سە‌دە‌ی فە‌نابوونی كورد لە‌نێوان ئاژە‌ڵی دە‌وڵە‌تدارو،مرۆڤی بێدە‌وڵە‌تدا!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەمێژوودا زۆرێك نەتەوەو گەل هەبوون، كە هەركامیان بەهۆكارێك و لەقۆناغێكی دژواردا لەناوچوون و، ئاسەواری زۆر كەمیان ماوە، یاخود هیچ ئاسەوارێكیان نەماوە.
زۆرجار ڕووداوەكانی لەناوچوونی گەلان، سروشتیبوون، زۆرجاری دیكەش، لەئەنجامی فشاری سەربازی یان ئابووری، گەلەكە تواوەتەوەو، بەتەواوی كەلتور و شوناس و خاكی خۆی لەدەستداوە.
مێژوو پڕ پڕە لەنمونەی لەو شێوەیە، لەبنەڕەتدا مێژوو بەچاخە شارستانییەكان و بەناوی بنەماڵەو گەلە فەرمانڕەواكان و ئیمپراتۆریەتەكانەوە پۆلێنكراوە. بەڵام دەكرێت بپرسین: كوا ئەو ئیمپراتۆریەت و بنەماڵە و گەل و هۆزە گەورانە كە ماوەیەك هەبوون و خاوەنی كاریگەری بوون؟ بێگومان لەناوچوون! هەریەك لەو گەلانە بەهۆكارێك لەدەرەوەی ویست و هەستی خۆیانەوە لەناوچوون. بۆنمونە: كوا ئاشورییەكان؟ كوا ئەكەدییەكان؟ كوا هاخامەنشییەكان؟ كوا مادەكان؟…هتد.
لەهەر پێچێكی مێژوویدا، گەلێك لەناو دەچێت. بەڵام گەلێك كە توانیویەتی جێپەنجەی خۆی بەسەر مێژووەوە بەجێبهێڵێت، توانەوەكەی ئەبەدی و سەرمەدی نیە، بەڵكو بەهۆی ئاسەوارەكانییەوە، ناچارین ئاوڕیان لێ بدەینەوە.
بۆ كوردیش، ئەم خولەی ژیان شتێكی سروشتییە، وەك چۆن ئیرادەیەك كوردی كردە كورد، بەهەمان شێوە قەدەرێكیش لەناوی دەبات و، بێگومان جیاوازییەك هەیە لەنێوان توانەوەی كورد لەگەڵ گەل و نەتەوەكانی مێژوودا، ئەویش ئەوەیە: ئەگەر بەشێكی هۆكاری توانەوەی كورد لەدەرەوەی هەست و ویستی خۆیەوە بێت، بێگومان بەشێكی یەكجار زۆری هۆكارەكە لەناو چوارچێوەی ئیدراكی كورددا هەیە. ئێمە زۆر بەسادەیی هەستی پێدەكەین.
لەوەدا كورد و نەتەوەكانی تری، وەك ئەمازیغەكان و كشمیرییەكانیش لەگەڵمان هاوچارەنوسن و ئەوانیش وەك ئێمە دەتوێنەوەو، مێژوو هیچ
یادێكمان ناكات، چونكە هیچ ئاسەوار و داهێنانێكمان پێشكەشی مێژوو نەكردووە!.
نەبوونی دەوڵەت، هۆكاری سەرەكی فەنابوونی كورد دەبێت تاكو كۆتایی ئەم سەدەیە! بەدەربڕینێكی ڕوونتر: تاكو كۆتایی ئەم سەدەیە، نەتەوەی كورد بەتەواوی قڕدەبێت و هیچ ئاسەوارێكی نامێنێت. كورد لەڕووی فەرهەنگ و سیاسەت ویاساوە، لەڕووی خاك و سەروەری و تواناكانی تری ژیانی هاوچەرخەوە، دەمرێت و هیچ ئومێدێك نیە بۆ مانەوەی كورد وەكو نەتەوەیەكی خاوەن فەرهەنگ و شوناس و خاكی تایبەت بەخۆی.
ڕەنگە مرۆڤی كورد، وەك جەستە فیزیكییەكەی بمێنێتەوە، بەڵام زمان و فەرهەنگ و هەست و نەستی نەتەوەیی، گۆرانی و سیاسەت و نوسین و بیركردنەوەی، بەیەكجاری و بۆ هەتاهەتایە دیلێت دەكرێت. مێژووش قەت و لەهیچ لاپەڕەیەكی خۆیدا ناچارنیە بنوسێت: نەتەوەیەك هەبوون لێرەوە هاتن و تێپەڕین. چونكە هیچمان پێشكەشی مێژوو نەكردووە!.
لەم هەفتەیەدا بینەری كردنەوەی یارییەكانی مۆندیالی قەتەر بووین، لەو دەستپێكەدی
عەرەبەكانی قەتەر، توانییان حوشتر بكەنە ڕەمزێكی كەلتوری خۆیان و بیبەنە ناو یاریگا و پیشانی جیهانی بدەن! دواتریش میدیاكانی قەتەر بەخەتی درشت نوسییان: قەتەر توانی پیشانی بدات كە عەرەب دەتوانێت ئیدارەی ڕووداوێكی گەورەی جیهانی ئاوا بدات
و، داهێنانیشی تێدا بكات.
سەیری وشەی عەرەب بكە لەناو دەربڕینەكەدا، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا عەرەب لەبەر ئەوەی عەرەبن توانییان بچنە ناو مۆندیال و ئیدارەی بدەن و، تەنانەت حوشتریشی تێدا نمایش بكەن؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو لەبەر ئەوەی خاوەنی دەوڵەتن توانییان ئەو كارە بكەن.
ئەوە لەكاتێكدایە، كورد هیچ دەرفەتێكی نیە ئامادەیی هەبێت لەڕووداوی لەوشێوەیە و بچوكتریشدا. چونكە مۆدیلی عەولەمە، مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت دەكرێت و، كیانە لۆكاڵییەكان، زمان و فەرهەنگە ناوچەییەكان، مەحكومن لەمەرگێكی هێمن و لەسەر خۆ. چونكە هیچ دەوڵەتێك نوێنەرایەتییان ناكات و لەگۆشەیەكی بچوكی زۆر لۆكاڵیدا
لەگیانەڵادا دەبن، تاكو بەبێدەنگی و بێ جێهێشتنی هیچ ئاسەوارێك دەمرن.
ئەم سەدەیە، سەدەی فەنابوونی كوردە. سەدەی پێچانەوەی لاپەڕەیەكی قەدەرە كە بەكۆڵێك موعاناتی قورسەوە، لەناو جەنگێكی بێڕەحمدا كوردی بەجێهێشت و دایە دەستی مەرگێكی بێ ئاسەوار!. سەدەیەكە، ئاژەڵێكی خاوەن دەوڵەت، قورسایی زیاترە لە نەتەوەیەكی پەنجا ملیۆنی بێ دەوڵەت!.