لە شێخی نەهریەوەتا مسعود بارزانی

ئەسعەد عەدۆ

دەمێکە شێخی نەهری لە مانای پەیڤی (كورد- کرد)ی ، كۆلیتەوە فەرموویەتی : كافەكەی زاراوەی (كرد) لە كەمالەوە ، رائەكەی لە رەئفەتەوە ، داڵیش لە دینەوە هاتوە ، وەرە سەیری ئەو لێكدانەوەی شێخ بكە ، دەلالەت لە عومقی خۆشەویستی تێكهەڵكێشانی نێوان ئاین و وڵات دەکات ، ئەوەتە بێداری شاعیریش دەڵێ :
(بۆ بە كەعبەی نەزانم گیانەكەم گەر تێبفكری
ئەی ناڵێن حوبی وەتەن تێكەڵ بە ئیمانە)

گۆڕتان پڕ لە نوور بێت شێخ و مەلایانی كوردستان .
شێخی نەهری لە تەمموزی (1880)وە ، ئەو خۆشەویستی و فیداكارییەی بۆ كوردستان تێكەڵ بە فیكرو بازوو كردوە ، كۆنگرەی عەشایری كوردی هەرچوار پارچە سازكردوە لە ئەنجامدا ڕاپەڕینی چەكداری هەڵگیرساند ، لەو رۆژەوە تا ئێستایش نەتەوەی كورد لە هەورازو نشێودایە ! جۆگەلەی خوێنی بۆ سەرفرازی و سەربەخۆیی كوردستان رێشتوە ، قۆناغ بە قۆناغ مێژووی سەرفرازی كورد باس لە دەست بە دەستی ئەو ئاڵایە كردوە ، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە شێخی منەوەری نەتەوەی كورد (عبدالسلام بارزانی) بە جۆرێكی گەرموگوڕتر هاتۆتە مەیدانی بەرگری و بەرەوپێشچوون ، لەوكاتەوە دۆسیەی كوردی بەرەو جیهانیەت بردوەو سنووری دبلۆماسیەتی فراوان كردوە ، گەورە وڵاتانی دونیای لە مەزلوومیەتی كورد ئاگادار كردەوە ، بەردی بناغەی بیری نەتەوایەتی و داوا ڕەواكانی چەسپاند كە تا ئێستا بوەتە جەدەلی بیرمەندی ئەو كەلەمێردە !
ئەوەتە قۆناغی شێخ محمودی حەفید (مەلیك كوردستان) مێژوونوسانی ماندوو كردوە كە لەو قۆناغە دژوارەی ئەوكاتدا دەنگی مەزلوومیەتی كوردی گەیاندە هەموو دوورگە دوورە دەستەكانی دونیا ! تا ماوەیەك شێخ محمودی بەرزنجی لەسەر خاكی هندوستان دەست بەسەر بوو .
نابێ نەوەی نوێ ئەو دوو گیان ورۆحیەتەی نۆبەرە كۆماری كوردان و (شۆڕشی بارزان)فەرامۆش بكەن ، كە لەو رۆژەوە قازی پێشەوا بەر لەوەی بچێتە سەرپەتی سێدارە ! ئاڵای كوردستانی بە ئەمانەت رادەستی سەرۆكی هەمیشەیی نەتەوەی كوردو كوردستان مەلا مستەفا بارزانی كرد ، كە بۆ نیو سەدە زیاترە هەوێنی خۆشەویستی و جانفیدایی ڕۆڵەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بوو ،
لە زەمەنی ئەو نەمرەدا وشەی كوردو بارزانی بوون بە تێكهەڵكێش ، واتە بارزانی یانی كورد ، كورد یانی بارزانی ،
ئەو جوامێر ، بۆ كورد لە دایك بوو ، بۆ كورد ژیا ، بۆ كورد سەری پڕ لە جەوهەری نایەوە ،
تا دونیا مابێت قوتابخانەو ڕێبازی كوردایەتی یان باشتر وایە بڵێم ڕێبازی مرۆڤایەتی لە ناخ ودەروونی كوردستانیاندا پەرە دەسێنێ ، لەوكاتەی گەلەكۆییان لە كوردان كردو پیلانی نێو دەوڵەتیان بۆمان نەخشاند ، جارێكی دیكە نسكۆیان بە ئاوات وئومێدی كوردان هێنا ! كورد بە گشتی و شێخانی بارزان بە تایبەت پێ لە ڕكێف چوونە سەرخانی زینی سەگڵاوی كوردایەتی ، ئەوەتە لەوكاتەوە بە جووتە ئیدریسی هەردەم لەیاد دەگەڵ مسعودی هێژا پلانی پووچەڵكردنەوەی پیلانی نێو دەوڵەتیان دەنەخشاند ، نركەو نەعرەتەی شۆڕشی (گوڵان)وەك تەواوكەری شۆڕشی مەزنی (ئەیلول ) لە دۆڵ وچیای كوردستان دەنگی دایەوەو هەرەسانی لە دوژمنان ونەیارانی كورد هەڵگرت ، وەك كحێل تۆزو غوباری ئەنفال وكیمیاویمان لەسەرشان لادا ، خواكوركمان كردە داستان تاكو لەنێو مێژووی كورد بدرەوشێتەوە !
