عومەر چنگیانی
گۆڕانکاری لە دوای هەربەخۆداهاتنەوەیەکدا، کارێکی سروشتی و چاوەڕوانکراوە و، گۆڕانەکەیش نابێتە جێگای پرسیار. لە گوڵخەرمانی یەکەمی دوای سێسەد قەفدا، پێم خۆشە هەڵوەستە بکەم بەدیار یەکێک لە چیرۆکە پەندئامێزەکانی قورئان کە بە ئاماژەی ورد و پڕ لە حیکمەت بابەتی حوکمڕانیکردنی خانمەکەی (سەبا)مان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە وڵاتی یەمەندا بووە و، سەرباری جوانیە کەموێنە و دەسەڵاتە بەرین و هێزە زۆرەکەی، کەچی لەڕووی عەقیدەوە لاواز و لەباتی خواناسی و کڕنۆشکردن بۆ خوای بەدیهێنەری گەردوون، کڕنۆش بۆ بەدەر لە خوا دەکرد؛ خۆر وەک نموونە، ئاکاری لاریان بووە! کە هەر خودی ئەو لاڕێگرتنە لە عەقیدە و تەریب بوونە لە یەکخواپەرستی و لە دووی پۆخڵەوات چوونە، هۆکارێکی گەورەی لەدەستدان و داڕمانی دەسەڵاتەکەی بوو، بەشێوەیەک لەکاتێکدا کە ئەو وڵاتێکی دەبرد بەڕێوە ژیانی لێ گۆڕدرا بۆ بوون بە خانمێک لە خانمیەلی ماڵ بەڕێوەبەری ماڵەکەی سلێمان پاشای پەیامگەیێن، سڵاوی خوای لەسەر بێت، داستانی ئەو خانمە کە قورئان ناوی نابا و بە لاساییکردنەوە لە نێو سەرچاوەکاندا کراوە بە (بەڵقیس) و لە ئایەتەکانی ٢٢- ٤٤ی سورەتی (نەمل)دا باسی لێ کردووە، دوای ئەوەی سڵێمان سەرژمێرێکی سوپا بێئەژمارەکەی دەکا و پەپوو نابینێ، وەک قورئان لە زارییەوە بۆمان باس دەکات و مام هەژار لە وەرگێڕانی ئایەتەکاندا ئاوای دەکوردێنێ: (چاوی بە مەلاندا گێڕا، گوتی: چۆنە پەپوو سێمانە نابینم، ئاخۆ خۆی دزیوەتەوە؟(٢۰) ئەگەر بەڵگەیەکی ئاشکرام بۆ نەهێنێ، یان لەسەر ئەمە ئەشێ سزای زۆری
بدەم، یان ملی هەڵدەپڕووچقێنم، یان بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ من بێنێ (٢۱) ماوەیێ زۆری نەخایاندا، هات و وتی: من شتێکم دەس کەوتووە کە دەستە تۆ نەکەوتبوو، وا لە سەباوە هاتووم، دەنگ و باسێکی دروستم بۆ هێناوی (٢٢) من لەوێ ژنێکم دیوە پاشایە بەسەریانەوە و خاوەنی هەمووشتێکە و تەختێکی زۆر گەورەی هەیە (٢۳) دیتم کە خۆی و هۆزەکەی بە جێی خودا سوژدە دەبەنە بەر خۆر و شەیتان کردەوەکانی بۆ خەمڵاندوون و ڕێگەی هەڵەی نیشان داون و ڕێ دەرناکەن (٢٤) وەی کردووە سوژدە بۆ خودایەک نەبەن کە پێواری ناو ئاسمانەکان و زەوی خوویا دەکا و چی وەیشێرن و هەرچیێکی ئاشکرای بکەن، ئەو دەیزانێ (٢٥) ئەو خودایەی کە لەوبەدەر هیچ شت بۆ پەرستن نابێ و ئەو پەروەرێنی تەختی هەرەمەزندە (٢٦) گوتی: بەم زوانە دەڕوانین تا بزانین بە ڕاستت بوو، یان تۆش هەر لە ڤڕ بێژانی (٢٧) ئەم نامەیەم بۆبەرە و بۆیان باوێژە و ئەوسا تۆزێک دوورە و کەوە و بنواڕە پەرسڤیان چییە؟