نە‌زیفبوونی زمانی ئە‌دە‌بی

حەیدەر عەبدوڵڵا

زمانی ئەدەبی كوردی، وەك سەرچاوەی هەرە ڕەسەن و ڕاستینەی نووسین، پێویستە لە هەموو لایەكەوە دروست و لەبار بێت، بە تەرازووی سەلیقەی كوردەواری، كێشانە و پێوانە بكرێت. بەتێپەڕبوونی ڕۆژگار، زیاتر بچڕژێت و لە واقیعی نووسینی گشتیشدا بچەسپێندرێت، ئاخر ناكرێ زمانی سیاسەت و ئابووری و كایەكانی دیكەیش، لە سێبەری زمانی ئەدەبی هەڵاوێر بكرێن. گەشەكردنی زمان وزاووزێی وشە،دەبێ بەپێی ڕێسا و چوارچێوەیەكی گونجاوی زانستی بێت، نەك بەشێوەی هەڕەمەكی و بازاڕی.
ئەندامانی كۆڕی زانیاریی كورد لە بەغدا هەموویان ئەدیب و شاعیر و بیریاربوون، زمانی نووسین و قسەكردنی كوردییان چەندان قۆناغ بەرەو پێشەوە برد. ئێستەیش ئێمە لەسەر میراتی ئەدەبیی ئەوان زمانی نووسینمان دەخەمڵێنین. ئەوان زمانی شاعیرانی كلاسكیان دەستەمۆی نووسین كرد و فێریان كردین چۆن ئەدەب بكەین بە ڕێنوێنی ژیانمان.
پێشتر خەڵك لە ڕێگەی شیعر و ئەدەبیاتەوە زمانی دەپژا، گوێیان لە گۆرانی ڕەسەن و پەند و بەندی پڕ مانا دەبوو.. ئێستە شیعر و نووسینی ئەدەبی و گۆرانیمان نەزیف بوون. مانگ نییە چەندان دیوانەشیعر چاپ نەكرێن، لێ بە دەگمەن ڕێك دەكەوێت یەكدوو دانەیان بخوێنیتەوە و بڵێ ئۆخەی دوو وشەی دیكەم خستە سەر خەرمانەی زمان!
دوای خوێندنەوەی ڕۆمانێكی دوورودرێژ، دەشێ لە زۆر
بوارەوە سوود وەربگریت، بەڵام لە ڕوانگەی زمانەوە زەرەر دەكەیت و چەندان دەربڕینی ناحەز و بێزراو فێر دەبیت، دواتر لە نووسین و قسەكردن بەكاریان دێنیت و زمانی چەندان كەسی دیكەیش وێران دەكەیت.
شاعیر و ڕۆماننووسانی سەردەمی نوێ، پێویستە بەر لەوەی
نووكی قەڵەمیان بجووڵێنن بچن كتێبی: “لە پەرۆشەكانی
ژیانم”، مەسعوود محەمەد و “ئەودیو چیا” و. مەلا شوكر و ” دایە باوە كێ خراوە”ی و. مام هەژار و ” لە كوێوە بۆ كوێی؟”ی مام هێمن و “داغستانی من” و. عەزیز گەردی و”كوێخا سێوێ”ی عەزیزی مەلای ڕەش، بخوێننەوە. ئەوانە و چەندان كتێبی دیكەی گرنگ، كە دەڵێی كارێزی وشەن و هەر كەسێك بیانخوێنێتەوە، بە دڵنیایی شێوەی نووسین و دەربڕینی بەرەو باشتر دەگۆڕێت، گەلی خوێنەرانیش دڵبەندی بیرۆكە و نووسینەكانی دەبن.
ئەوانەی دەست بۆ نووسینی ئەدەبی دەبن، دەبێ سەرەتا
پاشخانێكی دەوڵەمەندی تەڕ و پاراوی زمانی كوردییان هەبێت، گەرنا جوانترین و باشترین بیرۆكەیان هەبێت، كە داڕشتنیان شل و شێواو و شپرزە بوو، با سەرەتا دەنگیش بداتەوە، زۆری پێ ناچێت خامۆش دەبێت، چونكە بە دیدی من، تەنها زمانێكی پاراوە دەتوانێ دەق لە باهۆزی مەرگ ڕزگار بكات.
زمانی ئەدەبی كوردی بەراورد بە ڕابردوو، نەزیف بووە!
شاعیر و ئەدیبانی “موخەزڕەم”، لە من باشتر پەی بەم هەقیقەتە دەبەن و دەزانن شیعر و ئەدەبی كوردی بە دەستی كۆڵەوارانی ئەدەب چۆن زامدار بووە!
ئەگەر وا بڕیارە ناوەندێكی هاوشێوەی كۆڕی زانیاریی كورد دروست بكرێت، دەبێ پێش هەموو شێتك دەزگەكانی ڕاگەیاندن بە بینراو و بیستراو و خوێندراو، بە یاسا بخرێنە ژێر دەستەڵاتی ناوەندەكە و هەواڵ و نووسین و بابەتەكانیان لە قاوغی زمان و زمانەوانی ئەوان دەرنەچێت، تاكوو بەرەبەرە هەڵەكان ڕاست دەبنەوە و زمانێكی ڕاست و دروست دێتە كایەوە، ئەو نەزیفەیەش كە ساڵانێكە زمانەكەمانی سیس و بێڕەنگ و ڕوو كردووە، بوەستێندرێت.
دەبێ ئەوەش بزانین وەختێك زمانی ئەدەبیمان نەزیف بوو، زمانی ئابووری و سیاسەت و كۆمەڵایەتی و مێژوومان بە تەواوی پەكیان دەكەوێت و بێڕووح و ساردوسڕ دەبن.

ھەواڵی زیاتر