دەبێ هەموو جیهان بە جەماعەتی ئیرناشەوە
سوپاسی پێشمەرگە بکات کە جیهان و ناوچەکەی لە هەڕەشەی داعش پاراست.
وەڵامێك بۆ چەواشەكارییەكانی ماڵپەڕی “ئیرنا”ی کۆماری ئیسلامی ئێران
هاودەنگ فاروق
ماڵپەری فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران” ئیرنا”، ڕاپۆرتێکی درێژدادڕو هەڵبەستراوی پڕ لە دڵڕەشی و درۆی شاخدارو چیرۆکی خەیاڵی، لەبارەی سەرۆک بارزانی ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.
نووسەری ڕاپۆرتەکە خۆی لە زۆر ڕاستییەکان نەبان کردووە و هێندە حاقدە بەرامبەر کورد، تەنانەت ڕێز لە دەستووری عێراقیش ناگرێت، بڕگەکانی دەستووری عێراقیشی وەک تەواوی نووسینە گاڵتەئامێزەکەی چەواشە کردووە.
دەستووری عێراق ناڵێ کەرکووک بەشێک نییە لە هەرێمی کوردستان، ناشڵێ بەشێکە لە عێراق، بەڵکو دەڵێ: بەشێکە لە ناوچەکێشە لەسەرەکان.
لە ساڵی ٢٠٠٥وە، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی شیعەی عێراق کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەر بە ئێرانن، خۆیان دزیوەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییەی تایبەتە بە ئاساییکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی ئەم ناوچانە، واتا خەرقی دەستووریان کردووە.
نووسەری چەواشەکاری دەزگا خەبەرگوزارییەکەی” ئیرنا ” دەڵێ: “هەندێ لە کوردەکان بەم ناوچانە دەڵێن، ناوچەی جێ ناکۆک” نەخێر هەندێ لە کوردەکان وا ناڵێن، ئەوە دەستووری عێراقە وا دەڵێ و كوردە نیشتمانپەروەرەكان ئەو دەستەواژەیەشیان بەدڵ نییە و پێی دەڵێن ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەو حاڵەشەوە دەبێ بە پێێ کارنامەیەک کە دەستوور دایناوە، دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و بگەڕێتەوە باوەشی کوردستان، کە تا ئەو کارە نەکراوە لەژێر حکومەتەکانی عێراق وڵاتی دیکەی ئیقلیمی بووە.
ڕاپۆرتنووسەکە دەڵێ: “ئەم داوایەی کوردەکان بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەرئیدارەی هەرێمی کوردستان، وا دەکات کە ئەو هەماهەنگی و پێکەوەژیانەی شارەکە لەبەین بچێ”، بەپێچەوانەوە ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە، نەتەوەکانی کەرکووک لە سایەی ئیدارەی کوردی و پێشمەرگە ژیانیان باشتر و پارێزراوتربووە، لە کاتێکدا ئێستا کە هەندێ میلیشیای سەر بە ئێران شارەکەیان بە بارمتە گرتووە، ڕۆژانە کوشتن و ڕفاندن و هەڵکوتنە سەر ماڵان و دزی و ئازاردانی نەتەوە جیاوازەکان دەبینن.
ئەم نووسەرە ڕاست دەکات پێشمەرگەکان لە کەرکووک سەرکردایەتییەکی یەکگرتوویان نەبوو، ئەمە شاهیدییەکی باشە، کە ئێمەش دەزانین هەندێ لە خائینان وخۆفرۆشان بوونە ئۆباڵی کشانەوەی بەشێک لە هێزی پێشمەرگە، ئەوە حکوومەتی عێراق نەبوو سەرکەوت، ئەوە خیانەتی کۆمەڵێک کەسی خۆفرۆشی پارەپەرستی ناو حزبێکی کوردی بوو وای کرد کەرکووک بکەوێ، ناوی ئەو عەمەلیاتەش لە مێژووی کورددا، خیانەتی گەورە و مێژووی ١٦ی ئۆکتۆبەرە، کە هەموو کورد نەفرەتی لێ کردووە.
ئەو پڕوپاگەندە و قەوانە سواوەی سەد ساڵەی ئێوە کە دەڵێن کەس نازانێ کورد چی دەوێ، لە ڕیفراندۆمەکەی بارزانیدا، درۆی سەدەیەکی ئێوەی بەتاڵ کردەوە، بەڵی ئێستا ئێوەش و هەموو دنیا دەزانێ کورد چی دەوێ، وەک لە ڕیفراندۆمەکەی بارزانیدا بە دەنگی ئازاو بوێرەوە ٩٣٪ گەلی کوردستان، بە کەرکووکیشە و گوتیان: بەڵی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستانمان دەوێت.
ئەو چەواشەکارییە کە دەتان گوت، مەسعود بارزانی نوێنەرایەتیی هەموو گەلی کورد ناکات، ئەوە بارزانی بوو ٩٣٪ی گەلی کوردستانی لە سەر یەک ڕا و یەک دەنگ هێنایە سەر سندووقی ڕاپرسی و بە بەڵێ دەنگیان دا، بارزانی ڕێبەری گەورەی کوردە.
ئێمە لە ئاوی شێلوودا ماسی ناگرین، بەڵکو بە ڕۆژی ڕووناک بزووتنەوەیەکی ڕەوا و بەرهەقی گەلی کوردستانین، سەد ساڵە لە تێکۆشانداین و داوای مافی گەلی خۆمان دەکەین، بارزانی شەرعیترین و دیموکراسیترین ڕێگای گرتووە، کە هەموو دنیا ئەو هەقەی داوە میللەتان بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئێمە تەنیا بۆ ئەوە شەڕی کەرکووک ناکەین کە نەوتی لێیە، بەڵکو لە سەر هەر بستێکی خاکی کوردستان تەنانەت بەس شاخ و بەردیش بێت شەڕ دەکەین، چونکە ئەوە خاک و نیشتمانی ئێمەیە، ئەوەیە مەبدەئی سەرۆک بارزانی.