(٢٩) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! نامەیەکیان بۆ هاویشتووم زۆر گرینگە (۳۰) کە لە سولەیمانەوەیە و بە ناوی خودای دەهەندە و دلۆڤانە (۳۰) نابێ خۆتان لە من بە زلتر بزانن، وەرنە لام و خۆتان بەدەستەوە بدەن! (۳۱) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! ئێوە دەربارەی ئەم کارەم، بێژن چ بکەم؟ هەتا ئێوە کۆ نەبنەوە، بڕیاری هیچ کارێ نادەم (۳٢) گوتیان ئێمە هەم بەهێزین، هەم زۆر بوێر، فەرمانیش هەر بە دەس خۆتە. تۆ بۆ خۆت بڕوانە چ فەرمانێک دەدەی؟ (۳۳) وێ گوت: گەلی پادشایان بچنە ناو هەر شارێکەوە، تێکی دەدەن، خەڵکەکەی هەرکام بە گەورە ناوی هەبێ سووکایەتیی بەسەر دێنن و ئەو تەرزە کارانە دەکەن (۳٤) ئەوا من دیارییەکیان بۆ دەنێرم، چاوەڕێم کە ڕاسپاردەکان بە چییەوە دەگەڕێنەوە (۳٥) وەختێ هاتە لای سولەیمان، گوتی: ئێوە دەتانەوێ بە ماڵ یارمەتی من بکەن؟ ئەوەی خودا داویەتی بە من، لەوەی کە بە ئێوەی داوە هێژاترە! بەڵام وا دیارە کە ئێوە بە دیارییەکەی خۆتان دڵخۆشن (۳٦) وەگەڕێ بچۆوە لایان وا مە بە لەشکرێکەوە دێینە سەریان کە ئەوان دەرۆستی نایەن. بە زەلیلی و سووکایەتیش لەوێندەرێ دەریان دەکەین (۳٧) گوتی: ئەی گەلی دێوانێ! بەرلەوەی ببنە ئامانێ کێو دەتوانێ تەختی ئەو ژنەم بۆ بێنێ؟ (۳٨) لۆزەندەرێک لە جنەکان گوتی: ئەمن بەرلەوە لە جێی خۆت هەستێ، بۆتی دێنم، توانام بەسەریدا هەیە و دەسپاکیشم (۳٩) ئەوی کە لە کتێب شتێکی دەزانی، هەڵیدایە: هێندەی چاوت بترووکێنی بۆتی دێنم. کە لێ مەیزاند، وا لایەتی. گوتی: ئەمەش چاکەی پەروەرندەی منە، ویستی تاقیم بکاتەوە، ئاخۆ شوکرانەبژێرم یان پێنەزان. هەرکەسێکی شوکر بکا بۆ خۆی دەیکا و کێش سپڵە بێ، ئەوسایە پەروەرندەی من بێنیاز و دڵاوایە (٤۰) گوتی: تەختەکەی بۆ بگۆڕن، تا بزانین دەتوانێ بیناسێتەوە یان بەسەری ناکاتەوە (٤۱) کاتێ گەیشتە بەرەوە، وتیان: تەختەکەی تۆ وا بوو؟ گوتی: هەر هێژی خوەیەسی، لە بەریشەوە دەنزانی و ئێمە هەر گوێبەفەرمان بووین (٤٢) ئەوەی کە وێ غەیرە لە خودایە دەیپەرست، ئەوی”لە باوەڕیهێنان”گێڕابووە؛ چونکە جاران لە پێڕێ خوانەناسان بوو (٤۳) وتیان پێی: وەرە ناو کۆشک؛ کە لێی ڕوانی، هەرپێی وا بوو ئاوێکی زۆر و زەبەندە و “داوەستاوە” هەردوو پالێمی هەڵکرد. وتی پێی: ئەم کۆشکە لە شووشەی ڕوون و حولی داڕژراوە. گوتی: خودانی ژیانم! من تا ئێستا ناهەقیم لەخۆم کردووە و لە ئێستاوە وەل سولەیمان خۆم دەدەمە دەس ڕاهێنەری گش جیهان (٤٤).