پێوە‌رە‌كانی قورئان بۆ مانە‌وە‌و نە‌مانی دە‌سە‌ڵات

عومەر چنگیانی

هەر ئاوڕدانەوەیەک لە قورئانی پڕ لە بەخشش دەمانگەیێنێتە ئەوەی کە ئەو قورئانە لە دانراوێتی و دەستتێوەردانی مرۆڤ بەدوورە و ئەو ڕاستیانەی لە هەر بوارێکدا باسی لێ دەکات، گەر دەروەختەیش خەڵکەکە نەتوانن لە ئاستێکدا بن بە وردی و دووربینییەوە لێیان تێبگەن، لە درێژەی تێپەڕینی کاتدا کەسانێک هاتوون کە لێکدانەوەی وردیان بۆ کردووە و بوونەتە هۆکاری بەرچاوڕۆشنیدان؛ هەربۆیە دەبینین لە نێو نووسەر و خویندەوارە ژیرەکانی هەر نەتەوەیەکدا چ بەگەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی تەفسیر بووبێت یاخود لە بەگەڕخستنی توانستی زانستیی نوێدا، بەردەوام هەوڵی ئەو تێگەیشتنە بووە و هەیە و، بە هەزاران تەفسیر و لێکدانەوە بە زمانە لێکجودا و ئاستی فرەلایەنی نووسراونەتەوە و کتێبخانە و هزر و ئەقڵەکان
پێیان دەدرەوشێنەوە.
یەکێک لەو چەمکانەی قورئان زۆر بە وردی دەیخاتە ژێر باس، چەمکی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە (۱) کە ئێمە لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆماندا (۲) تیشک دەخەینە سەر لێکدانەوەی تەنها سێ ئایەت لە دوو سوورەتی جیاجیا، کە باس لە هۆکارەکانی مانەوە، یان لەناوچوونی هەر دەسەڵاتیک دەکەن.
هۆکارەکانی مانەوەی دەسەلات
هۆکارەکانی بەردەوامی و مانەوەی دەسەڵات بە پێوەرە قورئانییەکە، لە چلویەکەمین ئایەتی سوورەتی (حەج)دا باس کراوە کە دەفەرمێت: (ئەو کەسانەی کە من دەسەڵاتیان پێ دەبەخشم لە زەویدا، بایەخ بە نوێژ و خواپەرستی دەدەن و ئەرکی شەرعی لە سامانیاندا جێبەجێ دەکەن و فەرمان دەدەن بە چاکە و ڕێگری دەکەن لە خراپە و بە خەڵک دەڵێن لە خراپە دوور بکەونەوە، شتەکانی دیکە خوا خۆی جێبەجێکار
و خاوەنیانە.) دیارە ئەم چوار کۆڵەکە گرنگی و پەیوەندییان بە مانەوەی دەسەڵات لەوەدایە:
۱. نوێژ وەک خۆی لەلایەک و هێمای یەکخواپەرستی و بڵندی ڕۆحی کەس و لایەنەکان و وابەستەیی بەو یاسا و ڕێسایانەوە دەگەیێنیت کە بنەماکەیان دەگەڕێتەوە بۆ لەخواترسان و تەقواکردن و ئەمەیش خواستە لە گەورەترین کەسی هەرەمی دەسەڵاتەکە تا بە هاوڵاتییان دەگات و، بایەخدانە بە فەرامۆشنەکردنی پەیوەندییەکانی تاک و خوا و یاسای تۆکمە بۆداڕێژراوی ئەو بوارە جێبەجێکردن.
۲. زەکات، وەک هێمای دارایی و ڕەچاوکردنی مافی هەژاران و پێدانی مافی شایستەی خۆیان و پاواننەکردن و فەرامۆشنەکردنی ئابووری و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێسا تۆکمەکانی بۆی دانراوە کە دووتوێی کتێبە فیقهییەکانی شەریعەتی ئیسام بە هەزاران لاپەڕە لەخۆ دەگرێت؛ لەوبارەیەوە و تەنها ئەوە نییە وەک لاساییەک مەبەست زەکاتدەرکردنە لاساییە هەڕەمەکییەکە بێت کە هەندێک لە زەنگینەکان جێبەجێی دەکەن.
۳. فەرماندان بە چاکە کردن، ئەویش بە ڕەنگدانەوەی چاکە دەبێت بە پێوەری شەرع، لەپێشدا لە خودی دەسەتەڵات بەڕیوەبەرەکان و پاشان بوونی یاسای تۆکمەی بوارەکە کە ئەمیش لەنێو کتێبە فیقهییەکاندا جێگای بایەخە و حوکمەکانی پەیوەست بەجێبەجیکردنی ئەو خاڵە زۆر بە وردی قسەی لەبارەکراوە و کێن و چۆن چێبەجێ دەکڕیت و مزگەوت و پەرستگا و دەستە و شوینە خزمەتگوزارییەکان بەشێکی دیارن تێیدا. ٤. کە دێتە سەرباسی ڕێگری لە خراپە و نەکردنی، لە پێشدا دەسەڵاتبەڕێوەبەران لێیان داوا دەکرێت بە
کردەوە دوور بن لە خراپە و هەرشتێک بە پێوەری شەرع خراپ بێت و، پاشان بە گوتن.
هۆکارەکانی داڕمانی دەسەڵات
ئایەتی چلەهەشت و چلونۆی سوورەتی (مائیدە)، باس لە هۆکارەکانی داڕمانی دەسەڵات دەکەن، کە بەر لە هەمووشتێک خۆی لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا دەبینیتەوە خوای گەورە دەفەرمیت:
(بە ڕاستی هەقوەشێرەکانی نەوەکانی ئیسرائیل، تووشی نەهامەتی و لەناو چوون هاتبوون و لەسەر زمانی داود و عیسای کوڕی مریەم سڵاوی خوایان لێ بیت نەفرین لەو بەنی ئیسرایلیانە کرا لەبەرئەوەی سەرپێچی خوایان کرد و سنووریان بەزاند و ستەمیان دەکرد ببینن ستەمیان دەکرد هەر گیز نە ڕێگرییان لە خراپە دەکرد و نە بەخراپیشیان دەزانی و نە بایەخیان بەوە دەدا کە وریای خەڵک بن و نەهێڵن لە گومڕایی و غروردا نەبن). گەر هەر کەسێک بیەوێت بە وردتر سەیری ئەم دوو ئایەتە بکات با بگەڕێتەوە بۆ تەفسیرەکانی قورئان و لای فبقهزانەکانی کۆنمان کە هەم فیقهی واقیعی زەمانی خۆیان هەبوە و هەمیش فیقهی چاوەڕوانکراو لەلایان جێگای بایەخ بووە. پەراوێز:
(۱) بەپێی پانی بۆرد، باسکردن لە حوکم و جۆرەکانی گومان، گوتاری ئەو هەینیەکەمان بوو، وەلێ لە کۆتاییی گوتاری دووەمماندا و لە بڕوا و گومانی چاکبردنمان بە دەسەڵاتی کوردی، تیشکمان خستە سەر لێکدانەوەی ئەم چەند ئایەتە.
(۲) گوڵخەرمانی پێشوومان لەباسی نوحدا دەبوو بکرێتە سێ بەشەوە، لێ داوای لێبوردن دەکەین کە بە
یەک بەش کۆتاییم پێ هێنا و، بوو بە کۆتایین بەش؛ وام پێ باش بوو ئەمجارە بایەخ بدەم بەو ناونیشانە.

ھەواڵی زیاتر