داواکاریی ئێمە بۆ ئازادیی نیشتمانەکەمان، ئەمنیەتی ئێوەو هیچ لایەک ناخاتە مەترسیەوە، وەکوو ئیسماعیل بێشکچی دەڵی؛ “ئەوانەی وڵاتی ئێمە بە بەمەترسی لەسەر خۆیان دەناسن، ئەوە دەوڵەتەکەی خۆیان لە سەر بنەمایەکی بەتاڵ بنیادنراوە”.
ئەم دەزگا خەبەریە بەدناوەی “ئێرنا”ی چونکە لە سەر بنەمایەکی درۆ و ڕاگەیاندنی چەواشە بەرکارە، چیرۆکێکی وەهمیی بۆخۆی دروست کردوە، کە لە سەرەتای هاتنی داعش، قەڵای هەولێر گەمارۆدراوە، ئەمە درۆیەکی شاخدارەو قەڵای شکۆمەندی پایتەختی کوردستان، یەک دەقیقەش گەمارۆ نەدراوە.
ئەگەرئەو پاڵەوانبازیەی زووزوو بە چاوماندا دەدەنەوە، کە گوایە ئێوە هەولێرتان لە چنگی داعش ڕزگار کردووە، خێر ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەتانتوانیوە، بەچەی خۆتان لە سووریا بپارێزن؟
گەلی کوردستان بۆ خەباتی ڕەوا و تێکۆشانی لە پێناو ئازادیی نیشتمانەکەیدا پشتی بە هیچ کەس گەرم نییە، جگە لە خودارو ئیڕادەی لەبننەهاتووی میللەتی خۆی، ئەگەر لە هەر قۆناغێکیشدا کەسێک لایەنێک بە قسەیەکی خێریش یارمەتیی ئێمەیان دابێت، سوپاسمان کردوون، خۆ ئەگەرهەر کەسێ بە نیەتی كۆیلەكردنی ئێمە یارمەتیی دراوین، دواتر بۆی دەركەوتووە ئێمە مەرگ هەڵدەبژێرین بەڵام منەتبار و كۆیلەی كەس نابین، ئەوە قسەیەكی دیكەیە، چونكە ئێمە پشتمان بە ڕەوایەتیی قەزیەی خۆمان گەرمەو سازش لە سەر دۆزی خۆمان ناکەین.
نووسەر درۆیەکی دیکەی گەورە دەکات، دەڵێ: “ماڵی بارزانی هەولێریان تەرک کرد” بە نووسەر و ئاغاکانی دەڵێین: بە پێچەوانەوە خانەوادەی سەربەرزی بارزان، خانەوادە و کوڕ و برازاکانی بارزانی بە چوونیان بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ، ڕەشادەت و جوامێری و دلاوەریی خۆیان بۆ هەزارەمین جار بۆ دونیا سەلماندەوە و، بوونە پەرژینی پۆڵایینی پاراستنی کوردستان، ئەوە گەلی ئێمە و گیانفیدایی پێشمەرگە بوو ئەفسانەی داعشی تێک شکاند و ئەوانەشی شۆک و نائومێد کرد کە داعشیان بۆ داگیرکردنی و کوردستان هان دەدا.
بەڵێ کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکارییەکی چەکیان کردوین، دیسانیش ئێمە مەمنوونی یەک فیشەک بووین کە هەر لایەنێك بە ئێمەی دابێت، بەڵام بەداخەوە ئێوەی نووسەری ئیرناو هاوئاوازەکانتان خەریکە سەنعەتەکە هێندە سووک و ڕەزیل دەکەین هەموو ڕۆژێک بە ناو چاوی ئێمەیدا دەدەنەوە، مەردایەتی و جوامێری ئەوەیە، چاکەی خۆت بە ڕووی بەرامبەرەکەتدا نەدەیتەوە.
نووسینە پڕ لە چەواشەکەی ئیرنا بۆ ئەوەیە هەیبەت و قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە لەکەدار بکات. لێیان دەپرسین باشە ئەگەر پێشمەرگە شەڕی نەکردبێت ئەی چۆن پێشمەرگە ۱٤ هەزار شەهید و برینداری
داوە؟
بەداخەوە هەموو رۆژیش بەچاوماندا دەدەنەوە کە لە شەڕی داعش یارمەتی کوردیان داوە.
داعش هەڕەشەیەکی جیهانی و سوپایەکی جیهانی بوو و لە سەد دەوڵەتەوە هاتبوون.
چەکی سوپای سووریا و عێراقیان کەوتبووە دەست. ئەوە لە حاڵێکدابوو کە پێشمەرگە ۱۲ ساڵ بوو لەژێر ئابلۆقە بوو و یەک فیشەکیشی لە بەغدا بۆ نەهاتبوو.
ئەگەر ئێوە چەکتان بۆ پێشمەرگە ناردبێت ئەویش لە سەرەتای شەڕ، بە دڵنیاییەوە ئەو کارەتان بۆ پاراستنی خۆتان کردووە.
پێشمەرگە بە فیداکاریی خۆی ئەفسانەی داعشی شکاند و ئێوە و هەموو جیهانیشی پاراست.
ئێمە سوپاسی هەر وڵاتێک دەکەین کە یارمەتیی پێشمەرگەی دابێت
بەڵام دەبێ هەموو جیهان بە جەماعەتی ئیرناشەوە
سوپاسی پێشمەرگە بکات کە جیهان و ناوچەکەی لە هەڕەشەی داعش پاراست.