ئافرە‌تی كورد خۆشە‌ویستیە‌كە‌ی بۆ نیشتمان بی بە‌رامبە‌رە‌

فەزیله شۆرش – هۆڵەندا

ئەوەی جێگه ی شانازیە ئافرەتی کورد لەم سالانەی دوایی بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداربویەکی سەرەکیە لە هەموو بوارەکانی کار و ژیان له پێناو دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانی، بێگومان ئەمە نیشانەی تێگەیشتنی خودی ئافرەت و کۆمەڵگه یه، کە رێگه و دەرفەتی کار بۆ ئافرەت زیاتر بوە، ئافرەت دایکە و دایکیش نیشتمانە، کاتێک کە ئافرەت خودی خۆی خۆش بوێت، ئەوا کۆمەڵگه ش خۆشی دەوێ و دەرگای هەلی کار بۆ ئافرەت واڵاتر دەبێت . گرنگە ئافرەت بزانێ کە بە کار کردن خزمەتی خۆی و کۆمەڵگه و نیشتمان دەکات. ئەم ئەرک و خۆشەویستیه بەرامبەر نیشتمان بێ بەرامبەره، هەروەک خۆشەویستی دایک بێ بەرامبەرە، ئەم خۆشەویستیە لە هەلسوکەوتی تاک دەردەکەوێ، چونکە هەڵسوکەوت ئاوێنەی پەروەدەیە.گەر پەروەردەی تاک لە سەر بنەمای خۆشەویستی بێت ئەوە بێگومان تاک بێ ئەوەی چاوەروانی هیچ بەرامبەرێک بکات بۆ ئەم خۆشەویستیە خێزان و کۆمەڵگه و نیشتیمانیشی بێ
بەرامبەر خۆش دەوێ . بوونی نیشتمان و پێشکەوتنی بە ماندوو بوون و کۆڵنەدانی رۆڵەکان و کۆمەڵگه دەبێت، لە بیر نەکەین نیوەی کۆمەڵگه ش ئافرەتە. کاتێک ئافرەت خەریکی خوێندن و کار دەبێت بێ ئەوەی چاوەرێی ژیانێکی لۆکس بکات و بە ماندوبوونی خۆی لە واقعی خۆی دەژی، دەتوانی لەم رێگهیەوە ئاسودە و خۆشەویستی بۆ خودی خۆی و نیشتمانی بخاتە ناخی زۆر لە گەنجانی وڵات و بە تایبەتی ئافرەتانی کوردستان. لە هەموو جیهان گەنج ( ئافرەت و پیاو) مانای ماندووبوون لە خوێندن و کار کردن و بنیاتنانی دوارۆژ و نیشتمانه، لە وڵاتانی ئەوروپا ئافرەتانی گەنج خاوەنی ئوتۆمۆبیلی خۆیان نین بەڵکو کار دەکەن و قەرز لە بانک وەردەگرن تا بخوێنن، ئەوەی خاوەن ئۆتۆمبیلیش بێت بە زۆری پاش تەمەنێکی پر لە ماندوو بوون. لە ١٥ ساڵیەوە لە کۆتایی هەفتە کار دەکەن بۆ بنیاتنانی خۆیان و نیشتمان و داهێنان و بەرەو پێشخستنی وڵاتیان، بێ ئەوەی هیچ گلەیەکیان هه بێت . چاوەرێ ناکەن حکومەت دایانبمەزرێنی، ئافرەت خۆی بە دوای کار دەگەرێ، لەهەندێک حاڵەتیش کارێک دەکات زۆر پەیوەندی بە بروانامەکەی نەبێت، هەر بۆیەش وڵاتیان پێشکەوتووە بە بازووی و ماندووبوون و خۆشەویستی بێ بەرامبەری رۆلەکانیان کە بناغەی بوونی وڵاتیانە. لە کوردستانیش بە خۆشحاڵیەوە ئەم رێژە زۆرەی ئافرەتانی کوردستان لە کار کردن و بنیاتنانی وڵات وەک ئافرەتانی وڵاتانی ئەوروپا شانازیە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئافرەتی کوردیش خۆشەویستیەکەی بۆ نیشتیمانی بێ بەرامبەرە و، بەشداربویه کی کارایە لە بنیاتنانی نیشتمان.