ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

ڕۆمـــان نەبووایە تەنیا دەبووین، وەک با لـــە بیاباندا. ئەوە ڕۆمانە ئەگەر ئاوڕ لە مێژوویش بداتەوە، بۆ ئەوەیەتی سەردەمەکەی خۆی بخوێنیتەوە. ڕۆمانیش هەر دەڵێیـــت مێژووە، بەڵام مێژووی نوێ. ڕۆمان ئەگەر مێژوویش بگێڕێتەوە، بایەخ بە ژیانی پەراوێزخراوان دەدات. جاران دەیانگوت: فەلســـەفە: زانســـتی زانســـتەکانە، هەقە ئێســـتا بڵێین: ڕۆمان: کتێبی کتێبەکانە. ئەوە چییە وای کـــردووە، ڕۆمان تەمەنی درێژ بێت و تەنانەت بـــە نەمرییش بمێنێتەوە، بەڵام ڕاپۆرت ڕەنگە تەمەنی لە هەفتەیەک تێنەپەڕێت؟ چونکە ڕۆمان بە خەیاڵ ئاو دراوە، بەڵام ڕاپۆرت نا. کە ڕاپۆرتێک دەخوێنینەوە کەســـەکانمان وەک ڕۆبۆت دێنە پێش چاو، بەڵام لە ڕۆماندا، کەسەکان لە گۆشت و خوێن و هەست پێک هاتوون و ئازادانە هەڵســـوکەوت دەکەن، نووســـەری ڕۆمانەکەیش ناچێت بە
ئارەزووی خۆی بیانجووڵێنێت.
ئاخـــۆ لەســـۆنگەی بێکارەبایییەوە، بە تاریکی و لەبـــەر نەبوونی، بە گەدەی خاڵییەوە، ڕۆمان دەنووسرێت؟ بەشێک لە ڕۆماننووسانی لوبنان، بەرەو ڕووی ئەو بارودۆخـــە دژوارە بوونەتەوە. ئەوە قەدەرێکە ناتوانین لێی هەڵێین، ئێمە بەر لە هەر شتێکی دیکە، سەر بەو ژینگەین، تێیدا لەدایک دەبین و لێی دەژین، بە چاوپۆشین لەوەی بەهەشتی سەر زەمینە یان دۆزەخ. ئەگەر خەیاڵ لە واقیع جوانتر نەبووایە، ڕۆماننووسی هەژار، هەستی بەوە نەدەکرد کە دەژی. هەندێک پێیان وایە، نووسینی ڕۆمان، بۆ هەڵاتنە لە واقیع، بەڵام ڕاستییەکەی، نووسین بۆ ئەوەیە بەرەو ڕووی واقیعی تاڵ و تاریک ببیینەوە و دەست بدەینە یەخەی. نووســـەر با لە مردنیش نزیک ببێتەوە، دڵی بەوە خۆشە، لە تێکستەکانیدا بە نەمریی دەمێنێتەوە. ئەوە خەونی هەموو نووســـەرێکە، نووسینیش وەک هەر
پیشەیەک، بژێوی بۆ خاوەنەکەی دابین بکات.
ڕۆمان تاقە لێکدانەوەیـــەک هەڵناگرێت، ئاخر دەقێکی واڵایە، دەقێک دەرگەی بەســـەر چەندان خوێندنـــەوەدا کراوەیە و بارگاوییە بـــە چەندان مانا. ناکرێت ڕۆمانێک بنووســـین و پەیامی پێ نەبێت، پەیامێک ڕۆڵی لە دەوڵەمەندکردنی هۆشـــیاری و فراوانکردنی خەیاڵماندا هەبێـــت و بۆ ڕامان و ورووژاندنی گومان هانمـــان بدات. ئەوە ئەدەبەی بە ڕیالیســـت (واقیعی) دەناســـرێت و ئەدەبی کلاسیک بەو شێوازە دەنووسرا، هێشـــتا ئەدەبێکی زیندووە، ئانی ئێرنۆ، ئەو خاتوونەنووسەرەی ئەمساڵ (2022) خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، نووسەرێکە پڕ بە هەموو مانای وشەکە واقیعی، ئاخر بوێرانە و ڕاستگۆیانە ژیاننامە و ئەزموونی
خۆی گێڕاوەتەوە.
(ســـالی ڕوونی) خاتوونەنووسەرێکی ئیرلاندییە، لە دوا ڕۆمانیدا کە ناوی ناوە: تـــۆ لەکوێی ئەی دونیای نایاب؟ کە ڕۆمانێکە تـــەواو واقیعی، ڕۆمانێک هێڵی ســـوور ناناســـێت و ئازایانە خۆی لە قەررەی هەر چی تابووە دەدات، پێمان دەڵێـــت: (ئێمە بۆ ئـــەوە لەدایک بووین، نیگەران بیـــن، نیگەران بین لەوەی نزیکەی هەموو بەها باڵاکان هەرەسیان هێناوە و ناشیرینی و بێهوودەیی باڵیان بەســـەر ژیانی مۆدێرندا کێشـــاوە. کوێرەوەری ئەوە نییـــە ڕقمان لەم یان لەو بێت، ئەوە کوێرەوەرییە ڕقمان لە خۆمان بێت. ئەم هەســـارەیە بەرەو زەلکاو
بەڕێوەیە.

ھەواڵی زیاتر