ھە‌ولێر و بە‌غدا دوای كۆنگرە‌كە‌ی پارتی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

خوێندكارانی زانستە سیاسییەكان، ئەو ڕاستییەیان بەوانە خوێندووە كە سیاسەت مامەڵە لەگەڵ هێزدا دەكات. هێزیش چەمكێكی ڕێژەییە، توخمێكە تایبەت بۆ بەراوردكاری گونجاوە، بەو مانایەی كە هێز چەمكێكی سەقامگیر نیە، بەڵكو بەهێزی لایەنێك بەراورد بەلایەنێكی تر زیاترە، لەهەمان كاتدا بەراورد بەلایەنێكی تر لاوازییە. هەروەها بەپێی كاتیش دەگۆڕێت. لەكاتێكدا لایەنێك بێ هێز ولەكاتێكی تردا بەهێزە. ئەم چەمكی هێزە، چەمكێكی زۆر ئاڵۆزترە لەوەی بەدوو دێڕ
شی بكرێتەوە.
بەڵام دەكرێت بۆ ڕوونبوونەوەی مەبەست لە بەراوردی هێز بڵێین:
بۆنمونە ڕووسیا بەرانبەر ئۆكرانیا بەهێزە، بەڵام هەمان ڕووسیا بەرانبەر
ئەمریكا لاوازە. هەر ڕووسیا لە نەوەدەكانی سەدەی پێشوو زۆر لاوازبوو، بەڵام بەتێپەڕینی كات بەهێزە! بۆیە هێز قابیلی بەراوردە و، چەمكێكی سەقاگیر و كۆنكرێتی نیە.
لەم سۆنگەیەشەوە، دەكرێت پێناسەی سەنگ و قورسایی و كاریگەری هێزە سیاسییەكان و مامەڵەی لایەنەكانی تر لەگەڵیاندا بكەین. كۆنگرەكەی پارتی باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لایەنەكانی تر چۆن لەقۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر، لەكاتێكەوە بۆ كاتێكی تر مامەڵەیان
لەگەڵ هێزدا دەگۆڕێت.
وێرای حیزبەكانی كوردستان و، كەسایەتییە نەیارەكانی پارتی، كە
هەموویان پیرۆزباییان لە پارتی كرد، دەبینین دەستەڵاتدارانی بەغداش، سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ماوەكانی پێشتر هاتنە پێشەوە. بەجۆرێك بێ هیچ دەستپێشخەرییەكی نوێ، زانیاریی گەیشتە میدیاكان كە بەغدا ئامادەیە ٤۰۰ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
ئەگەرچی ئەوە ئەركی حكومەتی عێراقە هەموو مانگێك مووچە بنێرێت، ڕەنگە لە دانوستانی پێكهێنانی كابینەكەی سودانیشدا ڕێككەوتن لەسەر ئەو بڕە پارەیە كرابێت، بەڵام دزەكردن بەو زانیارییە لەدوای كۆنگرەكەی پارتی، ئامانجێكی ڕوونی لەپشتەوەیە. چونكە تەنانەت ئەگەر ڕێككەوتنی پێشوەختەیشی لەسەركرابێت، دەبوو لەكاتی خۆی ڕابگەیەنرێت، نەك بە ئەنقەست بخرێتە دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی كۆنگرەكەی پارتیی.
ئەوەی لێرەدا بەڕوونی دیارە، هاتنە دەرەوەی پارتی لەو كۆنگرە
چارەنوسسازە، بەشێوەیەك كە زۆرلایەن چاوەڕوان نەبوون، سیاسەتی لایەنەكان و بیروڕای چاودێرانی بەرانبەر بەپارتی گۆڕیوە.
لەدوای كۆنگرەكەوە، هەڵسەنگاندنێكی تر و، سیاسەتێكی تر بەرانبەر بەپارتی بەكاردێنن. سەیر بكە! حكومەتی ئێراق وەك جۆرێك لەپیشاندانی نیازپاكی بەرانبەر بەكوردستان، دزە بەو زانیارییە دەكات. پرسیار ئەوەیە: ئەگەر كۆنگرەكەی پارتی شكستی بهێنایە، حكومەتی ئیراق هەمان هەڵوێستی دەبوو؟ بێگومان نەخێر. لەلۆژیكی سیاسەت بەدوورە، ئەگەر ڕكابەرەكەت لاوازبێت، بۆ بەچاوی سۆز سەیری بكەیت و هاوكاری بكەیت تاكو بەهێز دەبێتەوە بۆ گیانت! بەڵام ئەگەر ڕكابەرەكەت بەهێزبوو، بەناچاری دەبێت مامەڵەی لەگەل بكەیت و هەوڵی ڕازیكردنی بدەیت. كۆنگرەی پارتی بەوجۆرەی كەبینرا، هاتنە دەرەوەی پارتی لەو كۆنگرەیە، هێزو گوڕێكی زۆر زیاتر لەوەی چاوەرواندەكرا بەپارتی بەخشیوە، بۆیە بەرئەنجامێكی زۆر لۆژیكییە كاتێ دەبینین، حكومەتی ئێراق و لایەنەكانی تریش، نیازپاكی بەرانبەر پارتی دەردەبڕن، حكومەتی ئیراق بەناردنی بوجەی كوردستان كارئاسانی دەكات بۆ ئەو حكومەتەكەی كە جێگری سەرۆكی پارتی پێكیهێناوە! ئەمە ئەو هاوكێشە زۆر ئاسانەیە كە هەموو ئەوانەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانن لەسەری كۆكن. چاوەڕوان دەكرێت، هەڵوێست و سیاسەتی هەموو لایەنەكان بەرانبەر
بە پارتی و حكومەتی هەرێم، گەڕێكی تری هێوربوونەوە بەخۆیانەوە ببینن. ئەوەش بەو واتایەی كەهێزی دوای كۆنگرە و هێزی پێش
كۆنگرەی پارتی جیاوازن.

ھەواڵی زیاتر