” بە قەد بەرزایی شاخەكانی كوردستان جەوهەرتان لێ دەبارێ “
بوەتە میداڵی سەرسینگی هەموو پێشمەرگەیەكی كوردستان ، بۆیە پێشمەرگەو میللەت دەست لەنێو دەست ڕاپەڕینی سەرتاسەریان بەرپا كردو پەرلەمان وحكومەتی كوردانیان دامەزراند ، تاكو خۆمان دەخزمەت خۆمان بین ، پێكەوە ژیاین ، پێكەوە خەباتمان كرد ، پێكەوە كوردستانمان پاراست ، بووین بە نموونەی پێكەوە ژیان لەمەیاندا (بوین بە نموونە)و ئەشهەدومان بۆ دەكێشن ، هەوڵماندا دڕدۆنگی لەنێو خۆماندا نەهێلین باوەشمان بۆ یەكتر كردەوە ، لەسەر خاكی ئێمەی كوردان جیاوازی لە نێوان ئاینەکاندا نیە ،جیاوازی لە نێوان میللەتاندا نیە ، خەڵكی كوردستان لە كورد ، توركمان ، ئەرمەن ، كلدان ، ئاشوری ، عەرەب ، ئیسلام ، ئێزدی ، مەسیحی ، كاكەیی هەموومان بەندەی خواین ، لە زێدە خزمەتكردندا كێبڕكێ دەكەین ، نابینن ئەوەتە لەو میحنەتەی ئێستاكێدا كاتێ داعش ئەو ناوە نامۆیەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی وەك دەردە تاعون هات و مشئومیەتی و حقدوكینەی كۆمەڵایەتیان بڵاوكردەوە ، ئەو كوردستانیانە وەك دیوارێكی پۆڵاین بەرامبەر ئەو باهۆزە نائینسانیە ڕاوەستان وكوردستانیان كردە گۆڕستانی داعشەكان ، هێزی میللەت وەك قەڵا لە پشت پێشمەرگەی كوردستان ڕاوەستان و هەموو كوردستانیان گوێڕایەڵ و هاوپەیمانی سەرۆك وپێشمەرگەی مسعود بارزانین ،لەبەدبەختی مرۆڤایەتیدا کڕۆنا دونیای تەنی ئەمجارەیش بە دەست پێشخەری حکومەتی کوردان و پابەندبونمان بە رێنماییەکان هەرێمی کوردستان ئەو قۆناغە زێدە دژوارەشی تێپەڕاند ، سوپاس بۆ خوا
سەرەڕای ئەو هەموو نەهاماتیە سەرۆک بارزانی هەموو دونیای بە ریفراندۆم راچڵەکاند بەڵام نەیار بەهاریکاری خاینکارانی نێوخۆیی ئەو خەونە دێرینەیان لەباربرد ،
جارێکی دیکە ئاسمانو رێسمانیان لێگرتین ! بەڵام حیکمەت و هێژایی ماڵە بارزان هەوڵیاندا لەنێو ئەو باهۆزەدا بابەتەکە بەرەو هێوری ببەن و لەنگەر بگرن
ئیدی لەوکاتەوە بەهەموو لایەک کۆسپ دەخەنە بەر رەوڕەوەی پێشکەوتنی کوردستان ، بۆیە دەڵێین خودا لەسەر هەقانە بۆیە رۆژانە بابەتەکان بەرەو چارەسەر دەچن ، لەبەرهێندێ بۆ بنبڕکردنی گیروگرفتەکان لە دهۆکا رەنگین بەهێمنی کۆنگرەی(14)شمان ، کۆتا پێهێناو جلی نوێمان دەبەرخۆ کردو بە ئومێدو بیرێکی کراوە لەمڕۆوە کاروانی پارتی حوکمدار بە سەرقافڵەیی هێژا مسعود بارزانی و هاریکاری هەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی برینەکان ساڕێژ دەکەن ، دەست لەنێو دەستی بەشدارانمان دڵی هەموو کوردستانیان خۆشتر دەکەن
بژی كورد .. بژی كوردستان

ھەواڵی زیاتر