حەیدەر عەبدوڵڵا
(1)
یەكەم: ڕەقیبی ئەی ڕەقیب
لێرەدا دەمەوێ بە بێژینگی زمان بڕێك لە وشە و دەستەواژەكانی نێو سروودەكە دابێژم، كە تا ئێستایش زۆر لە خوێندەواران بە هەڵە لێكی دەدەنەوە، یان هەر لە خۆیانەوە واتایەكی دوور لە ناوەرۆكی شیعرەكەی بۆ دادەنێن.
جەمال نەبەز پێی وایە وشەی ڕەقیب كوردییە و دەڵێ: “وشەكە نە ئارەبییە و نە فارسی، بەڵکو وشەیەکی کوردییە چەکوشکاری کراوە. لە وشەی “رق”ـەوە هاتووە، کە “رق” و “رک” یەک بنچینەیان هەیە. وشەی “رەقیب”، “رقێو”ی کوردییە، واتە، کەسێک کە ڕقدار و ڕق لە دڵ بێ.”
ڕاستییەكەی جەمال نەبەز لەم لێكدانەوەدا، پێكچوونی ڕوخساری هەر دوو وشە عەرەبی و كوردییەكەی، وەك پێوەر وەرگرتووە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگوڕیشەكەی، بە ڕوونی دەردەكەوێت عەرەبییە و بۆ چەند ئەركێكی جیاواز بەكار هاتووە.
وشەی”ڕەقیب” لە چەند وڵاتێكی عەرەبی وەك پلەیەكی سەربازی بەكار دێت، لە زمانی كوردی بە واتای “دەرگەوان، بەندیوان، پاسەوان، چاودێر، بەدكار، دژمن” دێت.
مەلای جزیری دەڵێت:
پاش فیرقەتێ زۆر موحبەتێ م ژ تەلعەتێ چوم حەزرەتێ
وەسلا حەبیب من بو نەسیب مەلعون رەقیب رەنجور بوو
گوایە دڵدار كاتێك لە ساڵی 1938 لە ڕۆژهەڵات دەستبەسەر دەكرێت، ئەم سروودە دادەنێت. بەم مێژووە وشەی ڕەقیبی ئەی ڕەقیب جوانتر ڕوون دەبێتەوە. وا دێتە بەر چاوم ڕەقیبی گرتووخانەكە بە دڵداری شاعیری گوتبێت، چییە بەدوای كڵاوی بابردوو كەوتوویت، ئیتر كورد كۆتایی هات! دڵداریش پەرچی دابێتەوە:
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی كوردزمان
نایڕمـــــــــــێنی دانـــــەیی تۆپی زەمان
بەشێكی دیكەی توێژەران لایان وایە دڵدار ئەم شیعرەی لە زیندانی بەغدا داناوە، هێندێكی دیكە پێیان وایە لە كەركووكدا نووسیویەتی. هەرچۆنێك بێت، حەماسەت و گەرمییەكەی، لە ئەدەبی زیندان دەچێت، ئاخر زۆر جار وڵاتێكی گەورە، دەبێتە زیندانێكی بچووک و هەموو مافێك لە هاووڵاتیانی دەسەنرێتەوە.
دیارە دوایی “ئەی ڕەقیب” لە مانا تایبەتەكەی ڕەقیبی گرتووخانە دەترازێت و بۆ واتا گشتییەكەی، حوكمڕانی چنگبەخوێن دەگوازرێتەوە، كە دوێنێ و ئێستا و سبەش دەگرێتەوە، یانی وەختێك دەڵێین: ئەی ڕەقیب! یانی ئەی ستەمكار و خوێنخوار و ملهوڕانی دژمنی كورد، ئەگەر بە نیازی كوژانەوە فوو لە چرای درەخشانی كورد دەكەن، دەمتان دەسووتێت و كورد هەرگیز كۆتایی نایەت.
ئەوەی جێگەی سەیر و سەمەرەیە، ژمارەیەك وشەی ” ڕەقیب”یان بە ناوی خودا لێك داوەتەوە، گومانی تێدا نییە ئەوانە هۆشیان خلیسكی بردووە، دەچن لە فەرهەنگان دەنۆڕن، دەبینن ” ڕەقیب” ناوی خودایە “الرقیب اسم من أسماء الله الحسنی”، ئەی ئەوە نییە ناوی: ” عەبدولڕەقیب”یشمان هەیە. لەوە تێنگەیشتوون وشە تەنێ لەنێو ڕستەدا مانا كامڵ و تایبەتەكەی خۆی وەردەگرێت، نەك وشەی بە وشەی نێو فەرهەنگان، ئەی نابینن وشەی “ڕەب” لە قورئاندا بە مانای خودا و ئینسانیش هاتووە!
ئەوانەی وشە لە یەك مانادا قەتیس دەكەن، خۆیان لەنێو دووڕیانی پەڕگیریدا گیر دەكەن. نازانن وشە زۆر جار هەواری دێرینی خۆی جێ دێڵێت و لە هەوارێكی دیكەی نوێی دەگیرسێتەوە.
جێگەی داخە تا ئێستا لە سەتا دەی خەڵكیش لە وشەكانی نێو سروودی ” ئەی ڕەقیب” تێناگەن، باشە چۆن دەبێت سروودی نیشتمانی بێت و ڕۆژانە لە دامودەزگەی میری و قوتابخانەكان و شوێنەگشتییەكان بە بەرچاوی ئەو هەموو ڕۆشنبیر و مامۆستا و خوێندەوارە دووبارە و سەدبارە بكرێتەوە، كەچی لە وشە و ماناكەی نەگەین؟
كەم وایە سروودی ئەی ڕەقیب بێ هەڵە بنووسرێت و بگوترێت. ئەرێ دەبێ گرفتەكە لە كوێ دابێت؟ بۆچی تا ئێستا ڕاڤەیەكی دروستی ئەو شیعرە نەكراوە؟ بە دیدی من دەبوو هەر زوو، بەرلەوەی مەسەلەی كفری بە تەوێڵەوە بلكێندرێت، بۆ خەڵک ڕوون كرابایەوە، چونكە ناكرێ و نالوێ سروودی نیشتمانیمان پڕ بە دڵ خۆش نەوێت و لە ناخەوە نەیڵێینەوە.