چالاكوان و سیاسه‌تمه‌داری میسری (ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا رزه) ده‌ڵێ: “له مێژووی میسردا ئه‌وانه‌ی زۆرترین هۆگری و ئینتیما و خۆبه‌ندییان هه‌بوو، زۆرترین قوربانیدانیان هه‌بوو، ئه‌وا هه‌ژاره‌كان بوون كه خاوه‌نی هیچ نه‌بوون”.
شك له‌وه‌دا نییه بەئینتیمابوون و خۆبه‌ندی بۆ نیشتمان كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگه له كۆڵه‌گه‌كانی به‌های نیشتمانی و، به گرنگترین به‌هاكان داده‌نرێت كه پێویسته له‌سه‌ر داموده‌زگاكان ئه‌وپەڕی گرنگی و بایه‌خ به په‌ره‌پێدانی ئه‌و به‌هایه بده‌ن، كه بێگومان خێزان و قوتابخانه و زانكۆ و مزگه‌وت و كه‌نیسه و ڕاگه‌یاندنه‌كان، ده‌توانن ڕۆڵی سه‌ره‌كی بگێڕن.
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ له‌م وتاره‌دا جه‌ختی لێ بكه‌مه‌وه ڕۆڵی قوتابخانه له دروستکردن و بنیاتنان و په‌ره‌پێدانی ئینتیمای نیشتمانییه لای قوتابی؛ ئینتیما بۆ نیشتمان دروشمی بریقه‌دار نییه، به‌ڵكو پراكتیزه و جێبه‌جێكردنه بۆ كۆمه‌ڵێ پره‌نسیپ و به‌های نیشتمانی؛ ئینتیمای نیشتمانی هه‌ستێكه له ناخی خەڵکدا دروست ده‌بێ و وایان لێ ده‌كات بچێنه پاڵ نیشتمان و خۆشیان بوێت و په‌یوه‌ندییه‌كی باش و ئه‌رێنی له نێوان خەڵک و نیشتمان دروست ده‌بێت له به‌رزترین نمره و ئاست له دڵسۆزی و پابه‌ندی خۆی ده‌بینێته‌وه.
ئینتیما و خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان پێویستی به سازشكردن و رێكه‌وتن و پێكهاتن نییه، پێویستی به هه‌ڕاجكردن و خۆبادان و خۆكردنه‌پاڵه‌وان و زیادكردنی نرخ نییه، پێویستی به مشت‌ومڕ و هاتوهاوار و شه‌ڕه‌قسه و پڕوپاگەنده نییه، پێویستی به دروشمی بریقه‌دار و زرینگه‌دار نییه، پێویستی به سیناریۆ و هه‌زاران وشه و قسه نییه، به‌ڵكو كرده‌وه‌كانمان و ڕه‌فتاركردنمان و ڕاستگۆییمان ده‌ڕبڕی ئینتیما و خۆشه‌ویستیمانه بۆ نیشتمان؛ ئه‌وانه‌ی باسمان كرد پێویسته له په‌روه‌رده‌وه فێر بین له پرۆگرامه‌كان له بابه‌ت و وانه‌كاندا فێر بكرێین کە چۆن ئینتیمامان بۆ نیشتمان به‌هێز ده‌بێ، چونكه قوتابی ئاماده‌یه هه‌موو شتێكی باش و به‌سوود له قوتابخانه فێر ببێ و له پرۆگرام و په‌رتووكه‌كان بیخوێنێ و له مامۆستاوه وه‌ریبگرێ؛ بۆیه گرنگه له پرۆگرامه‌كاندا بابه‌تی خۆشه‌ویستی و ئینتیما بۆ نیشتمان زۆر گرنگیی پێ بدرێ و قوتابی فێر بكرێ چۆن خاك و نیشتمانی خۆش ده‌وێ و له پرۆگرامه‌كانه‌وه بنچینه‌كانی ڕه‌وشت و ئەدگاری جوان فێری قوتابی بكرێ و هه‌ست به شانازی و سه‌ربه‌رزیی خۆی و نیشتمانه‌كه‌ی بكات.
