ئاشتیی ناوخۆیی و پارسە‌نگی نە‌تە‌وە‌یی

د.سالار عوسمان

دوای ئەوەی ڕێزدار سەرۆک بارزانی ئابلۆقە سیاسییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی شکاند، کابینەکەی سودانی متمانەی پەرلەمانی پێ درا، ئەمەش خاڵێکی گرنگ بوو بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی دوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردندا، دوای ئەم هەنگاوە ئەرێنییە لە پرۆسەی سیاسیدا،
قۆناغی داهاتوو پێویستی بە ئاشتەوایی سیاسیی ناوخۆیی هەیە، دوور لە سیاسەتی ڕقهەڵگرتوو و لۆژیکی دۆڕاو و براوە، قەدەری عێراق وایە هیچ یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکان کورد و عەرەب لە نێو عەرەبیشدا سوننە
و شیعە ناتوانن بە تەنیا حوکمی وڵاتەکە بکەن، ئەزموونیش دەری خستووە، کە ئەگەر بۆ غۆناغێکیش حوکمڕانی تاکڕۆییان کردبێ، سەرکەوتوو نەبوونە و وڵاتەکە لە دۆخێکی خراپتریندا بووە و گەلانی عێراقیش باجەکەیان بە قورسی داوە.
کورد ئومێدی هەیە کە حکوومەتەکەی سودانی ڕێگا ڕاستە
نوێیەکە تاقیبکاتەوە، ئەم وڵاتە پێویستی بە پشوویەکی پڕ لە ئارامی و خۆشگوزەرانی هەیە، کورد داوای هاوسەنگیی سیاسی و پارسەنگی نەتەوەیی دەکات، داوای یەکسانی دەکات لە ئەرک و مافدا، کە لە دەستوردا هاتووە، ئاخر لەلایەک دەستوور ژێرپێ بخرێت و حکوومەتی بەغدا پابەندی هیچ بەڵێن و ڕێککەوتنێک نەبێت، ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بەدی نایەت.
بۆیە هەقە هەمووان بە دوای سفرکردنەوەی کێشەکاندا
بچین و پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاد بنێینەوە، بڕیار بۆ عێراقییەکان لە لایەن خودی عێراقییەکان بدرێت، ناکرێ چیتر دەوڵەتەکە بە ئیرادەیەکی غەیرە عێراقی ئیدارە بدرێت، قۆناغی داهاتوو کردنەوەی دەروازەی دیالۆگی ئاشتیانە و خاڵە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا بێت، سوودوەرگرتن بێت لە هەڵە و پێکەوەکارکردن، دوورکەوتنەوە لە دەستبادانی یەکتر. لێرەدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ حکوومەتی نوێێ عێراق و حکوومەتی کوردستان کە بتوانن، پێکەوە سەرووەریی وڵاتەکە بپارێزن و سیاسەتێکی نوێ هەم بۆ ناوخۆ و هەمیش بۆ دەرەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش جێبەجێ بکەن.

ھەواڵی زیاتر