كۆنگرەی پارتی و چاوەڕوانییەكان

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەچەند كاتژمێری داهاتوودا كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێدەكات. ئەڵبەتە ئەم كۆنگرەیە هەلومەرج و ژینگەی تایبەتی هەیە. لەكاتێكدایە كە هاوكێشەكانی هێز لەكوردستان و ئێراق بەتەواوی گۆڕاون. ئیدی چانسی پارتییە یان نا، كە دەبینین زۆرینەی هاوكێشەكان لەبەرژەوەندی پارتی شكاونەتەوە.
پێشتریش لەچەند دیدارێكی میدیاییداو، هەروەها لەچەند وتارێكیش، جەختم لەوە كردۆتەوە كە ئەوەی پەیوەندی بەناوخۆی پارتییەوە هەیە، پێویستە پارتی خۆی قسەی تێدا بكات و، خۆی ڕێكبخات بۆ قۆناغی نوێی كاركردن.
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەكۆی مەسەلە چارەنوسسازەكانەوە هەیە، هەمووان مافی چاودێری و قسەكردن ودەربڕینی پێشنیار و ڕاو سەرنجمان هەیە. هەریەك لەسۆنگەیە و هەریەك بەپاساوێك.
هەر چەند ڕۆژێك پێش ئەم كۆنگرەیەی پارتی، كۆنگرەی حیزبی شیوعی چین هەبوو، كە گەورەترین حیزبی دنیایەو لەئیستادا ژمارەی ئەندامەكانی 96 ملیۆن كەسە. حیزبێك بەو گەورەیی و قەبارەوە، دەستەڵاتی چڕكردەوە لەدوو لیڤڵدا، لیڤڵی یەكەم بازنەیەكی 7 كەسی پێكهێنا. لەبازنەی لوتكەشدا تەنها سەرۆك “شی زیبینك” جڵەوی حیزب و دەوڵەتی درایە دەست.
من وەك چاودێرێكی خەمخۆر بۆ ئایندەی كوردیش و ئایندەی پرۆسەی سیاسی كوردستان و لەپێناوی ڕەوتكردنی مێژوو بە شێوەیەكی سروشتی، هەمان سیناریۆی بەركار درێژە پێ بداتەوە.
ئێمە لەكوردستان بینەری دوو جۆر كاری حیزبی و دەرئەنجامی كۆنگرەبووین، لە هەندێكیاندا دەرهاویشتەكانی كۆنگرە ئەوەندە شل و دەڵب بوون، كۆنترۆڵكردنیان لەڕووی ئۆرگانی و تەنانەت مادیشەوە، یەكجار زەحمەت بوو، لەوانە لەدوا كۆنگرەی یەكێتییدا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ سەروی 120 كەس بەرزبووەوە.
لێرەدا ئێمە دەپرسین: پارتێكی گەورەی وەكو حیزبی شیوعی چین، لیڤڵی یەكەمی دەستەڵاتی لەدەستی تەنها 7 كەسدا داناوە! ماقوڵە حیزبێكی كوردی 123 كەس بن؟.
لەم سۆنگەیەوە، بۆ ئەوەی دیاردەی دەڵبی سیستەم و “ترهل” لەناو پارتی دروست نەبێت، هەق وایە لەكۆنگرەی ئەمجارەدا، ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی و تەنانەت مەكتەبی سیاسیش كەم بكەنەوە، نەك زیادی بكەن.
لێرەدا ئەگەرچی ئەو پرسە پرسێكی ناوخۆی پارتییە، بەڵام وەك كاریگەری لەسەر كۆی مەشهەدەكە كاریگەری دەبێت. پارتی كە زۆرترین ئەركەكانی لەسەر شانە، چست وچالاكتر دەبێت لەڕووی ئۆرگانییەوە. هەروەك ئەوەی حیزبی شیوعی چین دەیكات، كەبەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتێكی گەورەی مرۆیی و ئابووری و تەكنەلۆژیشی لەسەر شانە.
هاوكات، بۆ دۆسیەكانی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت پارتی قسەی یەكلاكەرەوە لە مەنهەجی حیزبدا بنوسێتەوە. سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان، ناوچە داگیركراوەكان، مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ عێراق و ولاتانی داگیركەری كوردستان…هتد.
هەموو ئەو هێڵانە بە ڕوونی لەناو ستراتیژی ئایندە و پێڕەوی پارتی جێبكرێنەوە. دەبنە دۆكیۆمێنتی گرنگ بۆ هەنگاوەكانی ئایندەی كورد لەعێراقدا. بێگومان هەموو لایەنە دەرەكییەكانیش، چاویان لەسەر ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ دەرهاویشتەكانی كۆنگرەكەی پارتیدا بكەن لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانەی كە كۆنگرە دەیاندات.

ھەواڵی زیاتر