چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پە‌یامی ھە‌میشە‌یی ئێمە‌ و، دوا پە‌یامی بافڵ تاڵە‌بانی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئێمە بەهەمیشەیی لەمێژووی بیركردنەوە و نوسین و كاركردنماندا، پێمان وابووە، ئێستاش پێمان وایەو بۆ ئایندەش تاكو كورد دەبێت خاوەنی دەوڵەتێكی مەدەنی و كۆتایی بەقۆناغی خەباتی ڕزگاری دێت، دەبێت سەوابیت هەبێت لەبیركردنەوە، لەسیاسەتیدا، تەنانەت پێویستە لەبواری بەڕێوەبردنیشدا، هەمیشە سەوابیتی هەبێت، چونكە خۆی خاوەنی هیچ تیۆرێكی بەڕێوەبردن و فەلسەفەی حوكم نیە. لەگۆڕەپانی بیركردنەوەی ڕۆشنبیرانیشدا، هەمیشە دوو بەرە
ئامادەگییان هەیە، بەرەیەك پۆپۆلیستی و بێ دەربەست، گوێ بە هەستیاری قۆناغەكە نادات و، داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو سەوابیتەكان دەكات. ئەم بەرەیە ئاناریشیست و بێ ستراكتۆر و ترۆپكی فەوزەویەتە. هەرگیز ڕۆشنبیرانی ئەم بەرەیە بەخەڵكیان نەگوت لەسەوابیتی هەموو گەلانی دنیادا، نیشتمان و نەتەوە و ئاڵا و ڕەمزەكان، هێڵی سورن و مرۆڤایەتی لەسەر ئەوە ڕێككەوتووە كە كۆمەڵگەكان ئەو سەوابیتانەی خۆیان بپارێزن.
بەڵكو بەپێچەوانەوە، خەڵكیان هاندا و فێریان كردن كە سوكایەتی
بە نیشتمان و ئاڵا و نەتەوەو ڕەمزەكان، بەشێكن لەئازادی، یانی بەگەنجانیان گوت: تۆ بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت كەسێكی ئازادیخوازیت و بەزمانە پۆپۆلیستییەكەی خۆیان كۆیلە نیت، دەبێ جنێو بدەیت بەئاڵا، بەنیشتمان، بەنەتەوەو خاك، دەبێ بە مناسەبەت و بێ مناسەبەت سوكایەتی بكەیت، توڕەبیت، ڕەخنەكانت تێكەڵ بكەیت بە جنێوو تەشهیر و، دواجاریش خەڵك لێوان لێوبكەیت لەتوڕەیی تاڕادەی تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگە و پێكەوە ژیان و وێرانكردنی هەموو جوانییەكانی ئەم كۆمەڵگە بێ دەوڵەتە!.
وەبەرهێنانی مەترسیدار لەسەر ئەم پرۆژەیە گەیشتە بوارە بازرگانییەكەش، كۆمەڵێك كارتڵی بازرگانی سیاسی دروستبوون. هەڵتۆقین و بوون بەدیاردەیەكی بازرگانی سیاسی زۆر مەترسیدار، كە بەندە بەشبەحاڵی خۆم و ئەوەندەی دەستی سێرچ و مەعریفەم پێی گەیشتبێت، هەوڵمدا تێبگەم لەوەی ئایا لەناو میڵەتێكی تریشدا نمونەی وامان هەیە كە ترۆپكی بازرگانی سیاسی بریتی بێت لەو سوكایەتی بەپیرۆزییەكانی نیشتمان؟ بەداخەوە دەستم نەكەوتووە، تائیستاش سێرچ بەردەوامە.
بەرەی دووەم كە ڕەنگە ئێمە مانان بمانەوێ جێپەنجەمان تیایدا
هەبێت، ڕێك بەپێچەوانەوە كاردەكات،لەم بەرەیەدا هەوڵەكان بۆ ئەوەن لەپەنای خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان، شكۆ و ڕێز بۆ نەتەوە، نیشتیمان، ئاڵا، دەوڵەت، ڕەمزەكانی نیشتمان و مێژوو بپارێزرێن.
لەپێناوی گەیاندنی ئەم پەیامەدا، چەندین ساڵە سوكایەتیمان پێدەكرێت. بەچەندین شێواز دژایەتیمان كرا، تاكار گەیشتە سەر ئێسك. چونكە وادیارە لەسەر ئەو بنەمایە جوگرافیای سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستانیش خەریكە دابەش دەبێت.مرۆڤ هەست دەكات ئەم جیاوازییە گەیشتۆت شەقام و سیمای شارو ناوچەكانی بەبۆیاخی خۆی ڕەنگكردووە. ئیستا كارێكی ئاسانە بڵێین: خەڵكی فڵان شاری كوردستان زیاتر لەخەڵكی شارێكی تر، وابەستەن بە نیشتمان و ئاڵاو شكۆو پیرۆزییەكانەوە. لەدوا دیداریدا بافڵ تاڵەبانی، دەڵێت: هیچ كەس بۆی نیە، قەت قەت، بەخراپ باسی كاك مەسعود بارزانی بكات! ئەم پەیامە ئەگەرچی پەیامێكی سیاسییەو بەئامانجێك ئاراستە دەكرێت، بەڵام ڕێك یەكدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو پەیامەی كە ئێمە هەمیشە جەختمان لێكردۆتەوە. كە پێویستە كورد
سەوابیتی هەبێت.
هەمیشە گوتومانە:با كاك مەسعود بارزانی، بخرێتە سەرەوەی ناكۆكییەكان، كاك مەسعود بارزانی ئەو سنورەبێت كە كێشەو ناكۆكییەكانی ناو حیزبەكانی كوردستان لەوێدا كۆتاییان بێت. با یەكێتی و پارتی پێكەوە ڕكابەربن، بەڵام لەسەر كاك مەسعود بارزانی وەك سەوابیتێكی نیشتمانی كۆك بن. ئەمە پوختەی ئەو ستراتیژە ڕۆشنبیری و خیتابە سیاسییە بوو، كە هەمیشە كارمان لەسەر كردووە، بەخۆشحاڵییەوە لەدوا پەیامی بافڵ تاڵەبانیدا بەڕوونی ڕەنگی دایەوە.