ژینگە‌ گرفتی گە‌ورە‌ی جیھان؟

عارف ڕوشدی

چەند ساڵێکە وڵاتانی جیهان لە هەوڵی بێ وچاندان لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتی تێکچونی ژینگە بە هەمو ڕەهەندەکانییەوە وەک مەترسیدارترین ئالەنگاری سەردەم، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئاستێکی گونجاوی چارەسەر. لە هەرێمی کوردوستاندا گرفتی ناهاوسەنگیی ژینگە، بابەتێکی گرنگی کارنامەی حکوومەتە، خۆشبەختانە بوجەیەکی باش دابینکراوە بۆ دامەزراندنی چەندین بەربەستی ئاو لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم. بەڵام لە بارەی پەرەپێدانی ڕێژەی پانتایی سەوزایی لە شارو شاروچکەکاندا، هەر چەندە هەنگاوی باش هاوێژراوە، بەڵام پێم وایە شانبەشانی ئەو هەڵمەتانە، پێویستە پرۆژەی تایبەت و بەرفراوان هەبێت لە بواری سەوزکردنی گرد و تەپوڵکەکانی دەوروبەری شارەکان و هەمو کومەڵگا نیشتەجێبوونەکاندا، چونکە هەبونی پشتێنەی بە‌ر فراوانی سەوزایی وەک بەربەستێکی سروشتی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی ژینگەی نێو شارەکان؛ ئەگەر نا، بەتەنها سەوزکردنی گوڕەپان و جادە و شۆستەکانی نێوخۆی شارەکان، کاریگەری زوری لە ڕاگرتنی دەرهاوێشتە نەرینییەکانی گوڕانکارییەکانی کەش و هەوا نابێت. هەروەها پێویستە دوای ناشتنی نەمامەکان بەدواداچوون و چاودێری هەبێت لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بە لای کەمەوە تا ئەو کاتەی نەمامەکان نەشونمای تەواو دەکەن. سەرەڕای ئەوەش پێویستە بابەتی ژینگەپارێزیی بکرێتە وانەیەکی بنەڕەتی خوێندن لە قوناغە جیاوازەکانی خوێندندا.

ھەواڵی زیاتر