ناسك سعید
به‌شداریكردن و بوونی ڕۆڵی كارای ئافره‌تان له‌كۆی بواره جیاوازه‌كان فاكته‌ری پێشخشتنی ئه‌و بواره‌یه، و ده‌بێته گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاو له‌توانا و لێهاتوویی ئافره‌تان له‌و بوارانه‌ی كه تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پیاوان رۆڵی سه‌ره‌كی تێدابینن، یه‌كێك له‌و پرسانه كه له‌ئه‌مرۆدا باس و خواسی زۆر له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌شداری ئافره‌تانه له په‌یوه‌ندییه نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كان كه بۆشاییه‌كی گه‌وره له‌م بابه‌ته به‌رچاوده‌كه‌وێت.
له‌وڵاته تازه گه‌شه‌سه‌ندووه‌كاندا رێژه‌ی به‌شداری ئافره‌ت له سیاسەتی دەرەوە، بەرگری، ئاسایش و پرسە ئەتۆمییەکان زۆر كه‌مه و ئه‌مه‌ش واده‌كات كه ئافره‌تان ناتوانن به‌شداربن وه‌ك دارێژه‌ری سیاسه‌ت و ئاراسته‌كردنی ئه‌جندای وڵات له‌ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له شاره‌زایان ئه‌و هۆكاره ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ نه‌بوونی ئافره‌تی پسپۆر له‌و بوارانه‌دا یاخود كه‌متر داوایان كردووه كه وه‌ك پیاوان به‌شداربن له‌دانیشتنه سیاسیه‌كاندا.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه‌یه كه پرسەکانی ئاسایش و تیرۆر و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، شێوه‌یه‌كی پیاوانه‌ی وه‌رگرتووه و ئافره‌تان دووره په‌رێزن تێیدا. ئەمەش تەنها قسه نییە، به‌ڵكو لە چەندین لێکۆڵینەوەدا ده‌ركه‌وتووه كه شوێنی ئافره‌تان لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لاوازه و پیاوان رۆڵی ئه‌كتیڤیان تێدا هه‌یه. توێژینەوەیەک لە ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه لە کۆی ١٣ هەزار مامۆستای زانستەسیاسییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا، تەنها لەسەدا ٢٦ ی ئافره‌تن، هه‌روه‌ها توێژینەوەیەکی دیكه دهریخستوو کە شاره‌زایانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئافره‌تان کەمترینن.
ئه‌م گرفته دوو ره‌هه‌نده، له لایه‌ك هزرێكی نەرێنی هەیە له‌لایه‌ن خودی ئافره‌تانه‌وه كه ئافره‌ت ناتوانێت له‌و بواره‌دا كاریگه‌ربێت و بتوانێت گۆرانكاریی ریشه‌یی و چاره‌سه‌ر دروست بكات، تەنانەت پێیانوایه کاتێک ئافره‌تێك توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌كات له‌سه‌ر پرسێك هه‌ر له‌لایه‌ن ئافره‌تانی دیكه‌وه كه‌متر گرنگی پێده‌درێت و به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، و ته‌نانه‌ت ئافره‌ته نوسهرهكانیش زیاتر لەسەر پرسەکانی فێمینیزم، تەندروستی و ژینگە یان زیاتر ئه‌و بابه‌تانه گرنگی پێده‌ده‌ن كه پەیوەندییان بە ئافره‌ته‌وه هەیە نەک بابه‌تی ئاسایش یان تیرۆر، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئافره‌ت و فكر و توانای ئافره‌ت له‌و بوارانه دووربخاته‌وه و به‌جێی بهێڵێت بۆ پیاوان.
