پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی سه‌رکۆماردائیراده‌ی کورد به‌سه‌ر ئیراده‌ی حزبی و کەسیدا سه‌رکه‌وت

سیامند سێلکی

عێراقی نۆێ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی ڕێککه‌وتن ئاڤا کراوه‌. بۆیه‌ له‌سۆنگه‌ی پابه‌ند بوون به‌و بنه‌مایانه‌ و پراکتیزه‌کردنیان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع ، له‌پرسی به‌ڕێوه‌بردنی و‌ڵاتدا سه‌رکۆمار پشکی کورده ‌و سه‌رۆک وه‌زیران پشکی عه‌ره‌بی شیعه‌یه‌ و سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش پشکی عه‌ره‌بی سوننه‌یه‌. له‌سێ خولی هه‌لبژاردندا ئه‌م بنه‌مایانه‌ وه‌کو خۆیان جێبه‌جێ کران و هه‌موو لایه‌ک پابه‌ند بوون پێیه‌وه‌ و ، هه‌رسێ پێکهاته‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی عێراق کورد، سوننه‌، شیعه‌ له‌ سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌دا بێ کێشه‌ پشکی خویان وه‌رگرت . له‌ دوو خولدا خوالێخۆش بوو مام جه‌لا ل وه‌کو به‌ربژێری کورد و له‌چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌کێتی و پشتگیری ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆک بارزانی پۆستی سەرکۆماری وه‌رگرت . دیسان له‌خولی سێیه‌میشدا به‌هه‌مان شێوه‌ دکتور فوئاد مه‌عسوم بووه‌ سەرکۆمار .
مخابن دوای خولی چواره‌می هه‌لبژاردنه‌کانی عێراق و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌جێندای وڵاتێکی ئه‌قلیمیدا و به‌پشتیوانی هه‌ندێ هێزی شیعه‌ . شێوازی دیاری کردنی به‌ربژێری کورد بۆ پۆستی سەرکۆمار له‌ڕێڕه‌وی ئاسایی و شه‌رعی خۆی ده‌رچوو ، له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێککه‌وتنی هێزه‌ کوردستانیه‌کان و خواستی کوردو ، وه‌کو پاداشتی خیانه‌تی شازده‌ی ئوکتوبه‌ر پۆستی سەرکۆمار پێشکه‌شی دکتۆر به‌رهه‌م سالح کرا !
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێشێلکردنی پره‌نسیپی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و ڕێککه‌وتن بوو، سه‌پاندنی ئیراده‌ی ده‌ره‌کیش بوو به‌سه‌ر خه‌لکی کوردستان و عێراق دا . له‌ئه‌نجامی ئه‌م پێشێلکاری و سه‌پاندنه‌دا بارودۆخی عێراق به‌گشتی و پرۆسه‌ی سیاسی به‌تایبه‌تی به‌ره‌و ئاقارێکی خه‌راپ و ئالۆز پڕ کێشه‌ چوون . ته‌نانه‌ت لێکه‌وته‌ نه‌گه‌تیفه‌کانی ئه‌م پێشێلکاری و سه‌پاندنه‌ کاریگه‌ریان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دۆخی سیاسی کوردستانیش دروست کرد و کۆمه‌ڵێک کێشه ‌و قه‌یرانی به‌دوای خۆیدا هێنا.
ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو به‌رهه‌م سالح له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌لاته‌ ده‌ستوریه‌کانیدا پارێزگاری له‌ شکوی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی و مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی کورد بکات ، بو به ‌پارێزه‌رو جێبه‌جێکاری به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جێندای ئه‌و هێزو لایه‌نه‌ ده‌ره‌کی و ناوخۆیانه‌ی که‌ به‌کۆڵ هه‌لیان گرتوو گه‌یاندیانه‌ کوشکی سه‌لام !
له‌درێژایی چوار سالی ڕابوردا به‌رهه‌م سالح له‌پێناو ئه‌وه‌ی دلی ناحەزانی کورد و هاوبه‌شه‌کانیان له‌خۆی ڕازی بکات و متمانه‌یان به‌ده‌ست بێنێت، تا بۆ خولی داهاتووش له‌پۆسته‌که‌یدا بیهێلنه‌وه‌. له‌ئاست ئه‌و هه‌موو غه‌درو ناحه‌قیانه‌ی که‌ له‌ سالانی ڕابوردا به‌رامبه‌ر کورد کران، خۆی مات و بێ ده‌نگ کرد و، بۆ یه‌ک جاریش ئاماده‌ نه‌بوو له‌چوارچێوه‌ی ممارسه‌کردنی ده‌سه‌لاته‌ ده‌ستوریه‌کانیدا به‌رگری له‌کورد بکات !
ئه‌م لاوازی و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانه‌ی به‌رهه‌م سالح له‌سه‌ر ئاستی عێراق و کوردستان و ناوچه‌که‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ زیانێکی زۆری به‌کورد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌یاند. بۆیه‌ دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌لبژاردنه‌کانی خولی پێنجه‌م، پارتی و سه‌رۆک بارزانی له‌سۆنگه‌ی خه‌مخۆری و په‌رۆشیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد و کۆتایی هێنان به‌و هه‌موو غه‌در و ناحه‌قیانه‌ی به‌رامبه‌ر کورد ده‌کرێن، هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان خسته‌گه‌ڕ که‌ دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و به‌کۆده‌نگی هه‌موو لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان وه‌کو به‌رکه‌وته‌ی کورد به‌ربژێرێک بۆ پۆستی سەرکۆمار دیاری بکرێت .
