تا زووە‌ چارە‌سە‌ری گیروگرفتە‌كان بكە‌ن..!

ئەسعەد عەدۆ

بۆ(٤۸) دەچێت لە مەیدانی ئەدەب و رۆژنامەنووسیدا کاردەکەم ، بە خۆزگەی ئەوە بوم ، لەم وڵاتەی خۆماندا رێز لە دەسەڵاتی چوارەم بگیرێ ! بەداخەوە لە هیچ قۆناغێکی مێژوویدا شتی ئاوای بەخۆوە نەبینیوە !
گووتمان گشت قۆناغەکانی حکمڕانی رابرد بەدڵی خۆمان نەبوون ، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەوە بۆ(٣۲) دەچێت خۆمان حکمڕانی خۆمان دەکەین کەچی بەداخەوە لەوەتەی سیستەمی پەرلەمانی دامەزراوە تەنیا یەک دانە یاسای زەمەنی رژێمیان هەڵنەوەشاندۆتەوە !
لە وڵاتانی دونیا هەر چەند ساڵ جارێ یان لەگەڵ پێویستی بارودۆخ ئەو یاسایانە دەستکاری دەکرێن تا دەگەڵ بارودۆخی پێشکەوتنی زەمەن بگونجێ تا ئێستا نەمانبینیوە وڵاتی ئێمە چاو لە وڵاتێکی وەک( مصر)بكات کاتێ فلیمی(أريدو حلا) کە هونەرمەند( فاتن حمامە)پاڵەوانی بوو ، شەقامی هەژاندو رای گشتی دروستکردو لە ئەنجامدا دەسەڵات چاکسازی لە یاسای باری شارستانی دەوڵەت کرد هەروەها لێکترازانی نێوان کۆمەڵگاو دەزگا ئەمنیەکان کە بە ئامۆژگاری رووناکبیران ، هونەرمەندان ، بە وەبەرهێنانی درامای( رأفت الهجان)و فلیمی (جمعة ، السقوط في الهاوية) چارەسەر کرا ، کوا ئێمە لەکوێی ئەو بابەتەین ؟!
لەدوای راپەڕینەوە بۆ خودی خۆم چەندان بابەتی کۆمەڵایەتی ، سەرژمێری ، هاتوچۆ ، ئابووری ، ئاوەدانکردنەوە خستۆتە سەر لاپەڕەکانی رۆژنامەکان و سەرشاشەی تەلەفزیۆن بۆ ئەوەی بتوانین گیروگرفتی هاوڵاتیان بگەینینە دامودەزگا پەیوەندارەکان بەڵام ئەفسوس وەک بڵێی دەسەڵات دوورونزیک پەیوەندی بەو بابەتانەوە نیە هەروەها لای میڵەتیش رەنگی نەداوەتەوە چونکە زۆرینەی میڵەت لەو بارودۆخە بێزارە دڵنیاشە کە ئەوانەی لەسەر لاپەڕەکان دەنووسرێ دەسەڵات گرنگی پێنادات بەواتەیەکی دیکە زۆرینە دەوری( الصامتە) دەبینن ! هەرچەندە چاودێرانی سیاسی ئەمە بە کارێکی باش نابینن ، بۆ دوارۆژ رەچاوی کاردانەوەی خراپیان لێدەکەن !
لەسەرەتای راپەڕین هەموو رۆژنامەکانی هەرێم گرنگیان بەریپۆرتاج دەدا بەڵام پشتگوێخستنی چارەسەری بابەتەکان لەلایەن دامودەزگاکان هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئیهماڵکردنی ئەو بابەتانە بە بۆچونی ئێمە نەبونی لێژنەی سکاڵا لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیران ئینجا وەزارەتەکان بە مانایەکی دیکە نەبونی پردی نێوان حکومەت و هاوڵاتی خەڵکەکەی گەیاندۆتە قۆناغى بێ ئومێدی !
کە ئەمەیان چەندی بڵێی بۆ هەردوولا ترسناکە ! من لێرەدا سێ نموونەی زێدە گرنگی سیاسی بۆ حیسابکردنی دوارۆژی مافی میڵەت لە گەڵ دەوڵەتی مەرکەز وهاوڵاتی کوردستانی دەخەمە بەرچاوان :
هەر زوو لە ساڵی(۱٩٩۷)وە ، تا ئێستا چوارجار لە رۆژنامەو دوو جار لە تەلفزیۆن سەرەڕای سەردانی دەزگا پەیوەندارەکان کەچی تا ئێستا هیچ لایەنکی پەیوەبدار لەسەرووی هەموویانەوە پەرلەمانی کوردستان دوو قسەیان لەسەر نەکردوە هەرچەند بابەتەکە پەیوەندی بە ژمارەی نفوسی کوردستانیانەوەیە بۆ هەقوحیسابی خەڵکی هەرێم کە بریتیە لە هاندانی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات ئینجا سوککردنی رۆتین بۆ تۆمارکردنی ئەو منداڵانە کە لەدەرەوە لەدایک دەبن ، لەبەرهێندێ ئەو مافە زێدە زێدە گرنگەی سیاسی کوردستانیان لەنێوان بێروقراتیەت و ئیهماڵی رەوەندی کورد زەرەر دێنێ ، بۆیە پێوێستە لایەنی تەشریعی هەروەها تەنفیزی تا زووە ئاسانکاری بۆ هەردوولا بکات تا بگەین بە ئامانجی سەرەکی کە ژمارەی میڵەت و وەرگرتنی مافەکانە
لە مانگی ئاب و ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئامادەی دوو دانیشتنی دادگا بوم کە تایبەت بوو بەو بابەتە زۆر هەستیارە بەڵام بەداخەوە یاسا کۆنەکانی رژێم و نەبوونی رێنمایی پێویست دادوەرەکان پەلبەست کردوە بۆیە پەنا بۆ کاری لێژنەی پزیشکی و مەزاجی چوار ، پێنج پزیشک دەبەن کە هەردەم لە هەموو روێکەوە لە مەسەلەی کات نەبونی ئامێری زێدە پێشکەوتوو لە بەرژەوندی رەوەندی کوردستانیدا نابێت
بەڵکو رۆتین سەردەکەوێ !
بابەتی دووەم خۆی لەو بڕیارە باشانە دەدۆزێتەوە کە دەسەڵاتی مەرکەز بۆ هاوڵاتیان دەردەچوێنێ بە نموونە :
هەرزوو دەسەڵاتی شیعەی بەغدا بڕیاری( الرفحاء)بۆ شیعە مەزهەبەکان دەرهێنا واتە هەڵاتوانی ژێر دەستی رژێم بۆ دەرەوەی وڵات یان گواستنەوەی بەزۆرەملێ لەنێوان شارەکان بەتایبەت ئەو کوردانەی بۆ چوار ساڵ لە کوردستانەوە بۆ خوارووی عێراق دوورخرانەوە ، هەروەها ئەو کەسانە کە لە وڵاتان بوونەتە پەناهەندە -هەرجۆرێ بەمشێوەیە سوودمەند دەبن

