ئاریان فەرەج
کۆست و پرسەی کارەساتەکەی سلێمانی، هەر زوو بوو بە کۆست و پرسەی هەموو کوردستان. کۆی شارەکانی کوردستان بوونە دەستەخوشکی سلێمانی لەم کارەساتەدا، لە سەرقەڵای هەولێر و لە هەوارە بەرزەی سلێمانی لەیەک کاتدا خەڵک پێکەوە و بەیەکدەنگ نزایان بۆ گیانی قوربانییانی کارەساتەکە نارد و بۆیان گریان.
هاوکۆستی و هاودەردیی کوردستانییان لەم مەرگەساتەدا پێمان دەڵێ ئەم کۆمەڵگەیە یەک رۆح و یەک جەستەیە، کوردەواری پشت و پەنا و شەریکی خۆشی و ناخۆشی یەکترن، هاوسۆزی و هاوچارەنوسی و ئایندە پێکەوەی شەتەکداون، بۆ لێکترازان و لێکهەڵوەشان نەشیاون و ناشێن.
دیمەنی کوردستان لەم پرسەیەدا، جیا لە مانا کۆمەڵایەتییە پڕ مەغزاکەی کە لە گەرمەی کۆستدا، جۆرێک لە شادی و تروسکەی ئومێدی ژیاندەوە، لە هەمان کاتدا، دیوێکی سیاسی مانادار و پەیامێکی سیاسیی رۆشنیشی لێ دەخوێندرێتەوە: تازێبارانی هەموو شارەکانی کوردستان بە یەک دەنگ بە سیاسییەکان و حزبەکان و سەرکردەکانیان گووت: ئاشتەوایی و یەکڕیزی و هەرێمێکی یەکگرتووی تۆکمە و تەبامان دەوێت، کایەیەکی سیاسیی یەکدەست و یەکگرتوومان دەوێت کە رەنگدانەوەی یەکماڵی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بێت و لە ئاست وویست و هۆشیاری و هاوچارەنوسیی خەڵکی کوردستاندا بێت و لە خەمی میللەتدا بێت. پێیان گووتین: خەڵک گرفت و قەیران و کێشەی زۆرە، بە دەیان هۆکاری جیاجیا مەترسی لەسەر ژیان و گوزەرانیان هەیە، لە هەڕەشە و شەڕپێفرۆشتنی دەوڵەتانی دراوسێوە تا ئەو مەترسییانەی کە لە نزمی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکانەوە دەکەونەوە و کارەساتەکەی سلێمانی نموەنەیەکی زەقە. دەبێ مانا رەمزییەکانی ئەم پرسە و ماتەمە نیشتمانییە، بکرێتە هەوێنی پێکهاتنەوەی حزبەکان، دەبێ سەرکردەکان وەڵامدەرەوەی ئەو پەیامە بەرزەی هاوڵاتیانی شارەکانی کوردستان بن، کۆتایی بە دووبەرەکی و یەکتر بە شەیتان کردن و دژایەتی یەکتر بێنن.
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە پرسەکەیە و لە نێو هاوڵاتییانیدایە ، بەم بەشدارییە جیا لە هاوخەمی لەگەڵ هاوشارییانی، وەک هەمیشە جارێکی تر دەیەوێت بە هەموو لایەک بڵێت: نا بۆ زۆنی زەرد و سەوز، بەڵێ بۆ زۆنی کوردستانی، بۆ کوردستانێکی یەکدەست و هاوخەم و یەکماڵ و هاوچارەنووس.