ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

باڵاترین خەڵاتی ئەدەبی لە دنیادا کە نۆبڵە و ئەکادیمیای ســـوێد دەیبەخشـــێت، ئەمساڵ بەر ئانی ئێرنۆ کەوت، کە ژنێکی فەرەنســـایییە و بە ڕۆمان ژیاننامەی خۆی دەگێڕێتەوە. خەڵاتی (گۆنکۆر) یش کە باڵاترین خەڵاتی ئەدەبیی فەرەنســـایە و ئەکادیمیای فەرەنسا دەیبەخشێت، هەر بەر ژنێکی فەرەنسایی کەوت کە (بریجیت جیرۆ)ی ناوە، لەدایکبووی جەزائیرە و ئەو خەڵاتەی لەبەر ڕۆمانێکی پێ بەخشراوە کە ژیانی ڕۆژانەی خۆی تێدا دەگێڕێتەوە و ناوی لێ ناوە: ژیان بەپەلە، کە باسی ئەوە
دەکات، چۆن مۆتۆرسیکلێک لە مێردەکەی داوە و کوشتوویەتی.
ئەو جۆرە ڕۆمانەی ئەمساڵ هەم نۆبڵیان بردەوە و هەم گۆنکۆر، بە جێناوی کەسی یەکەم دەنووسرێن، کارەکتەری ســـەرەکییان خودی نووسەری ڕۆمانەکەیە، خۆی دەدوێت، ژیاننامەی خۆی دەگێڕێتەوە، باســـی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی دەکات و بیۆگرافیـــای خۆیەتی، ڕۆمانێکە بەبێ جوانکاری و زمانی شیعری، ژیانی کەسێکی ئاسایی بەسەر دەکاتەوە، کەسێک نە فەلسەفەی بۆ گرنگە، نە وەک
دەستۆیڤسکی دەخزێتە دەروونی کارەکتەرەکانییەوە.
لایەنی هاوبەشی ئانی ئێرنۆ و بریجیت جیڕۆ ئەوەیە، ناچن وەک ڕۆماننووسانی تر، قارەمان دروست بکەن و باســـی سەرکێشـــییەکانی بکەن. ڕۆمانی وا دەنووسن ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت کەسایەتیی ڕۆشنبیرە و وەک شایەتحاڵێکی سەردەمی خۆیان، تەنیا ئەو ڕووداوانە دەگێڕێنەوە کە خۆیان تێیاندا دەژین، یان لە نزیک خۆیانەوە ڕوویان داوە. شـــایەتحاڵێک چۆن بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە، ئەوانیش
وا دەکەن، سەیری دەوروبەری خۆیان دەکەن و تێبینییەکانیان بە دەستپاکییەوە دەنووسنەوە.
نووسەرێکی تریش کە ناوی سڤێتلانا ئەلکسیڤیچە، خەڵکی بیلاڕووسیایە و بەرهەمەکانی بە فەرەنسایی کراون، ئەویش هەر لەبەر تۆمارکردنی ئەو ڕووداوانەی تێیاندا ژیابوو، 2015 نۆبڵی وەرگرت. خەڵاتی نۆبڵـــی لـــە ئەدەبدا وەرگرت و خۆی پێی دروســـت نییە، لە بەرگی کتێبەکانی بنووســـێت: رۆمان، ئاخر نووســـینەکانی زیاتر لە ڕاپۆرت دەچن، لە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نزیکترن، ڕووداوی ڕاستەقینە دەگێڕنەوە و ژیاننامەی ئەم یان ئەو تاک بەســـەر دەکەنەوە. هەنووکە لە ئەدەبی فەرەنساییدا، ئەو ڕۆمانەی بە (من)ی هەموو شـــتزان دەنووســـرێت، برەوی پەیدا کردووە و ئیدی نووســـەر حەوجەی بەوەیش نەماوە، خۆی لەدوای دەمامکی کەســـایەتییەکی ترەوە حەشـــار بدات. چیرۆکبێژ کە خودی نووسەرە، لە ڕۆمانی وادا، هەر چی نهێنییە ئاشکرای دەکات، یان وەک لای خۆمان دەڵێن، هەر چی
لەژێر بەڕەدایە، دەیخاتە سەر بەڕە.
نووســـەرێکی دیکەی فەرەنســـایی هەیە، (ئیممانۆیل کارار)ی ناوە، هـــەر ڕۆمانێک بڵاو دەکاتەوە، دەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت، ڕەخنەگران بایەخێکی زۆری پێ دەدەن و کتێبەکەیشی دەبێتە یەکێک لە پڕفرۆشـــەکان. ئەمیش هیچ ناکات هەر ئەوەیە، ژیاننامەی خۆی یان هی کەســـێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە دەگێڕێتەوە، یان ژیاننامەی خۆی تێکەڵ بە ژیاننامەی کەســـێکی تر دەکات، بەڵام نزیکەی هەمیشە، خۆی چیرۆکبێژی هەمووشتزانە. هەر دەڵێیت ئەو سەردەمە بەسەر چووە، نووسەر خەیاڵ وەگەڕ بخات، کارەکتەر بخوڵقینێت، یان بایەخ بە بیروبۆچوونی باڵا و ڕامان و فەلسەفە بدات. ئیدی نووســـەر بە باسی خۆی دەست پێ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ لای خۆی، ئاخر هەنووکە پاریس بووە بە پایتەختی ئەو رۆمانانەی نووســـەر تێیدا باسی خۆی دەکات، نەک باسی کێشە فیکری و مەسەلە
فەلسەفییەکان.
(*) سعید خطیبي، ما هي الروایة التي تریدها باریس

ھەواڵی زیاتر