له‌پێناو ئه‌م ئامانجه‌دا پارتی زۆر نه‌رمی نواند، ته‌نانه‌ت ڕازی بوو به‌وه‌ی ئه‌و به‌ربژێره‌ی دیاری ده‌کرێت له‌یه‌کیتی بێت، به‌مه‌رجێک کوردانه‌ بیربکاته‌وه‌ و ببێته‌ پارێزه‌ری مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی کورد . مخابن یه‌کێتی به‌هه‌مان نه‌فه‌سی سالی (2018) و کورت بینانه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ واقعی ئێستا کرد و پێی وابوو به‌پشتیوانی دۆسته‌کانی ده‌توانێت وه‌کو پێشتر ئه‌مجاره‌ش به‌رهه‌م سالح به‌سه‌ر ئیراده‌ی کورددا بسه‌پێنێت !
هه‌ڵبه‌ت له‌ سه‌ر داوای سه‌رۆک بارزانی و له‌سۆنگه‌ی خه‌مخۆریان بۆ یه‌ک خستنی نێو مالی کورد زۆر که‌سولایه‌ن له‌ناو خۆ و ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی دا هه‌ولیاندا قه‌ناعه‌ت به‌سه‌رۆکی یه‌کێتی بێنن که‌ نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و واقعی ئێستا له‌گه‌ل (2018) له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ جیاوازه‌. به‌ڵام سه‌رۆکی یه‌کێتی هه‌وڵی هه‌موو دلسۆزانی پشت گۆێ خستوو، پێی وابوو ده‌ست پێشخه‌ری و نه‌رمی نواندنه‌کانی سه‌رۆک بارزانی و پارتی له ‌لاوازیه‌وه‌ . به‌م تێگه‌یشتنه‌ هه‌له‌یه‌ سور بوو له‌سه‌ر سه‌پاندنی به‌رهه‌م سالح !
سه‌ر ئه‌نجام هه‌ر وه‌ک بینیمان له‌پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی سه‌رکۆماردا ڕاستیه‌کان بۆ هه‌موو لایه‌ک ڕوون بوونه‌وه‌ و، ده‌رکه‌وت پارتی جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی کورد هیچ نیه‌تێکی دیکه‌ی نه‌بووه‌.
ڕاسته‌ پارتی له‌سه‌ر پرسی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی به‌ربژێری سەرکۆمار شه‌ڕی کرد ، به‌لام ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و پۆسته‌ بۆ خۆی مونوپۆل بکات وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن باسیان لێوه‌ ده‌کرد، به‌لکو بۆ ئه‌وه‌بوو شێوازی ده‌ست نیشانکردنی به‌ربژێر بۆ پۆستی سەرکۆمار ڕاست بکرێته‌وه‌ و دوور بێت له‌ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌کی . شه‌ڕی پارتی بۆ ئه‌وه‌ بوو خه‌لکی کوردستان سه‌ر پشک بێت له‌دیاری کردنی به‌ربژێر بۆ پۆستی سەرکۆمار و هیچ که‌سولایه‌نێک ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر کورددا فه‌رز نه‌کات . له‌م پێناوه‌دا پارتی له‌هه‌نگاوێکی بوێرانه‌ و دلسۆزانه‌دا به‌ربژێری خۆی که‌ به‌رێز ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د بوو کشانده‌وه‌ و پشتیوانی بۆ به‌ڕێز له‌تیف ڕه‌شید وه‌کو به‌ربژێرێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربڕی و داوای له‌هاوپه‌یمانه‌کانیشی کرد که‌ ده‌نگی پێ بده‌ن . له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا به‌ربژێری کوردستان له‌تیف ڕه‌شید به‌ده‌نگی پارتی و هاوپه‌یمانه‌کانی به‌سه‌ر به‌ربژێری هێزێکی ده‌ره‌کی و هاوبه‌شه‌کانیان سه‌رکه‌وت . بێ گومان پارتی چوون توانی له‌تیف ڕه‌شید سه‌ر بخات به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌یتوانی ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌دیش سه‌ر بخات . به‌ڵام هه‌روه‌ک له‌سه‌رەوه‌ ئاماژه‌مان پێکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لکێک نه‌لێت پارتی شه‌ڕی بۆ پله ‌و پۆست کرد، به‌ربژێری خۆی کشانده‌وه‌ و به‌ربژێرێکی سه‌ربه‌خۆی سه‌رخست. ئه‌مه‌ش خۆبه‌خۆ سه‌رکه‌وتنی ئیراده‌ی کوده‌نگی کورد بوو به‌سه‌ر ئیراده‌ی حزبی و شه‌خسی و ده‌ره‌کیدا . به‌کورتی و به‌کوردی مه‌به‌ستی پارتی ئه‌وه‌ بوو ئه‌وه‌ی ده‌گاته‌ کۆشکی کۆماری کورد دیاری بکات و کۆده‌نگی کوردی له‌سه‌ر بێت ، کورد بێت و کوردانه‌ بیربکاته‌وه‌ و ببێته‌ پارێزه‌ری مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی کورد .