نابێ لە‌نێوخۆماندا ئە‌وە‌بكە‌ین..!

ئەسعەد عەدۆ

دوورنیە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول کەمێک ئاستەنگی تێگەیشتن لەنێوان سۆران ، گەرمیان ، بادینان هەبوبێت بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی بارزانی نەمر لەبەڕێوەبردنی شۆڕش هۆکارێکی سەرەکی بوو لەتێکەڵبوونی ئەو هەموو حەشاماتە ، بێ ئەوەی پلانی بۆ دابنرێت هەموومان لە هەموو رووێکەوە لەیەک دەگەیشتین ! چەندان نموونەی سەرکەوتنمان هەبوو لەوەی کە خەڵکی بادینان بێ گیروگرفت دەبوون بە بەرپرس لە ناوچەکانی گەرمیان وسۆران هەروەها بە پێچەوانەش
بڵاوبونەوەی رۆشنبیری پێکەوەژیان و مەبادئی ئەو حیزبە لەنێوانماندا گەیشتە ئەو رادەیە کە ژنوژنخوازی لەنێوانماندا ئەنجام بدرێ ، لەوەزیاتر خوێنی زۆران خانەقی لە بێلمبیرێ بڕژێ و خوێنی فەرماندە حسۆ میرخان بارزانی و پێشمەرگەکانی لە کوونەکۆترو قڕناقەی بناری قەندیل بڕژێ !
هەروەها رژێمی گۆڕبەگۆڕ بەدرێژایی ساڵی ۱۹۷٤-۱۹۷٥ بە هەموو هێزی زەبەڵلاحی شەڕی مانونەمانی لەسەر جیاکردنەوەی هێلی بەرگری سەرەکی لەنێوان دەڤەری بادینان و سۆرانی دەکرد کە لەمێژوودا بە شەڕی سەرتیزو گەلی بێشێ ناسراوە ! سوپاس بۆ خودا تا نسکۆهێنانی شۆڕش ئەو ئامانجە گڵاوەی نەهاتەدی ! سەرەڕای ئەو هەموو دژواریەی بەسەرماندا هات لە ئاوارەیشدا ئەو هەوێنە خۆشەویستیەی مەزنی ئەیلول لەنێو خەڵکی بەشەرەفی ئەیلولیەکاندا مایەوە ، کە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بەردەوامبونی شۆڕش لەژێر نێوی گوڵاندا
کوڕە جەربەزەکانی گەرمیان ، شنگالیەکان ، کرکوک ، سلێمانی ، هەولێر ، خانەقی جارێکی دیکە پەیرەوی دابونەریتی ئەیلولیان لەسەرتاسەری کوردستاندا پراکتیک کرد ، بەڵام نەیار لەکارە بەدفەڕەکانیدا بەردەوام بوو کە بریتی بوو لە چۆلکردنی زنجیرە سنووری کوردستان لەدواییدا وێرانکردن وخاپوورکردنی ( ٤٥۰۰) گوندی بەپیتوبەرەکەت تاتخوبێک لەنێوان بزاڤی رزگاریخوازی کوردو کۆمەڵگا دروست بکات لەوەیش هەر سەرنەکەوت !
جاری واهەبوو لەرێگای هەندێ ئاست نزمەکان هەوڵیاندەدا زمانوکلتووری لەمێژینەی نەتەوەکەمان پێشێل بکات و دەست تێوەردانی تێدا بکات لەئەنجامدا لەوەیشدا هەر سەرکەوت نەبوو بەڵام بەداخەوە لە روانگە دەغدەغەکردن بە سایکلۆجیەتی تاک لە مەڵبەندە رۆشنبیری وراگەیاندنەکاندا هەوڵیدەدا زمانەکەمان پارچە پارچە بکات بۆیە سەردەمانێک کەنەیتوانی بەرێگای لێژنەیەک زمانەکەمان هەڵوەشێنێ بەدەرچواندنی دوو رۆژنامە( ئاسۆ ، بزاڤ)ئەو هێلە بەرگریە سەرەکیەکەی نێوان بادینان وسۆران بڕوخێنێ بە مانایەکی دیکە بۆ ماوەیەک رۆشنبیرانی ئەو دەڤەرە ئاگای لەو دەڤەریدکە نەبوو ! هەروەکو چۆن ماوەی پەخشی تەلەفزیۆنی کرکوکی لەنێوان کوردی ، عەرەبی ، مەسیحی دابەشکردبوو هەوڵیدا بەڕێژە ماوەی سۆران و بادینانیش هەتک بکات ! تا بۆ ماوەیەک هێندێ ئاستنزم باسیان لە زاراوەی( ئێمەو ئەوان)دەکرد !
ئەوەی مایەی دڵتەنگی ئێمەمانان بوو ئەو ژەهرەسیاسەتەی رژێم لەدوای راپەڕینیش شوێنەواری هەبوو کە لە ئایاری ساڵی (۱۹۹۲) لەکاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا رەنگی دەدایەوە کاتێ ئاستنزمەکانی دوێنێ پڕ بەدەم دروشمی( ئێمەی سۆرانی دەنگ نادەین بە بارزانی یان ئێمەی سۆرانی دەنگ نادەین بە بادینی) لەنێو
کوچەوکۆڵانەکاندا هەڵدەواسی !
زێدەڕۆیی ناکەم لەکاتی شەڕی خۆکوژیدا کارلەکار ترازابوو کۆمەڵگای ئێمەیان گەڕاندەوە زەمانی دڕدۆنگایەتی زەمەنی پاشای کۆر کە لەنێو یەزیدیەکاندا باوبوو بە زارۆکەکانیان دەگووت : بخەوە سۆرا هات !
باشم وەبیرە ئەو دوو دروشمەی سەرەوە چەند کاریگەری لەسەر نەفسیەتی هێژا بارزانی هەبوو ، بۆیە هەموو هەولێکی هێمنانەی ئەنجام دەدا خاوەن ئەو دروشمانانە نەبنە زیوانی نێو کۆمەڵگا ! سوپاس بۆ خودا لەوەیش هەر سەرنەکەوتن
ئێستایش خەڵکانێک هەن بۆ نائارامی وڵات بۆ دانانی زمانی ستاندەر گفتوگۆی لابەلا دەکەن تا لە مەزاجی یەکتربدەین ، بەمانایەکی دیکە نەیار بەهەرشێوەیەک بێت هەوڵدەدات ئەو سەقامگیریەمان بلەرزێنێ ، بۆ خودی خۆم و خەڵکێکی زۆری کوردستان دەگەڵ پارچە پارچەکردنی ئەو زمانە شیرینە نین ، بەڵام بەداخەوە لەنێو خۆمانیشدا خەڵکانێک بێ ئەوەی هەست بەو بۆمبە هەستیارە بکات خۆی لەقەرەی ئەو دابەشکردنە ئێسکگرانە دەکەن ، بۆیە بەو ئومێدەم سەرەتا لەنێو هەوادارانی رێبازی بارزانی نەمردا ئەو خووەبەدە پراکتیک نەکەن ، هیچ نەبێت لە‌م قۆناغە زێدە ناسکەدا