  • مووچەی گەورەو بەردەوام بۆ الرفحاکان . – ئەوانەی لەنێوان شارەکانی عێراق گواستراینەوە بە(۱۰)مليۆن دینارو پارچە زەویەک پاداشت دەکرێن – ماوەی مانەوەی خەڵک وەک پەناهەندە ، ماوەکەیان بۆ خانەنشینی هەژمار دەکرێن
    زۆر بەداخەوە هەموو عێراق تا( پردێ)لەولایەوەش تا( کەلەک) ئەوبەری زێی بادینان سوودبەخش بوین
    تەنیاوتەنیا خەڵکی سنووری هەرێم نەبێت !
    بەڵام بابەتی سێیەم لە هەمووی کارەساتترە ! جگە لە چارەسەرکردنی بڕگەیەکی یاسای شەهیدانی کوردستان ئەو گرێکۆرەیە دەکاتەوەو گیانی شەهیدان ئاسودە دەبێت و خانەوادەکانیان بەرەو قۆناغێکی گونجاوتری گوزەرانی دەچن ، ئەویش بریتیە لەو(۱۱۲) دۆسیەی ئەو پێشمەرگانەن کە لەکاتی شەڕی داعشدا لەسەنگەرەکان بە پێوەدانی مار ، جەڵتە ، تاپۆن مردوون ! کەچی زۆر بەداخەوە بە شەهید هەژمار نەکراون هەرچەندە بۆ خودی خۆم بێ ئومێدیم پێوەدیارە لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە ، خۆزگە دەخوازم بەچارەسەرکردنی گیروگرفتەکان بۆ بەرژەوەندی میڵەت ئەو بێ ئومێدیە بڕەوێتەوە‌
ھەواڵی زیاتر