تاوانباران ڕادەست بكەن، واز لە بەرەی ئەنجوومەنی حزبەكان بێنن

نووسەرێك


هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ کە تێیدا جەماوەر بە ئازادی و هەڵبژاردن نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری هەبێت، هیچ پێویست بە (بەرەی کوردستانی) بۆ پارت و لایەنە سیاسییەکان ناکات.

ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن و پەرۆشی ئەو قەوارەیە و گەلی کوردستانن ئەوا دەستهەڵگرن لە دژبەرایەتی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ خزمەتی خەڵک و دەستەوەردان لە کاروبارەکان و گلدانەوەی داهات بۆ گیرفانی حیزبی خۆتان، خەڵکیش لە نۆرەی مووچە ووشکهەڵگەڕێن و بمرن.

ئەگەر پێشکەوتنی کوردستانتان دەوێت ئەوا دەستهەڵگرن لە قۆرخکردن و هەڵلوشینی پارە تەرخانکراوەکانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

چ بەزم و سەیرانێکە هاوبەشی دەستەڵات بن لەسەر شاشەی کەناڵەکان و لە ڕاگەیاندن خۆتان بە بەشخوراو بێ دەستەڵات پێشان بدەن!

چەندە سەیرە حیزبێکی شەق و شڕ و شلۆق بن و خۆشتان بە دەمڕاست و خاوەنی نیوەی کوردستان بزانن و نەشتوانن خزمەتی خەڵکەکەی بکەن و ئۆباڵی هەر شکستێکی خۆشتان بخەنە سەر ئەستۆی حکومەت و لایەنی دیکە!

چ شەرمەزارییەکی گەوورەیە، هەڕەشەی بڕینی گازی سروشتی و نەوت لەو حکومەتە بکەن کە خۆتان تێدا هاوبەشن و سامانی ئەو ووڵاتە بە موڵک و میراتی باب و باپیرانی خۆتان بزانن!

چ ئابروچۆنێکی سیاسییە لەڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەندام بیت و بە نوێژی نیوەڕۆش لە ناوجەرگەی پایتەخت دا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەیت و بە بۆمبی چێندراو خانەوادەیەک بتقێنیتەوەو ئامادەش نەبیت تاوانباران ڕادەستی دادگا بکەیت، بەو بیانووەش بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دا نەکەیت!

دەی کەواتە بەرەی کورستانی بۆ ئەوڕۆ هیچ زەرورەتێکی نییە، تەنها بۆ ئەوەتانە دەتانهەوێت هەموو کارە دزێوەکانی خۆتانی پێ پەردەپۆش بکەن و درێژە بە پاوانکردنی بەشێکی کوردستان بدەن و خێروبێرەکەشی بەبێ لێپێچینەوە هەڵلووشن و خەڵکەکەش نەوێرن فززە بکەن.

ڕۆژگارێک بۆ کورد و لایەنەکان بەرەی کوردستانی پێویستییەکی زۆر گرنگ بوو کە ئێوە خۆتان قارەمان و درێژەپێدەری شەڕی ناوەخۆ بوون لە دژی هەموولایەنەکان، بۆ خۆسەپاندن و باڵا دەستی و گەلی کوردستانیش هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر بوو…

ھەواڵی زیاتر