ئە‌ی پە‌روە‌رێن!ئە‌م بتە‌یلە‌ سە‌ریان لە‌ زۆر كە‌س تێك داوە‌

عومەر چنگیانی

مەر خوا بمانپارێزێ دەنا نەپەرسینی بت بۆتە کارێکی ئەستەم و، دەربازی لەم ململانێیە وەختە بڵێم مەحاڵە و نالوێ؛ ئەم ترسەی من باسی لێوە دەکەم هێشتا کەمتریشە لەو ترس لە وەدووکەوتنی بتپەرستان و بتپەرستییەی کە سیمای هەرە دیاری سەردەمی هەر پەیامگەیێنێکی خوا بووە و ئاوڕدانەوەیەکی وردبینانە لە قورئان و باسی پێغەمبەران سڵاوی خوایان لێ بێت تیایدا، ئەو ڕاستییەمان بۆ دیار دەخات و خوێندنەوەیەک بۆ ئایەتی3٥-3٦ی سوورەتی (ئیبراهیم) جوانترین وێنای ئەو ترس لە ئاکامی بتپەرستییەمان نیشان دەدات کە لە نێو ناخی کەسێکی وەک ئیبراهیمدا بوو، سڵاوی خوای لەسەر بێت؛ کە خوای گەورە لە زاری ئەوەوە بۆمان باس دەکات کە چۆن بە محەمەدی دوایین پەیامگەیێنی خۆی، دروودو سڵاوی خوای لەسەر بێ، دەڵێ: (ئەوە وەبیر خۆت بهێنەرەوە و لەو دەرسە ورد ببەرەوە و تێیبگە کە ئیبراهیم ڕووی نزای کردە خوای خۆی و گوتی: ئەی پەروەرێنی من! ئەم شارە لە بەڵا بەدوور بگرە و باڵی ئاشتی و ئارامی و ئاساییش بکێشە بەسەریدا و خۆم و نەوەکانم لەوە بەدووربگرە کە بت بپەرستین (3٥) ئەی پەروەرێنی من! بەڕاستی ئەو بتانە زۆرینەی خەڵکیان لەخشتە بردووە و، تەفرەیان داون؛ هەرکەس شوێنم بکەوێت ئەوە هاوبیر و بۆچوونمە و لە منە، هەرکەسیش سەرپێچیم لێ بکات تۆ لێبوردە و میهرەبانی (3٦) سەرنج: دەبینین لەگەڵ خراپیی بتپەرستی و نزاکانی ئیبراهیمیشدا سڵاوی خوای لێ بێت کەچی کۆتایی نافەرمێت ئەوەی سەرپێچیم لێ دەکات، وا و وایان لێ بەسەردا بێنە، بەڵکو باس لە لێبوردەیی و میهرەبانیی خوا دەکا و هیوا دەبەخشێتەوە.

دیارە بت و بتەوان و بتخانە و بتپەرستی و ئەو جیهانی بتناسییە لە هەر چاخ و سەردەمێکدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و دێت؛ خۆ ئەگەر ئاوڕێک لە لێکدانەوەی بیستوسێهەمین ئایەتی سوورەتی (نوح) بدەینەوە کە باسی قەومە ملهوڕەکەی نوح دەکات کە چۆن دەیانگوت (واز لە خوایەلەکەتان مەهێنن! واز لە وەد و سواع و یەغوس و یەعوق مەهێنن) زۆر بەرچاوڕۆشن دەبین و ئیمامی ئبینوکەسیر، ڕەحمەتی خوای لێ بیت، دەفەرمێت: (ئەمانە ناوی ئەو بتانە بوون کە پێشتر دەیانپەرستن و بوخاری ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە عەبدوڵای کوری عەباسەوە، خوایان لێ ڕازی، دەگێڕیتەوە کە (صارت الأوثان التی كانت فی قوم نوح فی العرب بعد: أما ود: فكانت لكلب بدومە الجندل؛ وأما سواع: فكانت لهذیل، وأما یغوث فكانت لمراد، ثم لبنی غطیف بالجرف عند سبأ، أما یعوق: فكانت لهمدان، وأما نسر: فكانت لحمیر لأل ذی كلاع، وهی أسماء رجال صالحین من قوم نوح علیه السلام، فلما هلكوا أوحی الشیطان إلی قومهم أن انصبوا إلی مجالسهم التی كانوا یجلسون فیها أنصابا وسموها بأسمائهم، ففعلوا، فلم تعبد حتی إذا هلك
أولئك وتنسخ العلم عبدت.) واتە: (ئەو بتانەی لەنێو قەومەکەی نوحدا کرابوونە خوا، دوایی کەوتنە نێو عەرەبەوە؛ (وەد) خێڵی بەنوکەلب لە دەومەتولجەندەل دەیانپەرست و (سواع) لای هوزەیل و (یەغوس) لای مراد و و دوایی لە بەنی غوتەیف لە جورف و لە وڵاتی سەبەئدا و یەعوق لە هەمدان و، نەسر لای حیمەیەر و ئالی زی کولاع؛ ئەمانە ناوی کۆمەڵێک لە پیاوچاکانی خێڵی نوح بووە، سڵاوی خوای لەسەر بێت، جا کە ئەوان مردن شەیتان نیگا و خەیاڵی بۆ قەومەکەی نوح برد و لەخشتەی بردن و، تەفرەی دان و پێی گوتن: بۆ لەبیرنەکردنی ئەو پیاوچاکانە، نزرگا و، نەژبیرگە و دیمەن و یادگارییان بۆ دروست بکەن؛ لەو شوێنانەدا کە بۆ خۆیان لێیان دادەنیشتن و بە ناوی خۆیانەوە ناویان بنێن! خەڵکەکەیش وایان کرد، بەڵام هەتا ئەو نەوە و وەچەیەی مابوون نەیانکردنە خوا، لێ کە ئەوام مردن و زانست لەبیر چووەوە و نەفامی باڵی کیشا بەسەر نەوەی دوای ئەواندا، کەوتنە پەرستنی یادەوەری و نزرگا و نەژبیرگە). ئەم فەرموودە دروستەی ئیمامی بوخاری گێڕاویەتەوە، بەسە بۆ کەسێک بیەوێ بەرچاوڕۆشنانە ببیستێ و بخوێنیتەوە و تێبگات

ھەواڵی زیاتر