لە‌بارە‌ی كۆنگرە‌ی چوادە‌ی پارتی

زكری مووسا

برادەرێكی بەڕێز ئەمڕۆ لە دەرەوەی وڵات پەیوەندیی پێوە كردم و بە پەرۆشەوە هەواڵی كۆنگرەی چواردەی پارتی و ئەنجامەكانی دەپرسی و، دەشیگوت: “بۆ زۆربەی كوردەكانی هەر چوار پارچە ئەو ڕووداوە سیاسییە زۆر گرنگ و چارەنووسسازە و هەموو لایەك چاویان لەسەر پارتیە. پارتی بەهێز بێت ورەی هەموو كورد لە جیهاندا بەهێزە و ئومێدی بۆ دەگەڕێتەوە”.
ئەو بۆچوونەی ئەو برادەرە بەڕێزە كە خەڵكی كوردستانی
ڕۆژهەڵاتیشە لە هیچەوە نەهاتووە بەڵكو هەڵێنجراوی مێژووییەكی دوورودرێژە و باكگراوندێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی زۆر ڕوونی هەیە. پارتی كە لە ناخۆشترین و تاریكترین قۆناغی ژیانی گەلی كوردستان لەدایكبوو، بووە هۆی گەڕانەوەی هیوا بۆ شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیرانی كورد. هەروەها لە ۷٦ ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی لە ئاراستەدان بە ڕێڕەو و ئامانج و ستراتیژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هەبووە. هەر بەم پێیەش سەركەوتن و نوشست و شكست و بڕیار و هەڵسوكەوتەكانی پارتی ڕاستەوخۆ كاری كردۆتە
سەر دۆزی گەلی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی لە بارودۆخێكی زۆر هەستیار و ئاڵۆزی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی بەسترا. زۆر كەس و لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی چاوەڕێی ڕووداوی لەناكاو و بەریەككەوتنی ناو كۆنگرە و بە جۆرێك لە جۆرەكان شكستی ئەو كۆنگرەیە بوون. بەڵام نەك تەنیا ئەوە ڕووی نەدا بەڵكو لە زۆر ڕوەوە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بوو.
۱. لەڕووی ئامادەكاری و ڕێكخستنەوە و خشتەی بەرنامەكان و كاروباری لۆجستی سەركەوتوو و بێ كێشە بوو.
۲. پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەژماردن بەشێوەی دەستی و بە ئامادەبوونی كۆمیسیۆن و دەستەی دادوەران و پاڵیوڕاوان بەڕێوەچوو. هەڵبژاردنی دەستی كۆتایی بە هەموو جۆرە موناقەشەیەك هێنا و وایكرد پڕۆسەكە تەواو شەفاف و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هەموو كاندیدەكانیش ڕازی بوون و تەنانەت هەڵبژاردنەكە یەك سكاڵاشی نەبوو.
۳. پێكهاتەی كۆمیتەی ناوەندیی تازەی پارتی پێكهاتەیەكی هاوسەنگە لەڕووی نوێنەرایەتی جیۆگرافی و تەمەن و ئەزموون و توانا و نەفەسی تازە.
٤. بوونی ژمارەیەكی زۆری ئافرەت لە كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیاردەیەكی تازەی ناو ئەحزابی كوردییە بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان. دەبێ بزانین ئەو گۆڕانكارییە لە ژیانی سیاسی و ڕێكخستنی پارتی چ كاریگەرییەكی لەسەر كولتووری سیاسیی كوردستان و كۆی پڕۆسەی سیاسی دەبێت.
٥. پێداگریی سەرۆك بارزانی لە پێویستیی بوونی نوێنەرایەتیی كوردانی ئێزیدی ئەو كەلێنەی پڕ كردەوە كە لە ئەنجامی دەرنەچوونی كاندیدەكانی ئێزیدی هاتبووە كایەوە.
٦. لەو دۆخە هەستیار و ناسكەدا سەرۆك بارزانی بە سەركەوتوویی توانی بنەمایەكی تازە و پتەو بۆ پارتی دابنێت و سەقامگیریی ناوخۆیی پارتی گەرەنتی بكات. پارتییەكی سەقامگیریش وەسیلەیە بۆ بەهێزبوونی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی دۆزی ڕەوای كورد. سەرۆك بارزانی ئەو بناخەیەی دانا و جەماوەر و ئەندامانی پارتیش متمانەیان بە سەركردایەتیی تازەی پارتی دا. با بزانین كاركرد و ئەدای سەركردایەتیی تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاییندەدا چۆن دەبێت و چۆن وەڵامی متمانەی سەرۆك
بارزانی و ئەندامانی پارتی دەدەنەوە.

ھەواڵی زیاتر