ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

ئەوی دیکە کە جیاوازە لە ئێمە و وەک ئێمە بیر ناکاتەوە، دوژمنی ئێمە نییە، ئەگەر وەک دوژمن، ســـەرنجی ئەوی تری لە ئێمە نەچوو بدەین، بەوە دیالۆگ ڕەت دەکەینەوە و بوار بۆ بەکارهێنانی زەبروزەنگ دەڕەخسێنین. چۆن چرای ڕۆحمـــان دەکوژێتەوە؟ چۆن ڕۆحمان دەبێت بە بیابـــان؟ بەوەی بڕوامان بە فرەیی و بە ڕای جیاواز نەبێت. کۆرپەلە چۆن لەڕێی ناوکەداوەوە بە دایکییەوە گرێ دراوە، ئەگەر پێوەندیمان بە سەردەمەکەمانەوە وەها پتەو نەبێت و وەها وابەستەی ڕەوتی مێژوو نەبین، هەق نییە خۆمان پێ ڕۆشنبیر بێت. ناکرێت بە کۆمەکی ئەو تێزانەی چەندان سەدە لەمەوبەر سەریان هەڵداوە، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی هاوچەرخ بکەین و خۆیشمان بە ئینساندۆست لە قەڵەم بدەین.
جۆرە ڕەخنەیەک، یان هەڵســـەنگاندنێک هەیە، دەکەوێتە خانەی ســـتایش و پێداهەڵدانـــەوە، ئەگـــەر ملی ئەو کوێرەڕێیە بگرین، دەمانباتە ســـەر هەواری خاڵی. کوێرەڕەخنە ئەوەیشە، بە چەکی بەڵگەی مێژوویی، بە گژ کاری ئەدەبیدا بچینـــەوە، ئاخر خۆ ڕۆمـــان مێژوو ناگێڕێتـــەوە، دونیایەکی نوێ بە کۆمەکی خەیاڵ ڕۆ دەنێت، تەنانەت واقیعیترین ڕۆماننووسیش واقیع نانووسێتەوە، وەک شـــایەتحاڵێکی ڕاســـتبێژ و ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی، لە ڕوانگەی ویژدانێکی بێدارەوە، کوێرەوەری و چەوســـاندنەوەی ئینســـانی ســـەردەمەکەی بەسەر دەکاتەوە. عەبدولڕەحمان مونیف کە لە ڕۆمانی (خۆرهەڵاتی ناوەڕاســـت)دا، ژیانی زیندانییەکی سیاســـی دەداتە بەر ڕووناکی، بەوە پەردە لەســـەر ڕووی دزێوی هەموو ڕژێمە سەرکوتکارەکانی وڵاتانی عەرەب دادەماڵێت، بەبێ ئەوەی
ناوی هیچ وڵاتێکی دونیای عەرەب بهێنێت.
ڕۆماننووس پێویســـتی بەوە نابێت، بە کۆمەکی ئایدۆلۆجیا واقیع بگێڕێتەوە، بـــەڵام حەوجەی بەوە دەبێت، ئەنتۆلۆجیای خۆی بنووســـێتەوە. ئەنتۆلۆجیا زانســـتێکە، کار لەســـەر وجوودی ئینســـان دەکات. ئانی ئێرنۆ بۆچی نۆبڵی لە ئەدەبـــدا وەرگرت؟ چونکە لەڕێی گێڕانـــەوەی ئەزموونی خۆیەوە، بوێرانە چارشـــێوی لەسەر ڕووخساری خودی خۆی هەڵماڵی، هونەرمەندانە سەنگەری لە ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوەی چینایەتی و هەژموونی نێر گرت و بانگاشەی بـــۆ یەکســـانی و دادپەروەری کرد. نووســـین کـــە خۆی ئەزموونـــە، ئەگەر گێڕانـــەوە نەبووایە، ئەزموونی مرۆڤایەتی لەبیر دەچووەوە، تەواو وەک ئەوەی
هارددیسکی یادگەی هەمووان سڕدرابێتەوە.
ئەوە ئاسانە وابەســـتەی کۆمەڵ بین و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بگێڕینەوە، هەر ئەوەندەی دەوێت، ڕاســـتگۆیانە بیۆگرافیای خۆمان بنووسینەوە و یادگەی کۆ جێی بایەخمان بێت، بەمەرجێک خۆمان لە ڕاســـتەوخۆیی و ڕووکەشپەرستی بپارێزین. بۆچی ڕۆمان جێی بە شـــیعر لێژ کرد؟ چونکە ڕۆمان ماوەی نێوان خەیـــاڵ و واقیع دەســـڕێتەوە، بە کۆمەکی عەقڵ و لۆگیـــک، گومان لەبارەی ئەفســـانە و موعجیزە و غەیبەوە دەورووژێنێت، زادەی واقیعی جڤاکێکە بەدەم گۆڕانـــەوە، ڕێگە لەبەردەم ڕۆنانی کۆمەڵی مەدەنیـــدا تەخت دەکات، بەهۆی دەنگـــی جیـــاوازی کارەکتەرەکانییەوە، فەزا بۆ ڕای جیـــاواز دەخوڵقێنێت و
کارگەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و حیکمەتیشە