیهانی وشیار و ناوشیاری مرۆڤی ئێمه‌دا ده‌شێت ختووکه‌ده‌رێکی به‌رده‌وام بووبێت بۆ سه‌ر‌هه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی مانا و ده‌لاله‌ته‌کانی دیکه‌ی شۆڕش.! ڕه‌نگه بشێت یه‌کێک له پێناسه گشتییه دره‌وشاوه‌کان له شۆڕش له ده‌ربڕینێکی نیچه‌ییدا هه‌ڵبهێنجین “که مرۆڤه‌کان ده‌بێت ناو به ناو خۆیان دادگایی بکه‌نه‌وه”، گریمانه‌ی پشت ئه‌م ڕسته‌یه ئه‌وه‌یه که شۆڕش په‌یوه‌سته به تێڕوانینی ڕادیکاڵی مرۆڤ بۆ ناسینی خۆی و له‌وه‌ش گرنگتر ڕه‌خنه‌کردنی بێڕه‌حمانه‌ی به‌رده‌وامی خۆی له کڵاوڕۆژنه‌ی ئه‌و ناسین و مه‌عریفه‌یه‌ی که په‌یدای ده‌کات. به‌م مانایه شۆڕش ئه‌نجامی تێڕامان و مه‌عریفه‌یه‌که که دۆخی زاڵ و ئاماده‌ی پێ قووت ناچێت و بۆ تێکشکاندنی ئه‌م دۆخه‌ش سه‌ره‌تا له تێڕوانینی خۆیه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات بۆ خۆی واته شۆڕش دژی خود! که جه‌وهه‌ری شۆڕشی ڕاسته‌قینه‌یه و دژی هه‌ر دۆخ و هه‌یکه‌لێکی ده‌ره‌کی و به‌رهه‌سته که له جومگه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریییه‌کاندا خۆی مانیفێست ده‌کات. هه‌مدیس وه‌کوو نیچه ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی تێڕوانین و کارا‌کته‌رێکی جێگیری هه‌یه کۆمه‌ڵێک ئه‌زموونی هاوشێوه و یه‌کده‌ستی هه‌یه که به‌رده‌وام دووپات ده‌بێته‌وه.” واته کاراکته‌ری جێگیر ئه‌گه‌ر شۆڕشیش له جیهانی به‌رهه‌ست و واقیعدا ببینێ وه‌کوو شتێکی ناشۆڕشگێڕانه و ڕۆژانه‌ی ده‌بینێت و ئه‌مه ڕێک پێچه‌وانه‌ی کارا‌کته‌ر و که‌سایه‌تیی شۆڕشگێر و تێڕامانی شۆڕشگێڕانه‌یه که به یاخیبوون دژی خود و تێڕامان و قه‌ناعه‌ته جێگیر و باوه‌کانی ده‌ست پێ ده‌کات. ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست وه‌کوو شۆڕش هاتوونه‌ته ئارا و به شۆڕش ناویان لێ نراوه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که له به‌هاری عه‌ره‌بیدا هاتنه ئاراوه، پێش له هه‌ر شت ده‌بوو له ژێرخانه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه‌کان و تێڕوانین و قه‌ناعه‌تی مرۆڤ بۆ جیهان و دین و خودا و نه‌ته‌وه و ژیان و مه‌رگ و…شۆڕش و گۆڕانکارییان بکردبایه تاکوو چاره‌نووسێکی تاریک و لێڵی وایان بۆ نه‌هاتبایه‌ته پێش، ئه‌مه‌ی که له ئێرانیش ده‌گوزه‌رێت به‌ده‌ر له هه‌موو پاڵنه‌ره ئابووری، نه‌ته‌وه‌یی، جێنده‌ری و سیاسی و که‌لتوورییه‌کان له ئاوه‌ها ئاسۆ و به‌رجه‌وه‌نێکدا ده‌خوێنێته‌وه و ده‌بێت هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌مه بکرێت ئایا ئه‌م شۆڕشه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که باسم کرد له هه‌ناوی ئه‌م جوگرافیا ئینسانییه‌دا هاتووه‌ته ئاراوه تاکوو پاش گۆڕینی سیستمی سیاسی نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خاڵی سفر؟ واته ئایا فارسێکی تارانی پێی قووت ده‌چێت کوردێکی جوانڕۆیی و کامیارانی و.. به مرۆڤێکی هاوپله‌ی خۆی و به شوناسێکی جیاواز له خۆی ببینێت؟ ڕه‌نگه تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ڕازی بینینی ئاسۆی دواڕۆژی ئه‌و شته بێت که ئێسته له شه‌قامه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران‌دا ڕوو ده‌دات!