له‌لایه‌كی تره‌وه، پیاوان هه‌وڵیانداوه په‌یوه‌ندیییه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان پیاوانه بن، و بۆچونیان وایه پیاو شاره‌زاتر و به‌تواناتره له‌بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و دنیابینی و دوورمه‌ودای ئه‌وان بۆ ستراتیژییه‌ت و نه‌خشه‌رێگای ئایندهی سیاسی وڵات، له‌مه‌وه‌یه كه ده‌بینین ئافره‌ت هیچ رۆڵێكی ئه‌كتیڤ و به‌رچاوی نیه، یاخود هه‌ژاری بیركردنه‌وه‌ی ئافره‌ت له‌توانا هزری و مه‌عریفه‌ی خۆیدا وای كردووه، ئه‌و كارانه مۆركی پیاوان وه‌رگبرێت، به‌ڵام ئه‌م دووره‌په‌رێزییه‌ی ئافره‌تان نیشانه‌ی ئه‌وه نیه كه ئافره‌ت ناتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه زۆرێک لە ئافره‌تان لەو بوارەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، چونکە هیچ شتێک لە بنەڕەتدا شێوه‌یه‌كی جێندەری تایبه‌تی وه‌رنه‌گرتووە، بێگومان له‌بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش به‌هه‌مان جۆره. کاتێک پرسیار لە یەکەم باڵیۆزی ئافره‌ت لە هیندستان (ڤیجایا لاکشمی پاندیت) کرا سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی وەک ئافره‌ت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، له‌وه‌ڵامدا ووتی: پرسی نێر بوون یان مێبوون هیچ پەیوەندییەکی بە ئەرکی هەردوو ڕەگەزەوە نییە و هه‌ردوولا ده‌بێت بەشداری كارای خۆیان لە جیهاندا بخه‌نه‌گه‌ڕ. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زاراوەیەکی بێلایەنە لە ڕەگەز، ئەرکی خەڵکە بە هەموو ناسنامە ڕەگەزییەکانەوە کە بەشداری بکەن لە داڕشتنی سیاسەت و ئەنجامدانی دانوستان و تێگەیشتن لە دیپلۆماسی و دەستەبەرکردنی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێ.
هه‌رچه‌نده له ئێستادا جێندەر و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بابەتی ڕەگەز یەکێکە لەو بابەتەنهی زۆرترین توێژینەوەکانی په‌یوه‌ندییه نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت و زانایان و فێمنیستهكانیش ده‌یانه‌وێت له‌وه تێبگه‌ن كه بۆچی ره‌گه‌ز بۆته رێگر له‌پێشخستنی ئه‌و بواره كه له‌بنه‌مادا جیاوازی ره‌گه‌ز هیچ په‌یوه‌ندی به‌و بابه‌ته‌وه نیه.
رێبازی فێمینیست بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوەیەک نییە لە تیۆرێکی تاکەکەسی. فێمینیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە زۆر پارادایم پێکهاتووە کە ڕێگەیان پێدەدات تێبگەن بۆچی مێینە وەک ڕەگەزی خوارەوە لە سیاسەتی جیهانیدا دەبینرێت. جیاوازی لە نێوان تیۆرییە فێمینیستەکان، یارمەتیدەرمانە لە تێگەیشتن لە پرسەکانی لایەنگری ڕەگەز لەناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. فێمینیستەکانی لیبراڵ، مارکسیست، پۆست مۆدێرن، پۆست لیبراڵ، بنیاتنەر، پۆست پێکهاتە و پۆست کۆلۆنیالیزم هەن کە لە کۆتاییدا پەردە لەسەر چۆنیەتی داڕشتنەوەی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژین، لادەدەن.
تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، زانایانی ئەکادیمی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە كرد لەوەی کە چۆن ڕەگەز کاریگەری لەسەر تیۆری و پراکتیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەبووە. ڕەگەز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا گرنگە، چونکە ئەوان جەوهەریین بۆ تێگەیشتن لەو جیهانەی کە ئێمە تێیدا دەژین. مرۆڤ دەبێ جەخت لەسەر زاراوەی، ‘ئێمە’ بکاتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ جیهانێک کە ژن و پیاو بە یەک دەنگ دەژین و ئەو جیهانە لە قاڵب دەدەن کە ئەمڕۆ پێکەوە تێیدا دەژین. بەڵام لە جیهانی مۆدێرندا، سیاسەتی نێودەوڵەتی وەک ‘جیهانی پیاوێک’ هەست پێدەکرێت، ئەم واتایە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بیرۆکەیەکی دیكه ئه‌وه‌یه کە مێینەکان تێگەیشتنێکی جیاوازیان لە کاروباری نێودەوڵەتی هەیە. رێبازی جێندەری بەڕاستی تێگەیشتنێکی جیاوازمان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێدەبەخشێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە ڕادەی گرنگی تێگەیشتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وا دەکات کاریگەری رێبازی جێندەری لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نیشان بدات و ده‌ریبخات كه به‌ڵێ مێینه ده‌توانێت ئه‌و كاره‌كته‌ره سه‌ركه‌وتووبێت كه په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ره‌و ئاقارێكی ئاشتیانه به‌رێت و سه‌لامه‌تی و ئاسایش ببێته به‌شی هه‌موو مرۆڤه‌كانی سه‌ر رووی زه‌وی.