گرنگه له پرۆگرامه‌كاند؛ باسی داستانه‌كانی نه‌به‌ردی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان بكرێ و چۆن توانراوه كوردستان بپارێزرێ و باسی پێشمه‌رگه‌ی گیانفیدای بكرێ له شه‌ڕی داسه‌پاوی تیرۆریستانی داعش و ئاماژه به سه‌ربه‌رزی و قاره‌مانیه‌تی شه‌هیده‌كانمان بكرێ، جینۆساید و ئه‌نفالی میلله‌تی كورد به گرنگییه‌وه باسی لێوه بكرێ؛ ئه‌وانه و چه‌نده‌ها شۆڕشی تری كورد و هه‌وراز و نشێو و هه‌ڵكشان و داكشانه‌كان ئاماژه‌ی پێ بدرێ؛ ده‌بێ قوتابی بزانێ باب و باپیرانمان چۆن ژیاون و چۆن خه‌باتیان كردووه و توانیویانه كوردستان بپارێزن.
گرنگه قوتابی ڕه‌مز و سیمبوله‌كانی كورد بناسێ؛ نموونه: بارزانی نه‌مر باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌ی كورد چۆن ژیاون و تێكۆشاون له پێناو پاراستنی نیشتمان و سه‌ربه‌رزیی میلله‌تی كورد؛ هه‌موو ئەوانه و چه‌نده‌های تر كه قوتابی له پرۆگرامه‌كانه‌وه بابه‌ته‌كان ده‌خوێنێ و وا له قوتابی ده‌كات كه شاره‌زای مێژوو و جوگرافیای كوردستان بێت.
جگه له‌مه‌ش تاكێكی به‌هێز و خاوه‌ن ئینتیما و ئیراده‌ی لێ دروست ده‌بێت و ده‌زانێ كه نیشتمانه‌كه‌ی به دیاری پێشكه‌شی نه‌كراوه، به‌ڵكو به رووباری خوێن پارێزراوه، به شه‌ونخوونی و به خوێن و گیانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوه‌خۆ سه‌قامگیری و ئاسایشی بۆ دابین كراوه.
بۆیه گرنگه له په‌روه‌ده‌وه له پرۆگرامه‌كاندا وشیاریی تاك بڵاو بكرێته‌وه؛ هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری له ناخی قوتابیدا دروست ببێ و گه‌شه‌ی پێ بدرێ و چه‌كه‌ره بكات و كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و نیشتماندۆستی به‌هێزی لێ دروست بكرێ كه هه‌رگیزاوهه‌رگیز سازش و مساوه‌مه له سه‌ر مافه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كانی نه‌كات و، دڵسۆز و ڕاستگۆ و خۆنه‌ویست بێ و، ئاماده بێ خوێنی خۆی ببه‌خشێ؛ هه‌رگیز نابێ كه‌مته‌رخه‌م بێ به‌رامبه‌ر به نیشتمان، چونكه نیشتمان ئامانه‌تی باب و باپیرانمانه و پاراستنی له ئه‌ستۆی ئێمه‌دایه و، دەشێ به ئامانه‌ت ڕاده‌ستی نه‌وه‌كانمانی بكه‌ین و ئه‌وانیش وه‌كو شووره‌ی پۆڵایین بن بۆ پاراستنی نیشتمان.
بۆیه گرنگه خەڵک و تاک، هه‌ست به خۆیان بكه‌ن و گرنگی به خۆیان بده‌ن تا سه‌ركه‌وتوو بن بۆ ئه‌وه‌ی ئینتیمایان به‌هێز ببێت؛ ئه‌وه‌ش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ قسه‌ی سیاسه‌تمه‌داری ئوسترالی (نۆرمان كینج) كه ده‌ڵێ “ئینتیما، مه‌رجی سه‌ره‌كییه بۆ به‌دیهێنانی هه‌ستکردن به خۆت و سه‌ركه‌وتنی خۆت”.
*به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
ماسته‌ر له كارگێڕیی په‌روه‌رده‌ییدا