شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

کە نوح کەشتیوان بێت، لافاو کەی مەترسییە!

                                          عومەر چنگیانی

(١-٣)
کام کەشتییەی بەرین و گەورە و تۆکمەترە و فرەجۆر و فرە ئاستی جودا زۆرتر لە خۆی دەگرێت، تا کەشتیوانەکە کەسە دانسقە بلیمەتە هەڵکەوتووە بەئەزموون و ماندوویینەناس و پەرێزپاک و پڕخەباتەکان بن، گەیشتن بە کەناری ئارامش نزیکە و، ترس نەک هەر لەسەر سەرنشینەکان نییە، بەڵکو زریان و شەپۆلەکانیش بە بەرژەوەندییەکی کاتی و داهاتووی پڕ لە سەروەری کۆتایییان دێت!
ئەوکاتەی تووڕەیی دەریا و خەمە نەبڕاوە توولانییەکان وا بەرچاوی مرۆڤ تاریک و تەسک دەکەنەوە بەرەو هیوابڕان کەمەنکێشی بکەن، ئاوڕدانەوە لە ژینامەی پەیامگەیێنانی خوا ـ سڵاوی خوایان لێ بێت ـ دەبێتە چارەسەر.
هەمیشە وانەکانی ئایین جگە لە هێورکردنەوە و هێزپێبەخشین، پێمان دەڵێن دنیا پڕیەتی لە دانەدانەی کەشتیوانی نوح ئاسا، ئەڵبەت نەک لە پایەی پێغەمبەرایەتیدا.
خوێندەوار و نەخوێندەوار، بسڵمان و نابسڵمان، دەیان جار و بە چەندین شێوە بایەخی کتێبە ئاسمانیەکانمان هاتۆتە بەردەست دەربارەی قۆناغی دووەمی لەدایکبوونی مرۆڤایەتی و سەروبەندی لافاو، لە هی و تۆفانە گەورە گشتگیرەکەی سەردەمی نوحەوە ـ سڵاوی خوای لەسەر بێت ـ هەروابێتەوە گەر بمانەوێت بە چڕوپڕی لەسەر ئەو باسە بدوێین، بە سەدان لاپەڕەیش کۆتایی نایەت، نەخاسمە کە ئێمە دەزانین لە قورئانی پڕ لە بەخششدا سەرباری ئەوەی حەفتاویەکەمین سوورەت، کە بیستوهەشت ئایەتە تایبەت بەو ناوەوەیە، لە زیاتر لە چل ئایەتیشدا ناوی پیرۆزی نوح هاتووە، کە لە زۆر هەلومەرج و کات و بۆنەی لێکجودادا باسەکەی بۆ پێغەمبەرمان محەمەد ـ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت ـ و پاشان بۆ هەموو مرۆڤێکی بڕوادار و بێبڕوا کراوەتە جیگای سەرنج و وانەوەرگرتن، منیش لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆمدا زۆر بەتایبەتی، بە ئەرکی دەزانم تیشکێک بخەمە سەر باسێکی قورئانیی ئەو پیاوە مەزنە، كە لە دووتوێی ئایەتەكانی ٢٥ ـ ٤٩ی سوورەتی (هود)دا هاتووە و دەفەرمێت: (بە ڕاستی ئێمە نوحمان نارد بۆ نێو قەومەکەی کە پێیان بێژێت: بە ڕاستی من بیرهێنەرەوەیەکی بەرچاوڕوونی ڕۆشناییگەیێنم و بۆ ئێوە هاتووم (٢٥) هاتووم تا فێری ئەوەتان بکەم بۆبەدەر لەخوا پەرستنتان نەبێت و هاوەڵی بۆبڕیارنەدەن، چونکە بەڕاستی گەر سەرپێچیکاری بکەن دەترسێم ئاکام و باش نەبێت و خوا سزایەکی سەختی ئازار پێچێژتان بۆ بنێرێت(٢٦) کەچی لەبەرانبەر ئەو دۆستیی و ئیخلاس و چاکەیەی ئەودا، لەبەرسڤی نوحدا هەندێک لە هەقوەشێر و بێبڕوایانی قەومەکەی گوتیان بە ڕاستی ئێمە تۆ لەوە زیاتر نابینین کە مرۆڤێکی وەکو ئێمەیت و بگرە پێمان وایە ئەوانەی شوێنیشت کەوتوونە، خەڵکە نابوود و کەم و هەژارەکەی ناومانن کە کەس حسابیان بۆ ناکات و، لە بۆچوون و هەڵسەنگاندنیاندا وەک کەڕەواڵا و کەمشارەزا و دەوارنشین و دەشتەکین و هەرچەند لێتان ورد دەبینەوە وای نابینین کە هیچ ڕێز و بەها و تایبەتمەندییەکتان هەبێت بەسەرمانەوە و بگرە گومان و متمانەی ئەوەمان هەیە کە ئێوە تاقمێک بن لە درۆزنان (٢٧).
ببینن: ئەمە سروشتی هەر خەڵکیکی نەیار و هەقنەبیس و هەقنەبینە کە بەدگومانی و بەکەمزانینی بەرانبەر پیشەیانە و هەردەم خۆیان لە خەڵک بە گەورەتر و شایانی هەموو شت دەزانن!
(نوحیش ڕووی کردە قەومەکەی و گوتی: قەومینە! باشە ئێوە چ ئێژن؟! باشە گەرهاتو بۆتان دەرکەوت کە من لەسەر چاوڕۆشنی بووم لەلایەنی پەروەرێنمەوە و خوای گەورە میهرەبانیی خۆی پێ دام کەچی ئێوە چاوتان نەیبینی، ئەرێ ئێمە بە زۆر و تۆپزی ملکەچتان بکەین لەسەر بیری خۆمان؟ لە کاتێکدا ئێوە حەزی پێ ناکەن (٢٨) قەومینە! من لە باتی ئەوەی بانگی خواتان پێ دەگەیێنم، داوای هیچ سامانێکتان لێ ناکەم و پاداشتی من هەر لای خوایە، وەلێ هەرگیز من بڕوادارەکان کە بە پێوەر و هەڵسەنگاندنی لاری ئێوە ئەوان خراپن، هەرگیز لە خۆمیان دوور ناخەمەوە و لێیان نیگەران و تووڕە نابم، ئەوانە دەگەن بە پەروەرێنی خۆیان و، من واتان دەبینم کە ئێوە نەفامیەلێکن لە هەق تێنەگەیشتوو و دژەتێگەیشتنن (٢٩) قەومینە! باشە گەر من بە گوێی ئێوەم کرد و ئەوانەم دوور خستەوە و، بوونە هۆکاری ئەوەی خوام لێ تووڕە بێت چی؟ ئەرێ ئێوە بیر ناکەنەوە و تێناگەن؟ (٣٠)
ماویەتی.

تێبینی: سەرۆ و ئیلهامی ناونیشانی گوڵخەرمانی ئیمڕۆم، لە شیعرێکی سەعدی شیرازییەوە بۆ هات کە لە دێباچەی(گولستان)ـەکەیدا هاتووە و دەڵێ:
(چه غم دیوار امّت را که دارد چون تو پشتیبان
چه باک از موج بحر ێن را که باشد نوح کشتیبان)