مرۆڤ دەبێ بزانێت بۆ چی هاتووە تا لەپێناویدا بژیێت

گوهدار ئاکرەیی

شتێکی شاراوە نیە هەموو مرۆڤێک حەزی لێیە ببێتە باوک و دایک، وەچە و نەوەی لێ دروست ببێت و، لە هەمانکاتدا درێژە پێدان و بەردەوامبوونی ژیانە؛ بەڵام ئایا هەموو مرۆڤێک دەتوانێت ببێتە ئەو باوک و دایکە راستەقینەی کە بتوانێ رۆحیەت و ئامانجی مناڵەکەی بە جۆرێک بە نیاز و پێویستیەکانی ژیانیەوە بەند بکا، کە لە بنەڕەتدا نیاز و پێویستییەکانی ژیان، مرۆڤ دروست دەکات، بەو هۆیەوە خۆی دەدۆزێتەوە و ناونیشانی ئەم جیهانەی بۆ روون دەبێتەوە و دەزانێت بۆ چی هاتووە، تا لەپێناویدا بژیێت. بێگومان وەڵامەکەی لەلای هەموومانەوە روون و ئاشکرایە.بەڵام من لێرەدا ئاماژە بە وەڵامەکەی ناکەم! با کۆتایی بابەتەکە وەڵامی راستەقینەمان بۆ بەدەر بخات. جا هەر لەبەر ئەو هۆکارە، زۆرن ئەو کەسانە کەلە ناو قوتابخانەی لەدایکبوونیان، مەبەستم قوتابخانەی لەدایکبوون، ژینگەی ماڵ و ئەندامانی خێزانەکەیانە، کە سەرەتای دەستپێک و تەواوکەری مرۆڤە. تا چەند وەکو پێویست بوونی هەیە، چونکە ژینگەی خێزانی، یان ژیانی مناڵەکە فرەوان دەکات و ئامانجی ژیانی بۆ رێک دەخات و کلیلی ئەو دەرگایەی پێ دەدات کە دەرگای ژیانی پێ دەکرێتەوە؛ ئامانجێکی بۆ دیاری دەکات تا لەپێناویدا بژیێت. یان ڕێک بەپێچەوانەوە، ژیانی مناڵەکە دەچێتەوە یەک و هەست بە داڕووخانی دەروونی بکا، بۆی بەدەر کەوێت ژینگەکەی، ژینگەیەکی ناتەواوە و بەرەو دواڕۆژێکی روونی نابات. جا لێرەوە ئەوەی ئێمە مەبەستمانە دەست پێ دەکات، چونکە سروشت و دەسەڵاتی مرۆڤ، بە سروشتی خۆی ئەو توانایەی هەیە! دەتوانێت ئەو ژیانە هەڵبژێرێت کە حەزی لێیە. هەرچەندە هەلبژاردنی ژیان لەلایەن مرۆڤەوە لە شوێنکەوە بۆ شوێنکی تر جیاوازی زۆری هەیە. بەڵام لە هیچ شوێنکی دنیا ئەو شتە نیە و ناکرێت، ژیانێک تۆ هەڵیبژێری هەموو شتەکان بەدڵی تۆ بێت. چونکە ئایا تایبەتمەندی و عورف عادەتی خودی خێزانەکەی و، لە هەمانکاتدا یاسا و عورف و عادەتی کۆمەلگەکەی، ئەو ڕێگایەی پێ دەدات تاکەکە ژیانێک بۆ خودی خۆی هەڵبژێرێت، بێگومان نەخێر. ئەمەش دەستپێکی کێشە ئاڵۆزەکانە، چونکە کەسەکان زۆرتریان لە تەمەنی هەرزەکاری و دوای هەرزەکارین، زۆر بەزەحمەتن، زۆریان لێ بکرێت واز بهێنن لەو باوەڕەی بۆی دروست بووە و باوەڕی پێ هاتووە. ئنجا ئەگەر بڕوایەکانی لەسەر بنەمای زانستی و هەقیقەت بن، ئەوە ئامانجێکی بۆ دروست بووەو دەتوانێت لە پێناویدا بژیت. ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت، رەنگە مرۆڤێکی لێ هەلبکەوێت، نزیکترین هاوڕێی راستەقینەی مادە هۆشبەرەکان بن، کە زۆر جار ئەم کەسانە لەسەر شوستەکانی جادە دەمرن و کەس خۆی بە خاوەنی نەزانێت. ئیتر کەوایە بۆ بەدەستهێنانی مرۆڤێک بزانێت بۆ چی هاتووە و لە پێناو چیدا بژیێت! پێویستە مرۆڤ لەو چرکەساتەی کە چاو دەکاتەوە، واتە لە قوتابخانەی لەدایکبوونیەوە، فێر بکرێت بە دوای هەقیقەتەکاندا بگەڕێت، تاوەکو ببێتە خاوەن چەندین توانای دەرکەوتوو، بەمەش سەرجەم هەقیقەتەکانی، دەبنە ژیانی راستەقینەی. نەک بە پێچەوانەوە فێری هەندێ باوەڕی دوور لە ڕاستی و، عورف و عادەتی بێبنەما و وەهمی بکرێت، کە لە دەرنجام لە مرۆڤێکی ونبوو بچێت، نەزانێت بۆ چی هاتووە و لەپێناوی چیدا بژیێت، بەمەش ژیانێکی بێمانا بەڕێ بکات.

ھەواڵی زیاتر